توركیا : پشكنینی بۆرییە نەوتییەكان تەواو بووە هەناردەی نەوت دەستپێدەكاتەوە کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

ئەلپ ئەرسەلان بایرەقدار وەزیری وزەی توركیا رایگەیاند، پشكنینی ئەو بۆرییە نەوتییانە تەواو بووە كە نەوتی هەرێمی كوردستان دەگوازنەوە، بۆیە بە نزیكانە دەست بە هەناردەكردنی نەوت دەكرێتەوە.

ئەمڕۆ هەینی 15ی ئەیلوولی 2023 بەیرەقدار لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی باسی لەوە كردووە پشكنینی بۆرییە نەوتییەكان تەواو بووە و لیژنەكە خەریكە راپۆرتێك ئامادە دەكات و لە رووی تەكنیكییەوە ئێستا دەتوانرێت نەوت هەناردە بكرێتەوە. وەزیری وزەی توركیا باسی لەوەش كردووە بەو نزیكانە هەناردەی نەوت دەستپێدەكاتەوە.

بەهۆی بڕیارێكی لیژنەی ناوبژیوانی سەربە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس لە 25ی ئاداری ئەمساڵ، لەسەر سكاڵایەكی عێراق، هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا وەستاوە، چونكە بەگوێرەی بڕیارەكە هەرێم ناتوانێ‌ بێ‌ رەزامەندی عێراق نەوت هەناردەی دەرەوە بكات. 

 بەمەش زیانی نزیكەی چوار ملیار دۆلار بەر هەرێمی كوردستان گەیشتووە. هەر چەندە هەرێمی كوردستان و بەغدا لەسەر هەناردنی نەوت رێككەوتوون، كەچی توركیا رێگەی بە هەناردەكردن نەدەدا و كۆمەڵێك بیانووی هەبوو. یەكێك لە بیانووەكان ئەوە بوو بۆرییەكان لە ئەنجامی بوومەلەرزەكەی مانگی شوباتی رابردوو زیانیان بەركەوتووە.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین