له‌سه‌ر ئۆكرانیا گرژیى ده‌كه‌وێته‌ نێوان رووسیا و ناتۆ

نوچه‌نێت

ڕووسیا هۆشداری بە ڕێکخراوی ناتۆ داوە کە هیچ هێزێک بۆ یارمەتیدان بە ئۆکرانیا ڕەوانە نەکات.

بە پێی هەواڵێکی "بی بی سی"، ئەو هۆشدارەی ڕووسیا دوای بڵاوبوونەوەی چەندین ڕاپۆرت سەبارەت بە کۆبوونەوەی هێزە سەربازییەکانی ڕووسیا لەسەر سنووری ئوکرانیا دێت.

دمیتری پشکۆف وتەبێژی کۆشکی کرێملین وتوویەتی ئەگەر ناتۆ گوێ بە هۆشدارەکەی ڕووسیا نەدات ئەو وڵاتە هەنگاوی تر دەگرێتە بەر.

لەو ماوەی ڕابردوودا چەندین جار هێزەکانی ئۆکرانیا و گرووپە سەربه‌خۆییخوازەکانی لایەنگری ڕووسیا لەم لاو و لەولا تەقەیان لە یەکتری کردووە.

هێزەکانی ئەمریکا لە ئەورووپا بە ئاماژە کردن بە "پەرەسەندنی دوژمنایەتی ڕووسیا" کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشى.

بەرپرسێکی ناتۆ بە هەواڵنێریی ڕۆیته‌رزی وتووە ڕووسیا هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لاواز دەکات و نوێنەرانی ناتۆ ڕۆژی پێنجشەممه‌ بە مەبەستی گفتوگۆ سەبارەت بەو دۆخە دیداریان کردووە.

بە وتەی ئەو بەرپرسە "هاوپەیمانان سەبارەت بە چالاکییە سەربازییە بەرفراوانەکانی ڕووسیا لە دەوروبەر ئۆکرانیا نیگەرانی هاوبەشیان هەیە".

ڤلادێمیر زلنسکی سەرۆک کۆماری ئۆکرانیاش وێرای ڕەخنەگرتن لە ڕووسیا وتوویەتی " مانۆڕە سەربازییەکان و کردەوە جاڕسكه‌ره‌كانى تر لە ناوچە سنوورییەکاندا گەمەی هەمیشەیی ڕووسیا بووە".

ڕۆژی هەینی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە میانەی گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا جەختی لە پشتیوانی هەمەلایەنەی وڵاتەکەی لە سەروەری و یەکپارچەیی ئۆکرانیا لە بەرانبەر "دەستێوەردانە بەردەوامەکانی ڕووسیا لە کریمە و دۆنباس" کردەوە.

هاوکات دیمیتری پشکۆف هێزەکانی ئوکرانیای بەوە تۆمەتبار کردووە کە ڕەفتاری دنەدەرانە لە بەرەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ئەنجام دەدەن و ڕێککەوتنی ئاگربەس پێشێل دەکەن.

دیمیتری کولبا وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا بە بی بی سی وتووە هێزەکانی ڕووسیا لە سنووری ڕۆژهەڵات لە نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا و هەروەها لە کریمە کۆبوونەتەوە.

بە وتەی کولبا هێزەکانی ڕووسیا لە سێ بەرەوە سەرقاڵی کۆبوونەوەن لە حاڵیکدا کە "ئۆکرانیا نایەوێت گرژییەکان بەرز ببنەوە و شەڕ بێتە ئاراوە".


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین