بەرپرسانی تورك هەڕەشە لە عێراق دەكەن کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

راپۆرتێكی بەریتانی ئاشكرای دەكات كە بەرپرسانی تورك لەوە تووڕەن عێراق سكاڵای لە دادگەی فیدڕاڵی ئەمریكی تۆماركردووە بۆئەوەی توركیا پابەند بكات بە بڕیاری لیژنەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان. ئەوەش ئاشكرا كردووە كە بەرپرسانی تورك هەڕەشە دەكەن و دەڵێن، "عێراق باجەكە دەدات".

ئەمڕۆ یەكشەممە 10ی ئەیلوولی 2023 ماڵپەڕی میدڵ ئیست ئای بەریتانی راپۆرتێكی پڕ وردەكاری لەسەر ئەو داوایە بڵاوكردووەتەوە، كە توركیا لە دادگای فیدڕاڵی ئەمریكا لە دژی عێراق تۆماری كردووە. لە راپۆرتەكە هاتووە عێراق داوای قەرەبووكردنەوەی چوار ساڵ پێشێلكاریی دەكات كە گوایە ئەنقەرە لە نێوان 2014 و 2018 كردوویەتی. كەچیی عێراق نزیكەی 30 ساڵ پێشێلكاریی رێككەوتنەكانی لەگەڵ توركیا كردووە. 

بەگوێرەی راپۆرتەكە لە مانگی نیسانی رابردوو عێراق داواكەی لە دادگا ئەمریكییەكە تۆماركردووە، كەچی بەرپرسانی ئەنقەرەی لەو كارە ئاگادار نەكردووەتەوە، بەم هۆیەوە بەرپرسانی تورك تووڕەن و هەڕەشەی ئەوە لە عێراق دەكەن كە لەم كارەی باجەكەی دەدات. 

جیا لەوەیش پارێزەرانی تورك باسیان لەوە كردووە، بەگوێرەی سكاڵاكە بێت عێراق دوو ملیار و 600 ملیۆن دۆلاری دەست دەكەوێت، كەچی توركیا بەگوێرەی قەرەبووكردنەوەكانی خۆی بێت ئەوا نزیكەی سێ‌ ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری دەست دەكەوێت، لێرەدا بەغدا دەبێت 919 ملیۆن دۆلار بە ئەنقەرە بدات.

لە 25ی ئاداری رابردووەوە، هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بەگوێرەی بڕیاری لیژنەی ناوبژیوانی سەربە ژووری بازرگانی جیهانی لە پاریس وەستاوە، كە ئەمان لیژنە بڕیاریشی داوە ئەنقەرە بە ملیارێك و 400 ملیۆن دۆلار قەرەبووی عێراق بكاتەوە، چونكە بێ‌ رەزامەندی عێراق مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردووە. لەسەرەتای نیسانی 2023  هەرێمی كوردستان و بەغدا لەسەر میكانیزمی هەناردەكردنی نەوت رێكەوتن، كەچی لە هەمان كات بەغدا لە دادگای فیدڕاڵی ئەمریكی داواكاری نووسیوە. راپۆرتەكەی میدڵ ئیست ئای دەڵێ‌، ئەم كارەی عێراق بۆ بەرپرسانی تورك لەناكاو بوو.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین