تیمێكی حكومەتی هەرێم بۆ بودجەی گشتی حكومەتی عێراق تەرخان دەكرێت وەرگێڕان

نوچه‌نێت

رۆژنامەی شەرق ئەوسەت ئاشكرای كردووە، بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بڕگە ناكۆكەكانی بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2023 تیمێكی حكومەتی هەرێم هەیە، بە وریایی مامەڵە دەكات و بەرپرسانيش دەڵێن، "وا باشترە لەسەر ئەو بڕگانە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی حكومەتی عێراق رێكبكەون، نەوەك پەنا ببرێتە بەر دادگای فیدڕاڵی".

دوێنێ‌ 21/حوزەیران/2023 د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق واژۆی لەسەر بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2023 كرد، بەمەیش یاسای بودجە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. رۆژنامەی شەرق ئەوسەت لە راپۆرتێكدا باسی لەوە كردووە، كورد نیگەرانییەكی هەیە و دەیەوێ‌ بە وریایی مامەڵە لەگەڵ ئەو بڕگانە بكات، كە لێیان ناڕازییە. 

شەرق ئەوسەت باس لەوە دەكات زانیاری ئەوەی دەستكەوتووە، تیمێكی حكومەت بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو بڕگانە دەكات كە مامەیەی ناكۆكین، هەوڵیش دەدات گۆڕانكارییان تێدا بكات، نیگەرانییەكەیش لەوەیە بە تانەدان لە دادگای فیدڕاڵی لەو مادە و بڕگانە، دەرگەیەك بۆ سكاڵا و تانەكان بكرێتەوە و داخستنی زەحمەت بێت.

بەرپرسێكی كورد كە بە "بەرپرسێكی باڵا" لەلایەن رۆژنامەی شەرق ئەوستەوە وەسف كراوە، باسی لەوە كردووە، ئێستا گفتوگۆ لەنێوان هەردوو لا هەیە بۆ چارەسەركردنی یاسای ئەو مادانە بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە ناردنی راستەوخۆی پارە بۆ سلێمانی هەیە، بەرپرسەكە گوتویەتی، “هەندێك لە بڕگەكانی بودجە پێچەوانەی دەستوورن بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە دەسەڵاتە فیدڕاڵییەكانی حكومەتی هەرێمەوە هەیە، بۆیە لەوانەیە چارەسەری كۆتایی لەلای هەرێم ئەوە بێت تانە لە بودجەكە بدات، ئەگەرهاتوو بودجە بەو شێوازەی ئێستا جێبەجێ كرا”.

شەرق ئەوسەت: كورد نیگەرانییەكی هەیە و دەیەوێ‌ بە وریایی مامەڵە لەگەڵ ئەو بڕگانە بكات كە لێیان ناڕازییە

دواتریش هەمان بەرپرس روونی كردووەتەوە كە ئەگەر تانە لە بودجە بدرێت، ئەوا بودجەكە ناوەستێت، بەڵكو تەنیا جێبەجێكردنی ئەو بڕگانە كە تانەیان لێدراوە، سنووردار دەكرێت. بەرپرسەكە دووپاتی لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە وا باشترە مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و محەمەد سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كێشەكان یەكلایی بكەنەوە.

سەرچاوەكە دەڵێ، "ناكۆكی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكرێت بە رێگەیەك بێت كە نەچێتە دادگای فیدڕاڵی" بەرپرسە كوردییەكەیش دەڵێ‌، "لێكتێگەیشتنی نێوان سەرۆكی حكومەتی عێراق و سەرۆكی حكومەتی هەرێم، باشە و بەردەوامە و دەكرێت بگەنە شێوازێكی چارەسەری".

چاودێرانی سیاسی و شارەزایانی یاسایی لە چەند رۆژی رابردوودا دووپاتیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە، لە مەسەلەی تانەكان لە دادگای فیدڕاڵی، ئەوا دادگا لایەنگری حكومەتی عێراق دەكات بە پاشاوی ئەوەی نایاەوێ‌ باری حكومەت قوڕستر بێت. سەرچاوەیەكی دادوەریش بە شەرق ئەوسەتی راگەیاندووە، "دادگای فیدراڵی لە تانەكان رەچاوی ئەوە دەكات باری دارایی حكومەت زیاتر قوڕسن نەبێت".

دوێنی سەبهان مەلا جیاد راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری سیاسی لە راگەیێندراوێكدا باسی لەوە كردبوو، هیچ ناكۆكییەك لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق نەماوە و  دووپاتیشی كردووەتەوە كە حكومەتی عێراق هیچ تانەیەك لە یاسای بودجەی گشتی نادات.

بودجەی گشتی عێراق بۆ ئەمساڵ بڕەكەی 199 ترلیۆن دینارە و لە 12ی ئەم مانگە لە پەرلەمانی عێراق پەسند كرا. حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چەند بڕگەیەكی بودجەكە ناڕازییە و بە پێچەوانەی ئەو رێككەوتنە فەرمییەی دەزانێ‌ كە لەسەرەتای مانگی نیسانی رابردوو لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی عێراق واژۆ كرا. ئەمڕۆ نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایگەیاند، پشكی هەرێمی كوردستان بەگوێرەی هەندێك پێوەر 12.67% نابێت و بەڵكو تەنیا لە 11% دەبێت.

ئەو پەرلەمانتارە كوردە باسی لەوەیش كرد “12.67% لە كۆی گشتی بودجە كە 199 ترلیۆن دینارە دیاری ناكرێت، بەڵكو دوای كەمكردنەوەی خەرجی سیادی دەبێت كە ئەو كات دەگاتە 117 ترلیۆن دینار بۆیە پشكی هەرێمی كوردستان تەنیا 15ترلیۆن و 700 ملیار دەبێت و لە بودجەی حاكمەیش پشكی هەرێمی ترلیۆنێك و  300 ملیار دینار دەبێت”.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین