چوارەمین هەڵبژاردن لە ماوەی دوو ساڵدا لە ئیسرائیل به‌ڕێوه‌چوو

نوچه‌نێت

کاژێر حه‌وتی بەیانی بە کاتی ئیسرائیل بنکەکانی دەنگدان دەستیان بە کار کرد. ئەوە چوارەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتەیه‌ لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودایە. چاوەڕوان دەکرێ حیزبی لیکود بە سەرۆکایەتی نتانیاهۆ زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان بە دەست بهێنێت.

بە پێی هەواڵی "دویچە ولە"، ئەمڕۆ سێ شەم ٢٣ی ئادار هاووڵاتیانی ئیسرائیل بۆ چوارەمین جار لە دوو ساڵی ڕابردوودا چوونە پای سندووقەکانی دەنگدان. دەرگاکانی بنکەکانی دەنگدان بە پێی ڕاگەیاندنی پێشوو لە کاژێر هەفتی بەیانییەوە کرانەوە.

بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هیوادارە بە لەبەرچاوگرتنی سەرکەوتنی کابینەکەی لە بواری ڤاکسیناسیۆنی کۆرۆنا و هەروەها گەیشتن بە چەندین ڕێککەوتنی ئاشتیی لەگەڵ چوار وڵاتی عەرەبیدا، سەرکەوتووتر لە ڕابردوو لەم هەڵبژاردنانەدا بێتە دەرەوە.

نتانیاهۆ کە ٧١ ساڵ تەمەنیەتی بۆ ماوەی ١٢ ساڵ دەسەڵاتی ئیسرائیلی بە دەستەوە بووە. بە پێی ڕاپرسییەکان پێشبینی دەکرێ حیزبی لیکود بە سەرۆکایەتی نتانیاهۆ زیاترین ڕێژەی دەنگەکان بە دەست بێنێت.

سەرەڕای ئەوە، ئەگەری بە دەستهێنانی ٦١ کورسی لە پەرلەمانی ١٢٠ کەسی ئیسرائیلدا چاوەڕوان ناکرێت. بەو چەشنە پێویستە نتانیاهۆ بۆ درێژەدان بە چالاکی سیاسیی خۆی وەک سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ حیزبێکی تردا هاوپەیمانێتی پێک بێنێت و ئەوەش تا ڕادەیەک ڕووبەڕووی کێشە و گرفتی دەکاتەوە.

هەرچەندە پێگەی نتانیاهۆ بەهۆی سەرکەوتن لە سیاسەتی دەرەکیدا و سەبارەت بە وڵاتانی عەرەب و هەروەها لە بواری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پەتای کۆرۆنادا بەرز بووەتەوە، بەڵام ڕەخنە لە سیاسەتەکانی و بە تایبەت ئەو پەروەندەیە کە سەبارەت بە گەندەڵی ئابووری ئەو لە ئارادایە دەتوانێ لە هەڵبژاردنەکاندا کاریگەری دابنێت و زیانی لێ بدات.

ڕکابەری سەرەکی نتانیاهۆ لەو هەڵبژاردنانەدا، یەئیر لاپید سەر بە حیزبی لیبرالی "یش عتید"ە کە ئەوەیش ناتوانێ نەیارانی نتانیاهۆ لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا لە بەرەیەکدا کۆ بکاتەوە و ئەگەری پێکهێنانی حکومەتێکی هاوپەیمان بە ڕابەرایەتی لاپید ئیجگار کەمە.

بەو جۆرە، ئەو نیگەرانییە لە ئیسرائیل لە ئارادایە کە هیچ یەک لە حیزبەکانی ئێستای پەرلەمان نەتوانن هاوپەیمانێتییەکی بەردەوام پێک بێنن. ئەوەش دەتوانێ ببێتە هۆی دووبارەبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لەو وڵاتەدا. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین