ئايا سەردانى وەزيرى دەرەوەى توركيا بۆ عێراق ناكۆكييەكانى نێوان ئەو دوو وڵاتە چارەسەر دەكات؟ شیکاری

نوچەنێت

وەرگێڕانى: ئيسماعيل تەها

هاكان فيدان، وەزيرى دەرەوەى توركيا سەردانى عێراقى كرد، لە ميانەى ئەو سەردانەى چەند ديدارێكى تايبەتى ئەنجام دا، ئەوەش وەك رێگەخۆشكردنێك بۆ سەردانە چاوەڕوانكراوەكەى رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارى توركيا بۆ عێراق، كە لە ماوەى رابردووش سەردانى سێ وڵاتى ديكەى ئەو ناوچەيەى كرد بوو.

وەزارەتى دەرەوەى توركيا بڵاوى كردەوە، هاكان فيدان لە رۆژانى (22 و 24)ى ئاب لە عێراق دەبێت، لەگەڵ بەرپرسانى عێراق گفتوگۆ لەسەر هەموو بوارەكانى نێوانيان رووداوەكانى ئێستاى ناوچەكە و جيهان دەكەن.
لە سايەى ئەو ئاڵۆزييەى ئێستا هەيە ئەو سەردانە بايەخى تايبەتى لەسەر چەند پرسێك هەيە كە پەيوەستە بە ئۆپراسيۆنەكانى توركيا لە سنوورەكانى باكوورى عێراق دژ بە پارتى كرێكاران كە عێراق ئەو ئۆپراسيۆنانە بە پێشێلكارى سەروەرى خۆى دەزانێت، جگە لەوەش يەكێكى تر لە كێشەكانى نێوانيان قەيرانى ئاوى نێوان هەردوو وڵاتە، لە پاڵ ئەو كێشانە دۆسيەى هەناردەى نەوتى هەرێم لە رێگەى بەندەرى جيهانى توركى يەكێكى ديكەيە لە كێشەكانى نێوانيان.
هاكان فيدان چەند ديدارێكى چڕى لەگەڵ عەبدولەتيف رەشيد، سەرۆك كۆمارى عێراق و محەمەد شياع سوودانى، سەرۆك وەزيرانى عێراق و محەمەد حەلبووسى، سەرۆكى پەرلەمان و عەمار حەكيم، سەرۆكى رەوتى حيكمەى نيشتيمانى و نوورى ماليكى سەرۆكى دەوڵەتى ياسا و فاڵح فەياز سەرۆكى دەستەى حەشدى شەعبى و ساب عەباسى، وەزيرى بەرگرى كۆبۆوە، لە هەولێريش لەگەڵ بەرپرسانى هەرێم كۆدەبێتەوە.  
بيلگاى دۆمان، رێكخەرى پەيوەندييەكانى عێراق لە ناوەندى توركى بۆ لێكۆڵينەوەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست (ئۆرسام) سەبارەت بە سەردانەكەى هاكان فيدان باس لەوە دەكات، ئەو سەردانە بايەخى گەورەى هەيە، لەدواى پێهێنانى حكومەتى نوێى عێراق بە سەرۆكايەتى محەمەد شياع سوودانى، چاوەڕوان دەكرێت سەردانى هەريەك لە رەجەب تەيب ئەردۆغان و عومەر بولات، وەزيرى دەرەوەى توركياى بەدواوە دابێت. 

دومان باس لەوەش دەكات، دۆسيەى عێراق بۆ فيدان دۆسيەكى نوێ نييە، فيدان كەسايەتييەكى بيۆكراتييە، لە ماوەى سەرۆكايەتى دەزگاى هەواڵگرى توركيا (ميت) گرنگى بە نزيكبوونەوە لە عێراق دەدا، بۆ نەهێشتنى بەربەستى بەردەم پرسەكان سەردانى زۆربەى وڵاتانى كردووە، پەيوەندى بەهێزى لەگەڵ بڕياربەدەستانى  ئەو وڵاتانە هەيە.
ئەو لێكۆڵەرە باسى لەوەش دەكات ئەو پەيوەنديانەى هاكان بە عێراق، فاكتەرێكى گرنگە لە هەنگاوەكانى و دەستكەوتەكانى كە لە سێ ساڵى رابردوو بەدەستى هێناوە، بەتايبەت شەڕكردن لە دژى پارتى كرێكارانى كوردستان. 
پرسە هەڵپەسێردراوەكانى نێوان هەردوو وڵات بووە بە بەربەست بۆ گەيشتن لە خواستەكانى پەيوەندييەكانى نێوان هەردوو وڵات كە بە درێژايى (378) كيلۆمەتر هاوبەشن.

گرێكوێرەى پارتى كرێكارانى كوردستان

توركيا پێى وايە هەنگاوەكانى عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەى پەكەكە بەس نييە، سەبارەت بە ئەنقەرە پرسى سەرەكى لە پەيوەندييەكان لەگەڵ بەغدا كۆتاييهێنانە بە چالاكييە چەكدارييەكانى ئەو رێكخراوە. 
بەهۆى چالاكييەكانى پارتى كرێكاران لە سلێمانى، توركيا گەشتە ئاسمانييەكانى راگرتووە و ئاسمانى وڵاتەكەى بەڕووى ئەو شارە داخستووە. 
ئەو لێكۆڵەرە باس لەوەش دەكات ئەگەر سەيرى لايەنى عێراقى بكرێت، ئەستەمە بتواندرێت باس لەوە بكرێت لايەنى عێراق بە هەمان ئاست بەشدارن لە تێڕوانينە ئەمنييەكانى توركيا، كاتێكيش باس لە ژمارەيەك بەرپرسى عێراقى دەكرێت، ئەوان دەڵێن، پەكەكە پارتێكى تيرۆرستە و هەڕەشەيە بۆ سەر عێراق، بەڵام ئەوە رەنگدانەوەى لەسەر ئەرزى واقيع نييە، چونكە بەغدا تا ئێستا بە فەرمى پەكەكەى وەك پارتێكى تيرۆرست نەناساندووە. 

هاكان لە ميانى كۆنگرە رۆژنامەوانيەكەى لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزيرى دەرەوەى عێراق هيواى خواست عێراق بە فەرمى پەكەكە وەك پارتێكى تيرۆرست بناسێنێت، سەبارەت بەوەش گوتى، بە گوێرەى پرەنسيپى دۆستايەتى و برايەتى لەگەڵ (عێراق) چاوەڕوانين بە فەرمى پەكەكە وەك رێكخراوێكى تيرۆرستى بناسێنێت و رێگە نەدات ببێتە تێكدانى پەيوەندييەكانى نێوان هەردوو وڵات.
لە بەشێكى ترى قسەكان وەزيرى دەرەوەى توركيا جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، پەيوەندييەكان لەگەڵ عێراقى دراوسێ لەو پرسانەيە توركيا بايەخى سەرەكى لە سياسەتى دەرەوە پێ دەدات، يەكپارچەيى خاكى عێراق و سەروەريى سياسى گرنگترين ئەولەويەتى سياسەتى دەرەوەى توركيايە.
دەربارەى هەنگاوەكانى عێراق لە قۆناغى سوودانى، دەومان دەڵێت، هەندێك هەنگاونراوە، يەكەى پاسەوانى سنوور درووست بوو، دەستكرا بە بڵاوكردنەوەى ئەو يەكانە لە سنوورەكانى توركيا و ئێران، لە هەمان كات هەوڵى كۆنتڕۆڵكردنى كەمپى مەخموور درا، كە بووە بە بنكەيەكى گرنگى پەكەكە، هەروەها سنوورێك بۆ چالاكييەكانى ئەو گرووپەى پەيوەست بە پەكەكە لە شنگال داندرا، بەڵام ئەو هەنگاوانە بۆ توركيا بەس نين، چونكە توركيا چاوەڕوانى هەنگاوى كارا و چالاكتر دەكات.
حكومەتى عێراق هەوڵدەدات ئەو پرسە وەك كارتێك لە شوێنێكى تر دژ بە توركيا بەكار بهێنێت، پێى وايە پەكەكە مەترسى نييە بۆسەرەخۆى بەتايبەت چالاكييەكانى لە بەشى هەرێمى كوردستان بە هەڕەشە نابينێت، بۆيە رێككەوتنى ئەو دوو وڵاتە لە ماوەيەكى نزيك لەسەر پرسى پەكەكە بەدوور دەزاندرێت.

قەيرانى ئاو لەنێوان توركيا و عێراق

دۆسيەى ئاو و بەنداوەكانى سەر رووبارى ديجلە و فوڕات، كە لە توركياوە دەڕژێنە ناو خاكى عێراق، بابەتێكى هەستيارى نێوان ئەو دوو وڵاتە دراوسێيەيە، دابەزينى ئاوى ئەو دوو رووبارە دڵەڕاوكێى لاى عێراق درووستكردووە، توركيا بايەخ بە بەردانەوەى ئاو لەو دوو رووبارە بە شێوەيەكى رێكخراو دەدات، ئەوەش بەهۆى درووستكردنى بەنداوەكانە لەسەر ئەو دوو رووبارە. 
عێراقييەكان دەيانەوێت قەيرانى ئاو بخەنە ئەستۆى توركيا، لەگەڵ ئەوەش توركيا هەنگاوى كردەيى سەبارەت بە دابەشكردنى ئاو بەشێوەيەكى دادپەروەرانە گرتۆتەبەر. 
لە مانگى شوباتى ئەمساڵ سەرۆك وەزيرانى عێراق سەردانى توركياى كرد، لەو سەردانە ئەردۆغان بەڵێنى دا لە ماوەى مانگێك پشكى ئاوى عێراق زياتر بكات، ميكانزمێكى جياواز بدۆزرێتەوە بۆ چارەسەكردنى ئەو كێشەيە.

بەڵام دەومان پێى وايە، گرووپەكانى نزيك لە ئێران پرسى ئاو وەك فشار بۆسەر توركيا بەكاردەهێنن، ياخود وەك زيانگەياندنى بە پێگەى توركيا لە عێراق بەكاردەهێنن.
گرێكوێرەى رەوانەكردنى نەوت

لە (25) مانگى ئادارى ئەمساڵ توركيا رەوانەكردنى نەوتى هەرێمى كوردستانى لەدواى بڕيارى دادگاى سەربە ژوورى بازگانى فەڕەنسا راگرت و داواشى لە ئەنقەرە كرد بڕى يەك مليار و (500) مليۆن دۆلار بدات بە حكومەتى عێراق، بەهۆى ئەوەى لە (2014 بۆ 2018) نەوتى حكومەتى هەرێمى كوردستانى بەشێوەيەكى ناياسايى فرۆشتووە.
سێشەممەى رابردوو وەزيرانى نەوتى هەردوو وڵات كۆبوونەوە، بەڵام نەگەيشتنە رێككەوتن بۆ دەستپێكردنەوەى نەوتى هەرێم لە رێگەى بەندەرى جەيهانى توركى.
بەرپرسێكى وەزارەتى نەوتى عێراق رايگەياند، وەزارەتى وزەى توركيا بە كۆمپانياى بازاڕكردنى نەوت (سۆمۆ)ى راگەياندووە، توركيا پێويستى بە لێكۆڵينەوەى زياترە لە بوارى تەكنيكى بۆ دەستپێكردنەوەى نەوت لە رێگەى ئەو هێڵانە.
بەگوێرەى هەڵسەنگاندنەكان لە سايەى ئەو هەموو پرسە ئاڵۆزە و خواستەكانى توركيا بۆ دەستپێكردنەوەى رەوانەكردنى نەوت گەيشتن بە رێككەوتن لەو نزيكانە ئاسان نييە.

حكومەتى ناوەندى لە بەغدا دەيەوێت دەستبەسەر هەموو كۆبەندەكانى پەيوەست بە فرۆشتنى نەوت دابگرێت، لە عێراق دوو هێلى سەرەكى بۆ فرۆشتنى نەوت هەيە، يەكێكيان دەچێتە بەسڕە، ئەوەى تر هێڵى كەركوك ــ جيهانە.
لەگەڵ ئەوەشدا ناكۆكييەكانى نێوان حكومەتى ناوەندى و هەرێمى كوردستان كاريگەرى نەرێنى لەسەر پەيوەندييەكانى توركيا لەگەڵ بەغدا و هەرێم هەبووە، عێراق بەهۆى ئەو كێشەيە پارەيەكى زۆرتر لەو قەرەبووەى لە توركياى دەوێت لە دەستداوە. 
ئۆرزۆ يەڵماز، لێكۆڵەرى تورك پێشبينى ئەوە دەكات كێشەى رەوانەكردنى نەوت سەر لەنوێ چارەسەر كرايەوە.

ئەو لێكۆڵەرە روونى دەكاتەوە، ئەنقەرە بە دوو مەرج نەوتى هەرێم لە رێگەى بەندەرى جيهانى توركيا رەوانە دەكاتەوە، يەكەميان بەغدا كۆنتڕۆڵى كەمى مەخموورى پەنابەران لە رێگەى چاودێريەوە كۆنتڕۆڵ بكات، حكومەتى عێراق هەوڵى دا، بەڵام لەوە شكستى هێنا. دووەم، ئەو قەرەبووەى بەگوێرەى دەستەى ناوبژيوانى نێودەوڵەتى لە پاريس داواى دەكات، دەستبەردارى بێت. 

سەرچاوە: عەرەبى 21

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین