دواى كوژرانى پريگۆژين كێ بۆ پۆستى سەرۆكايەتى ڤاگنەر پاڵێوراوە؟ وەرگێڕان

نوچەنێت

وەرگێڕانى: ئيسماعيل تەها

پێش كەوتنەخوارەوەى ئەو فڕۆكەى كۆتايى بە ژيانى يەڤگينى پريگۆژين، سەرۆكى گرووپى ڤاگنەر تێداهات، رۆژنامەى واشنتن پۆستى ئەمەريكى لە راپۆرتێكدا باس لە پيلانى رووسيا بۆ داهاتووى ئەو گرووپە لە قۆناغىى دواى پريگۆژين كردبوو.

رۆژنامەكە ئاماژە بەوە دەكات، كرملين و چەكدارانى ڤاگنەر و گرووپە سەربازييەكان كێبڕكێيانە لەسەر كۆنتڕۆڵكردنى ئەو ئيمپڕاتۆرە دەوڵەمەندى جيهان، بەڵام ئيمپراتۆرێكى ئاڵۆزە چونكە ناواندرێت پريگۆژين بگۆڕدرێت، بەهۆى ئەو تۆڕە ئاڵۆزەى چەكدارەكان و كۆمپانياكانى سامانى ژێر زەويى و راوێژكارى سياسى و چالاكوانى بەلارێدابردن.

بەهۆى ئەوەى ڤاگنەر پەيوەندى لەگەڵ حكومەتەكانى ئەفريقيا هەيە، ئەوەش وايكردووەە ئەو كۆمەڵە بچێتە بەرژەوەندى مۆسكۆ لەو كيشوەرە، زۆربەى جاريش لەژێر هەڕەشەى چەك دەيخەنە خزمەتى وڵاتەكەيان.

دينس كۆرۆتكۆڤ، رۆژنامەنووسى رووسى لە راپۆرتێكدا سەبارەت بە ڤاگنەر دەڵێت، بە درێژايى (10) ساڵى رابردوو هەندێك كەسى لێهاتوو خواستى ئەوەيان هەبوو بچنە ئەو هێڵە و بودجەى ڤاگنەر بەدەست بهێنن، بەڵام هيچ كەسێك وەك پريگۆژين نەبوو، خاوەنى سامانێكى زۆر و لێهاتوويى بێت.

پووتين لەپێش پريگۆژين گفتوگۆى جێگرەوەى دەكرد

يەكێك لەو كەسايەتييە ديارانەى پێش تێكشانى فڕۆكەكە  گفتوگۆى لەسەر دەكرا، وەك جێگرەوەى سەرۆكى ڤاگنەر دەركەوت.

ئەندريە ترۆشێڤ، ئەفسەرێكى باڵاى پێشوو بوو لە وەزارەتى ناوخۆيى رووسى، لە ميانەى جەنگى ئۆكراينا لايەنى پەيوەندى سەرەكى نێوان پريگۆژين و وەزارەتى بەرگرى بوو، ئەو گرووپە لەپاڵ سوپاى رووسيا بەتايبەت لە باخمووت شەڕێكى تونديان كرد، كە بە توندرين جەنگى رۆژهەڵاتى ئەو وڵاتە دادەندرێت.

بەگوێرەى رۆژنامەى واشنتن پۆست ئەندريە بە ديارترين كەسابەتى گشتى لە ڤاگنەر دادەندرێت، لە ناو ئەو فڕۆكەيە نەبوو، كە چوارشەممەى رابردوو كەوتە خوارەوە و بووە مردنى پريگۆژين.

ترۆشێڤ بە يەكێك لە جەنگاوەرە لێهاتووەكانى سوپاى رووسيا دادەندرێت، بەشدارى لە جەنگى ئەفغانستان و شيشان كردووە، بە بنەچە خەڵكى شارى سان پترۆسبۆرگە، كە شوێنى لەدايكبوونى پووتينە، چەند وێنەيەكى لەگەڵ سەرۆكى رووسيا هەيە.

بەگوێرەى بەڵگەنامەيەكى يەكێتى ئەوروپا لە (2021) ترۆشێڤ بە بەڕێوەبەرى جێبەجێكارى گرووپى ڤاگنەر و يەكێك لە ئەندامانى دامەزرێنەرى ناو دەبات، ئەوكاتەش سەرپەرشتيارى راستەوخۆى ئۆپراسيۆنە سەربازييەكانى ئەو گرووپە بووە لە سووريا.

ئەنتۆن مارداسۆڤ، شارەزاى كاروبارى سەربازيى لە ئەنجوومەنى كاروبارى نێودەوڵەتى رووسى دەڵێت، ترۆشێڤ يەكێك دەبێت لە سەركردەكانى ڤاگنەرى نوێ، چونكە ڤاگنەرى كۆن بوونى نييە. 

لەو چەند هەفتەى رابردووش كەناڵە سەربازييەكانى ڤاگنەر لە تێليگرام رايانگەياند، ترۆشێڤ لەو گرووپە دوورخرايەوە، پێيان وابوو لەدواى ياخيبوونە شكستخواردووەكەى دژ بە سوپاى رووسيا لە مانگى حوزەيرانى ئەمساڵ خيانەتى لە پريگۆژين كردووە، هەروەها ترۆشێڤ سووبووە لەسەر رێككەوتن.

سێرگى شيگۆ، وەزيرى بەرگرى رووسيا ماوەيەكى زۆرە هەوڵى كۆنتڕۆڵكردنى ڤاگنەر دەدات، نەيارەكانى لە وەزارەتى بەرگرى لەگەڵ ڤاگنەر پەلەيان لە ياخيبوونە شكستخواردووەكە كرد، سەرەڕاى رێككەوتنى كۆتاييهێنان بە ياخيبوون پريگۆژين بە دوودڵى لە رووسيا مايەوە، كرملين پێشتر جەختى لەسەرەوە كردەوە، لە (29)ى حوزەيران سەرۆكى رووسيا پێشوازى لە شاندێكى ڤاگنەر كردووە. لەو ديدارە پووتين بە ئاماژە خۆشحاڵى خۆى بە ديدارى ترۆشێڤ فەرماندەى ئەو كۆمەڵە دەربڕيووە. 

لەو كۆبوونەوەى دواى ياخيبوونە شكستخواردووەكە، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چارەنووسى ئەو گرووپە، پووتين دەيان سەركردەى ڤاگنەرى كۆكردەوە لەوانە پريگۆژين بوو.

بەگوێرەى پەيامنێرى رۆژنامەى كۆميرسانتى ناوخۆيى لەو كۆبوونەوە سەرۆكى رووسيا دەرفەتى رێككەوتنى لەگەڵ سوپاى وڵاتەكەى خستۆتە بەردەميان و تاوەكوو لەژێر سەركردايەتى سەيدەوى، كە بە ترۆشێڤ بەناوبانگە بەردەوام بن لە جەنگ.

ئەو كاتە پووتين جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، دەكرێت هەموويان لە يەك شوێن كۆبنەوە و لە خزمەت بەردەوام بن، سەبارەت بەوان هيچ شتێك نەگۆڕاوە، هەمان كەس كە ماوەيەكى زۆرە سەركردەيان بووە لە داهاتووش سەركردايەتيان دەكات، بەڵام كاتێك پريگۆژين ئەو پێشنيازەى رەتكردەوە، پۆتين بەوە تۆمەتبارى كرد كە پێچەوانەى خواستى چەكدارەكانيەتيەتى، بانگەشەى ئەوەشى كرد، كە فەرماندەكان بە سەرلەقاندن لەو كۆبوونەوە رەزامەنديان دەربڕيووە. 

هەروەك سەرۆكى رووسى لە وتارى رۆژانى (23 و 24)ى مانگى حوزەيرانى رابردوو لە ميانەى هەڵگەڕانەوەى ئەو گرووپە پريگۆژينى بە ناپاك ناوبرد، تاتيانا ستانۆڤيا، ئەندامى ناوەندى كاريغى رووسيا پێى وايە، پووتين هەوڵى داوە بەبێ بەريەكەوتنى راستەوخۆ لەگەڵ سەرۆكى ڤاگنەر بگاتە رێككەوتن، چونكە سەرۆكى رووسيا ئێستاش پێويستى بە سەركردەيەكە بۆ ئەو گرووپە بۆ ئەوەى پارێزگارى لە گواستنەوەى ئاسايى بكات بۆ ترۆشێڤ و رادەسدەستكردنى چەكە قورسەكانى ڤاگنەر و گواستنەوەىى ئەو هێزە بۆ بيلارووس بەبێ هيچ بەريەككەوتنێك.

ئێستا هيچ پێويستييەك بە پريگۆژين نەماوە

لە چوارشەممەوە دەسەڵاتدارانى رووسيا جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە ئەو فڕۆكە (10) كەسى تێدابووە، يەكێك لەوانە يەڤگينى پريگۆژين بووە، راپۆرتەكان باس لەوە دەكەن تاوەكوو ياخيبوونى مانگى حوزەيران سەرۆكى ڤاگنەر لە كرملين نزيكبووە، بۆيە گومانى ئەوە دەكرێت بە دياريكراوى بە پيلانى سەرۆكى رووسيا ئەو فڕۆكە تێكشكێندرابێت.

دواى كەمتر لە (48) كاتژمێر لە دەرچوونى پريگۆژين لەو هاوكێشەيە، سەرۆكى رووسيا رێڕەسمى سوێندخواردنى بۆ گرووپەكانى دەرەوە دەسەڵات دەركرد، تاوەكوو سوێندى ياسايى بخۆن، وەك هەوڵێك بۆ لە قاڵبدانى چالاكييەكانيان.

ديمترى بيسكۆڤ، گوتەبێژى كۆشكى كرملين رايگەياند، هەندێك قسە لێرە و لەوێ لەسەر كەوتنەخوارەوەىى ئەو فڕۆكە دەكرێت كە بووە هۆى گيانلەدەستدانى سەرنيشينەكانى لەوانەش پريگۆژين، بەڵام ئەو قسانە راست نين.

لەبەشێكى ترى قسەكانى جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، ئێمە زۆرباش دەزانين چ لايەنێك لە رۆژئاوا برەو بەو جۆرە قسانە دەدات، ئێمە بەردەوامين لە لێكۆڵينەوە بۆ گەيشتن بە راستى رووداوەكە.

دواى ياخيبوونى پريگۆژين سەردانى رووسيا و بنكەى نوێى ڤاگنەرى لە بيلارووس و تەنانەت ئەفريقياش كرد، ئەوەشى زۆربەى دەستەبژێرى لە مۆسكۆ تووشى شۆك كرد، ئەوەبوو نيشانەى لاوازيان بە سەرۆكى رووسياوە دەبينى، بەڵام بەهۆى ئەو گەشتانە كرملين كاتى بەدەستهێنا بۆ دووبارە رێكخستنەوەى ريزەكانى و دياريكردنى سەرچاوە داراييەكانى پريگۆژن. 

سەبارەت بەوەش ستانۆڤايا دەڵێت، كرملين تواناى دياريكردنى ئاستى ئامادەسازى سەركردەكانى ڤاگنەرى بۆ چاسەركردنى كێشەكان هەيە، بۆشى دەركەوت پێويستى بە پريگۆژين نييە.

سەرچاوە: حوڕە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین