میلى گوروش.. ئه‌و رێكخراوه‌ى ئه‌ردۆغان پاڵپشتى ده‌كات جارێكى تر ئه‌وروپا نیگه‌ران ده‌كات وەرگێڕان

ئاماده‌كردنى، نوچه‌نێت

له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ى گرژییه‌كانى نێوان ئیمانوێل ماكرۆنى سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نسا و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆكى توركیا، بابه‌تى رێكخراوى "میلى گوروش" ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌، كه‌ رێكخراوێكى ئیسلامى سه‌ربه‌ توركیایه‌ ماوه‌ى 10 ساڵ زیاتره‌ به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێـت توندڕه‌وى له‌ ئه‌وروپا بڵاو ده‌كاته‌وه‌. دوایین جار له‌ دروستكردنى مزگه‌وتێك له‌ فه‌ڕه‌نسا ناوى ئه‌و رێكخراوه‌ ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ماكرۆن ئه‌ردۆغان به‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتووى فه‌ڕه‌نسا تۆمه‌تبار ده‌كات.

جیرالد دارمان وه‌زیری ناوخۆی فه‌ره‌نسا، شاره‌وانی شاری ستراسبۆرگی (رۆژهه‌ڵاتی فه‌ڕه‌نسا)ی به‌ هاوكاردنی ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی له‌سه‌ر خاكی فه‌ره‌نسا تۆمه‌تباركرد، به‌هۆی ده‌ر‌بڕینی ره‌زامه‌ندی بۆ  پێدانی هاوكاری مادی بۆ دروستكردنی مزگه‌وتێك كه‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌كی ئیسلامی سه‌ربه‌ توركیای له‌ پشته‌.

به‌ڵام جان بارسیگیان سه‌رۆكی شا‌ره‌و‌انی ستراسبۆرگ كه‌ له‌ بانگه‌شه‌كارانی پارێزگاری ژینگه‌یه‌ له‌ نامه‌یه‌ك بۆ ئیمانوێل ماكرۆنی سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا ره‌تی كرده‌وه‌ هیچ هۆشدارییه‌كی له‌لایه‌ن ناوه‌نده‌كانی ده‌وڵه‌ت په‌یوه‌ست به‌و مزگه‌وته‌ پێگه‌یشتبێت.

ئه‌و ناكۆكیه‌ له‌وكاته‌وه‌ ده‌ستی پێكرد كه‌ پێوه‌ندیه‌كانی نێوان فه‌ڕه‌نسا و توركیا به‌هۆی هێرشه‌كانی توركیا له‌ مانگی ئۆكتۆبه‌ری 2019 بۆ سه‌ر هێزه‌ كوردییه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی رۆژئاوا ده‌ستی پێكرد.

هه‌روه‌ها سیاسه‌ته‌ فراوانخوازیه‌كانی توركیا له‌ هه‌ر یه‌ك له‌ لیبیا و رۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست ده‌ستی پێكرد ( له‌ مانگی ته‌مووزی 2020 به‌ریه‌ككه‌وتن له‌نێوان توركیا و فه‌ڕه‌نسا روویدا) هه‌روه‌ها ئه‌و سیاسه‌ته‌ی له‌و چه‌ند مانگه‌ی كۆتایی فه‌ڕه‌نسا بۆ نه‌هێشتنی توندڕه‌وی ئیسلامی گرتیه‌ به‌ر بووه‌ هۆی ناكۆكی ئه‌نقه‌ڕه‌ و پاریس.

میلى گوروش له‌ 1969 له‌لایه‌ن 
نه‌جمه‌دین ئه‌ربه‌كان دامه‌زراوه‌

رۆژی دووشه‌ممه‌ى رابردوو‌ ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانی شاری ستراسبورگ ره‌زامه‌ندی سه‌ره‌تایی ده‌ربڕی بۆ پێدانی بڕی 2.5 ملیۆن یۆرۆ بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌و مزگه‌وته‌ی كۆمه‌ڵه‌ی"دیدی نشتیمانی-Milli Görüş"ی ئیسلامی سه‌ربه‌ توركیا له‌گه‌ڕه‌كێكی چینی كرێكاری ئه‌و شاره‌ دروستیان كردووه‌.

به‌گوێره‌ی سه‌رۆكی شاره‌وانی ئه‌و بڕه‌ 10% تێچووی دروستكردنی ئه‌و مزگه‌وته‌یه‌.

رۆژی چوارشه‌ممه‌ وه‌زیری ناوخۆی فه‌ڕه‌نسا گوتی، "ئه‌و هه‌له‌م بۆ ره‌خسا به‌ سه‌رۆكی شاره‌وانی ستراسبۆرگ بڵێم: بچووكترین سوود له‌و كاره‌ نابینین كه‌ هاوتا بێت له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی فه‌ره‌نسا" روونیشی كرده‌وه‌ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌ى سه‌ربه‌‌ توركیا، ویستی واژۆكردنی نه‌بوو له‌سه‌ر په‌یماننامه‌ی به‌هاكانی كۆماری فه‌ڕه‌نسا.

دارمانان گوتیشی، "ئێمه‌ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌مان وا داناوه‌ كه‌ له‌ توانای نییه‌ ببێته‌ به‌شێك له‌و ده‌ستانه‌ی نوێنه‌رایه‌تی ئیسلام ده‌كه‌ن له‌ فه‌ڕه‌نسا".

لێدوانه‌كانی دارمانان له‌ سه‌روبه‌ندنی لێدوانه‌كانی سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا بوو، ده‌رباره‌ی هه‌وڵه‌كانی توركیا بۆ ده‌ستوه‌ردانه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی فه‌ڕه‌نسا له‌ 2022. به‌گوێره‌ی لێدوانی وه‌زیری ناخۆ هه‌وڵی زۆر به‌هێز هه‌یه‌ بۆ ده‌ستوه‌ردانه‌ كاروبارى فه‌ڕه‌نسا له‌ ستراسبۆرگ به‌ تایبه‌ت له‌ لایه‌ن توركیاوه‌.

سه‌رباره‌ت به‌ بوونی به‌ڵگه‌ش گوتی، "چه‌ندین ئاماژه‌مان له‌به‌رده‌سته‌ حكومه‌تی توركیا ده‌یه‌وێت ده‌ستوه‌رداته‌ پرسه‌كانی فه‌ڕه‌نسا، به‌تایبه‌ت له‌ پرسه‌ ئایینیه‌كان". 


ده‌رباره‌ی دروستكردنی ئه‌و مزگه‌وته‌ش سه‌رۆكی شاره‌وانی له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی ئاژانسی "فرانس پرێس" ده‌ڵێ، "دروستكردنی ئه‌و مزگه‌وته‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نزیكه‌ی 10‌ ساڵ پێش ئێستا، دانانی به‌ردی بناغه‌كه‌شی له‌ ساڵی 2017 دانراوه‌ به‌ ئاماده‌بوونی رولان ریس سه‌رۆكی پێشووی شاره‌وانی و جان لۆك ماركس پارێزگاری ئه‌و شاره‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتاران.


هه‌روه‌ها جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ شاره‌وانی به‌ مه‌رج ئه‌و هاوكارییه‌ داراییه‌ی پێی داوه‌، به‌ مه‌رجی پێشكه‌شكردنی پلانێكی هاوكاری روون و تۆكمه‌، هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌یش‌ كرده‌وه‌ كه‌ خاوه‌نی پرۆژه‌ په‌یڕه‌وی له‌ به‌هاكانی كۆماری فه‌ڕه‌نسا ده‌كات. 


ده‌رباره‌ی ده‌ستی ده‌ره‌كیش سه‌رۆكى شاره‌وانى گوتى،  "ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌ په‌یوه‌ندی به‌ ده‌ستوه‌‌ردانی ده‌ره‌كی هه‌بێت له‌ خاكی فه‌ره‌نسا، ئه‌وه‌ كارێكه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ده‌وڵه‌ت و حكومه‌ت، بۆیه‌ ئه‌ركی ده‌وڵه‌ته‌ به‌رپرسیارێتی هه‌ڵبگرێت، به‌شدار بێت له‌و زانیارییانه‌ی لایه‌تی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌ڵبژێردراوی خۆجێی". 

ماڵپه‌ڕه‌ ئه‌وروپییه‌كان: 
ئه‌ردۆغان میلى گوروش بۆ سیخوڕیى به‌كارده‌هێنێ


پرسى دروستكردنى ئه‌و مزگه‌وته‌ دوو رۆژى دواى ئه‌و لێدوانه‌ دێت كه‌ ئیمانوێل ماكرۆنى سه‌رۆكى فڕه‌نسا له‌سه‌ر هه‌واڵه‌كانى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆكى توركیا داویه‌تى و گوتوویه‌تى، "توركیا هه‌وڵ ده‌دات ده‌ست بخاته‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتووى فه‌ڕه‌نسا". ماكرۆن له‌ لێدوانه‌كه‌ى كه‌ رۆژى سێشه‌مى رابردوو بڵاوكرایه‌وه‌، ورده‌كاریى  ئاشكرا نه‌كردووه‌. ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت وه‌ك میدیاكانى فه‌ڕه‌نسا باسى ده‌كه‌ن، توركیا له‌ رێگه‌ى كۆمه‌ڵێك رێكخراوى جۆراوجۆر ده‌یه‌وێ كاریگه‌رى سیاسه‌تى خۆى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان دابنێت.


ئاژانسى دویچه‌فیڵه‌ى ئه‌ڵمانى له‌ راپۆرتێكدا شیكردنه‌وه‌ بۆ لێدوانه‌كه‌ى ماكرۆن ده‌كات كه‌ ده‌ڵێ، "توركیا ده‌یه‌وێ یارى به‌ رای گشتى بكات" ئاژانسه‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌ ده‌ڵێ ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى توركیا هه‌ژموونى هه‌یه‌ به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ى خه‌ڵكى توركى لێیه‌ ئه‌مه‌یش له‌میانه‌ى قوتابخانه‌ و مزگه‌وت و رێكخراوه‌كان ده‌بێت و ته‌نانه‌ت ماكرۆن پێیوایه‌ راگه‌یاندنى توركى لێدوانى ئه‌وى له‌باره‌ى ئیسلامه‌وه‌ شێواندووه‌.


ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت له‌و راپۆرته‌ى "فڕانس پرێس" كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ى له‌ دۆسیه‌ى مزگه‌وته‌كه‌ى فه‌ڕه‌نسا ئاماژه‌ى بۆ كراوه‌، ناوى رێكخراوێك هاتووه‌ كه‌ زیاتر له‌ 10 ساڵه‌ له‌ ئه‌وروپا جێى مشتومڕه‌ ئه‌ویش رێكخراوى میلى گوروشه‌ كه‌ رێكخراوێكى ئیسلامییه‌ و سه‌ربه‌ توركیایه‌ و ئه‌م رێكخراوه‌ له‌لایه‌ن وڵاتانى ئه‌وروپى " به‌ تایبه‌تى له‌ ئه‌ڵمانیا" پێشتریش به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى توندڕه‌وى ناسراوه‌. 


میلى گوروش چییه‌؟

ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى جه‌زیره‌ له‌ راپۆرتێكى كۆندا باس له‌وه‌ ده‌كات كێشه‌ى چالاكییه‌كانى میلى گوروش بۆ ساڵى 2009 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و كاتێك له‌ ئه‌ڵمانیا به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى هزرى توندڕه‌وى تۆمه‌تبار كراوه‌.  راپۆرته‌كه‌ى جه‌زیره‌ ده‌ڵێ، ده‌سته‌ى پاراستنى ده‌ستوور"هه‌واڵگرى ناوخۆى ئه‌ڵمانیا" ساڵانێكه‌ چاودێرى میلى گوروش ده‌كات، ده‌سته‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌ وا پێناسه‌ى ئه‌و رێكخراوه‌ ده‌كات كه‌ رێكخراوێكى ئیسلامى توندڕه‌وه‌ و خاوه‌ن تێڕوانینێكى دژ به‌ دیموكراسى و تێكه‌ڵبوونى جالیه‌ى توركه‌ له‌ ئه‌وروپا و بانگه‌شه‌ بۆ دامه‌زراندنى توركیاى "مه‌زن" ده‌كات. هه‌واڵگرى ئه‌ڵمانیا پێیوایه‌ ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا 29 هه‌زار ئه‌ندامى هه‌یه‌ و 300 مزگه‌وت به‌ڕێوه‌ده‌بات.

هه‌ر جه‌زیره‌ باس له‌وه‌ ده‌كات میلى گوروش له‌لایه‌ن نه‌جمه‌دین ئه‌ربه‌كان سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووترى توركیا دامه‌زراوه‌ و له‌و كاته‌ى كه‌ قوتابى دكتۆرا بووه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا.


به‌گوێره‌ى هه‌ندێك زانیاریى تر دامه‌زراندنى میلى گوروش بۆ كۆتایى شه‌سته‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. 


به‌گوێره‌ى ئه‌و په‌یجانه‌ى له‌ فه‌یسبووك هه‌یانه‌، ئه‌و رێكخراوه‌ خۆیان وا ده‌ناسێنن كه‌ له‌ ساڵى 1969 دامه‌زراون. به‌گوێره‌ى ئه‌و راپۆرتانه‌ى كراون هه‌ندێك جار ئه‌و رێكخراوه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ى ئیخوان موسلمین له‌ ئه‌وروپا هاوكارى یه‌كتر ده‌كه‌ن و جگه‌ له‌ توندڕه‌وی ئیسلامیش به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێن كه‌ بۆ "ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان كارى سیخوڕى ده‌كه‌ن".

میلى گوروش له‌ ئه‌وروپا
له‌گه‌ڵ ئیخوانه‌كان هاوكاریى یه‌كتر ده‌كه‌ن

سه‌نته‌رى ئه‌وروپى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر، به‌ زمانى عه‌ره‌بى بابه‌ته‌كانى بڵاوده‌كاته‌وه‌ و راپۆرتێكى له‌سه‌ر رێكخراوى میلى گوروش بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا پشتى به‌و زانیارییانه‌ به‌ستووه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن په‌یمانگاى هۆدسن بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌ هاتووه‌، كۆمه‌ڵه‌ى ئیسلامى میلى گوروش به‌ كورتكراوه‌ى"ICMG"  ده‌ناسرێت، یه‌كێكه‌ له‌و رێكخراوه‌ ئیسلامییانه‌ى كه‌ گه‌وره‌ترین كاریگه‌رییان له‌ ناو جالیه‌ى تورك له‌ ئه‌وروپا هه‌یه‌ و ژماره‌ى ئه‌ندامه‌كانى ده‌گاته‌ 87 هه‌زار كه‌س و به‌سه‌ر 11 وڵاتى ئه‌وروپى دابه‌ش ده‌بن.

ماڵپه‌ڕى "عه‌ین" له‌ راپۆرتێكدا به‌ كورتى باس له‌و بۆچوونانه‌ ده‌كات كه‌ له‌ رۆژنامه‌ و ناوه‌نده‌كانى توێژینه‌وه‌ له‌سه‌ر گرووپى میلى گوروش هه‌یه‌ و تێیدا هاتووه‌، ئه‌و رێكخراوه‌ بووته‌ یه‌كێك له‌و رێكخراوانه‌ى كه‌ هه‌ژموونى زیاتر ده‌بێت و سه‌ربه‌ ده‌سه‌ڵاتى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانه‌ و ئامرازێكه‌ بۆ توندڕه‌ویى و سیخوڕیكردن.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین