کچێکی ئێزدی: تا ئێستا رۆژە سەختەکانمان تەواونەبوون دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت-ئافرەتان

ئێمە رۆژە سەختەکانمان تەواونەبوون، تا ئێستاش لە ژیانی ئاوارەییدا دەژین و کەسوکارمان لە دەستی داعش رزگاریان نەبووە. وێڕای ئەوانەی کە لە دەستماندان و کوژران.

ئەوە قسەی کچێکی تەمەن سیوپێنج ساڵی ئێزدییە. رەخنە لەوە دەگرێت کە تا ئێستا ژیان لە شنگال ئاسایی نەبووەتەوەو مۆتەکاکانی داعشیش یەخەی بەرنەداون.

لاڤین ئەو کچەیە کە لە ڕێکەوتی(٣-٨-٢٠١٤) کاتێک ویستوویانە لەگەڵ خێزانەکەی بچن بۆ چیای شنگال لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دەستگیرکراون. ئەو ماوەی ساڵێک لە دەستی چەکدارانی داعشدا بووە کڕێن و فرۆشتنیان پێوەکردووە. کاتێک قسەدەکات لە جیاتی ترس بێهیوایی بە روخسارییەوە دیارە.

لاڤین دوای رزگارکردنی لە چادرگەیەک کە بۆ ئاوارە ئێزدییەکان دروستکراوە لە زاخۆ ژیاوە. دەڵێت" لە ماوەی یەکساڵدا چوارجار فرۆشرام، ئەو ساڵە وەکو کابوسە و بە قەد بیست ساڵ تەمەنی بردین. ئێمە هێشتا لەو تەنگژەیەدا دەژین چونکە ژیانمان ئارامی و ئاسایشی تێدانییە".

لاڤی کاتێک دەستگیرکراوە دووکچی ئامۆزایی و براژنێکی لەگەڵدابووە لە زیندانەکە، بەڵام دوای ئەوەی ئافرەتەکانیان بە پێی تەمەن جیاکردووەتەوە تەنیا ئەو و ئامۆزایەکی بەیەکەوە ماون" ئێمە کە دەستگیراکراین سەرەتا بە پیکەبێک بردیانین بۆ بینای ناسنامە لەوێ کردیانینە هۆڵێک زۆر گەرم بوو. دوای شەوێک مانەوە لەوێ، ئافرەتانی هاوسەردار و کچانی سەروو هەژدە ساڵ و کچانی خوار هەژدەساڵیان جیاکردەوە".

ئەو کچە نۆ کەس لە براو باوک و کەسوکاری لە لایەن چەکدارانی داعشەوە کوژراون. پێنج لە ئافرەتانی خێزانەکەی لە لایەن داعشەوە دەستگیرا کراون و کڕێن و فرۆشتنیان پێوەکراوە. 

لاڤین پێیوایە" ئێستا قەزیەی ئێزدییەکان بۆ مەرامی سیاسی بەکاردەهێنرێت، لەبەرئەوەشە کەس بۆی گرنگ نییە ئایا ژیانی ئێزدییەکان ئاسایی بووەتەوە یاننا، لەگەڵ ئەوەی ئێمە تا ئێستا لە کابوسی سەردەمی داعشدا دەژین".

دکتۆرە نەشمیل حەیدەر، پسپۆڕی دەروونی سەبارەت بە ژیانی ئێزدییەکان بەهۆی ئەو کارەساتەی بەسەریان هات دەڵێت" من لە ساڵی ٢١٥ ماوەیەکی زۆر بە خۆبەخش ئەو خوشک و برا ئێزدییانەم دەبینی کە لە دەستی داعش رزگاردەکران، بە راستی تووشی کارەسات بوون پێویستییان بە سەپۆرتکردنی زۆرە تا بتوانن ژیانیان ئاسایی ببێتەوە".

بەپێی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە ژێر دەسەڵاتی داعش، 6417 کوردی ئێزدی لە لایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندراون. لەو ژمارەیە 3548 کەسیان لە رەگەزی مێ و 2869 کەسیان لە رەگەزی نێر بوون.

تا ئێستا 3570 کەسیان لە لایەن نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی کە لەلایەن نووسینگەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بۆ رزگارکردنی کوردانی ئێزدی دامەزرێنراوە، رزگارکراون، کە لەو ژمارەیە 1208 ژن، 339 پیاو، 1066 منداڵی کچ و 957 منداڵی کوڕن.هەروەها ٥٠٠٠هەزار کەس شەهیدکراون.

دکتۆرە نەشمیل پێیوایە" پێویستبوو ئەو کەسانەو کەسوکاریشیان، لە وەرگرتنی چارەسەری دەروونی بەردەوام بوونایەو بۆ ئەم مەبەستە هاوکاری کرابوان، چونکە ئەوان تووشی جۆرەها نەخۆشی و زەبروزەنگ و تۆقین بوون، هەموو جۆرە ترس و ئەشکەنجەیەکیان لەسەر تاقیکراوەتەوە".

ئەو دکتۆرە دەروونییە، رایوایە کاریگەری کردەوەی دڕندانەی چەکدارانی داعش بۆ نەوەیەکی تریش دەمێنێتەوە" ئەو کردەوە دڕندانەی لەلایەن داعشەوە بەرامبەر بە ئێزدییەکان کراوە، کاریگەری لەسەر نەوەی داهاتووش دەمێنێ، چونکە کاریگەرییە دەروونییەکان راستەوخۆو ناراستەوخۆن. بۆیە بۆ نەوەی داهاتووش کاریگەرییە ناڕاستەوخۆکان دەمێنن. لەگەڵ ئەوەی بەشێکی زۆریان سەرەڕای زەبرە دەروونی و جەستەییەکان، تا ئێستا لە نەهامەتیدا دەژین".

لە بارەی مامەڵەی کەسوکاریان لاڤین دەگێڕێتەوە" ئەو ئافرەتانەی کە لەژێردەسەڵاتی داعش رزگارکراین، هەر زوو لە لایەن بابەشێخەوە بڕیاردرا کە بەڕێزەوە پێشوازیمان لێبکرێت، بەڵام کارەسات ئەوەبوو هەندێک لە ئافرەتەکان سکیان پڕکراو هەندێکیش منداڵیان بوو. تا ئێستا ئەو کێشەیەکی گەورەیە کە ئێمە نە دەتوانین منداڵەکان فڕێبدەین نە دەتوانین بمانەوێت و منداڵی ئەو دڕندانە بەخێوبکەین". 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین