پێگەی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکاندا ناوخۆیی

تایبەت بە نوچەنێت:

ئا: سنور یاسین

پێشەکی 

ژیانی مرۆڤەکان لە جیهاندا دەورە دراوە بە مرۆڤەکان، هەندێک لەو مرۆڤانە زۆر نزیکن لێمانەوە، هەندێکیان تەنها دەناسین و مەرج نییە نزیکمان بن، و ئەوانی تر کە زۆرینەن هەرگیز نایانناسین بەهۆی فراوانی جیهانەوە. وڵاتانیش پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکتر جیاوازن، هەندێکیان هاوسنوورن و چەندین پەیوەندی پێکیان دەبەستێتەوە، هەندێکی تریان پەیوەندی هەمەجۆریان هەیە، کە وایکردووە لەڕووى پەیوەندییەوە لەیەکتر نزیک بن. جۆرێکى تریان لە دوورە یەکتر دەناسن تێکەڵبوون و لێكنزیکبوونەوەیەکی ئەوتۆ لە نێوانیاندا نییە. ڕوونە زۆربەی وڵاتان مەبەستییانە پەیوەندی بەهێز و پتەو هەبێت لە نێوانیاندا بۆ ئەوەی گەشە بە وڵاتەکەیان بدەن و لە ئاشتیدا بژین.

سەرەتای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ڕۆژئاوا گەشەی کرد، بە تایبەتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا. پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان "بەشێکی گرنگی سیاسەت بووە و جەختى لە پەیوەندی نێوان وڵاتان لەگەڵ یەکتردا کردۆتەوە".[1] ڕایمۆند ئارۆن، بیرمەندی فەڕەنسی پێیوایە، "پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێناسە کراوە بە پەیوەندییەک لە نێوان وڵاتان و لەڕاستیدا پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ناتوانرێت جیا بکرێتەوە لە دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی تر، چونکە هەماهەنگی کردنە لەگەڵیاندا".[2]

برەودان بە پەیوەندییەکان، هاریکاری، هاوبەشی کارێکی گرنگە، دەکرێت لە پێشینەی کارەکانی وڵاتان بێت، "فراوانکردن و دروستکردنی هەماهەنگی زیاتر بە بەردەوامی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا سروشتێکی ئاسایی هەیە و وڵاتان هەوڵ دەدەن بوونی خۆیان زیاتر و زیاتر بسەلمێنن و پەرە بە پەیوەندییەکانیان بدەن".[3] پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێویستییەکی گرنگە بۆ عێراق، وڵاتانی دراوسێ، و تەواوی ناوچەکە. پێکەوە کارکردنی لایەنە سیاسییەکان لە ناوخۆ، لەگەڵ پێکهاتەکانی تری عێراق بایەخی تایبەتی دەبێت بۆ نیشاندانی سەقامگیری و یەکگرتوویی هەرێمی کوردستان لە ناوخۆ و لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراقدا. 

بەهۆی "هەبوونی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ وڵاتاندا دەتوانرێت هەماهەنگییە ئابووری، بازرگانی، پەیوەندییە سیاسییەکان، و زۆر کەرتی تر بەرەو پێشيوە ببرێت".[4] هەڵوەستە کردن لەسەر زیاتر گرنگیدان بە پەیوەندییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، پێویستە لە پێناو هەبوونی پەیوەندی زیاتر لەگەڵ وڵاتاندا. زۆربەی کات سوودەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەمەلایەنەیە و ئەنجامە باشەکانی بۆ هەردوولا یان زیاتر لە دوو کاراکتەر دەگەرێتەوە.

بۆچی پەیوەندییەکان گرنگن؟

ئایا هیچ بیرمان کردووتەوە لەوەى، ئەگەر پەیوەندییەکان لە نێوان وڵاتاندا بوونیان نەبوایە جیهان چۆن دەبوو؟ هەر وڵاتێک چ میکانیزمێکی دەبوو لە ناوخۆ و لە دەرەوەدا؟ چۆن بەدواداچوون بۆ ناسینی جیهان و فراوانییەکەی دەکرا؟ ئاشکرایە وڵاتان لە پێگەی ئێستایان نەدەبوون و جیهان جۆرێک دەبوو کە زەحمەتە گوزارشتی لێوە بکرێت. پەیوەندییەکان گرنگی و تایبەتی خۆیان هەیە لە نێوان وڵاتاندا. "ڕابردوو سەلماندوویەتی لە کاتی هەبوونی پەیوەدندی بەهێز و دروست وڵاتان ئاسانتر دەتوانن زاڵبن بەسەر کێشەکان"،[5] ئاڵەنگارییەکان زۆربەی کات پەیوەندی و بەرژەوەندی هاوبەش یارمەتیدەریان دەبێت و دەبێتە کۆکەرەوەیان لە ژێر چەترێکدا.

پەیوەندی بەهێز، ڕێگە خۆشکەرە بۆ ئاشتەوایی زیاتر و بەردەوامیدان بەو پەیوەندییانە بۆ ماوەیەکی درێژتر بە تایبەتی لە کاتە سەخت و ناسەقامگیرەکاندا، چونکە دەرفەتێك بۆ وڵاتان دەرەخسێنێت هەست بکەن پاڵپشتی وڵاتانیان هەیە و هەماهەنگی دەکرێن بۆ زاڵبوون بەسەر سەختییەکاندا.

هەرێمی کوردستان و کرانەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەرەوەدا

بەر لە دامەزراندنی کابینەی پێنجەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "پەیوەندی کوردستان بە وڵاتانی دەرەوە لە ئاستی پەیوەندی حکومەتی و دامەزراوەیی نەبوو، هۆکاری ئەوەش بەربەستەکانی حکومەتی بەغدا بوو لەبەردەم کرانەوەی دنیا بە ڕووی کوردستاندا. دوای دامەزراندنی کابینەی پێنجەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی، بەهۆی سیاسەتەکانی ئەو کابینەیە، پەیوەندییەکانی کوردستان لەگەڵ دنیای دەرەوە پێشکەوتنی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی. کابینەی پێنجەم توانی شۆڕشێکی دیپلۆماسی بەرپا بکات و  لەو کاتدا پەیوەندییەکانی هەرێمی لەگەڵ دەرەوەدا لە نەبوونەوە هێنایە بوون".[6] ئێستا و داهاتوو ڕەنگە بتوانن باشتر ببنە دیارخەری هەوڵەکانی ئەوکات بۆ پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە "مانگی (ئەیلوولی 2006) دامەزراوە. ئەرکی سەرەکی ئەو فەرمانگەیە دامەزراندن و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و فەرمانگە بووەتە بەشێکی سەرەکی لە پێکهاتەی حکومەتی هەرێم و بەرپرسیاریەتییەکی گەورەی لەسەر شانە. فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین ئامانجی هەبوو لە گرینگترینیان هاندان و بەرزکردنەوەى ئاستى پەیوەندییە سیاسى و ئابوورییەکانی هه‌رێم لەگەڵ کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتى، بە تایبەتى لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ لە ڕوانگەى پێشخستنی ئاشتى، سەقامگیریی سیاسی، پەرەپێدانى بازرگانی و به‌رژوه‌ندیی هاوبه‌ش".[7]

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە چەندین خزمەتگوزاری جیاواز پێشکەش بە نوێنەرایەتییەکانی لە دەرەوە و کۆنسوڵگەرییە بیانییە جیاوازەکان لە هەرێم دەکات، لە سەرووی هەموویانەوە "پتەوکردنی پەیوەندی دوو لایەنە لە ناوە و دەرەوەدا، ڕێکخستن و دروستکردنی ئەو چالاکییە جۆراوجۆرانەی دەبێتە هۆی بەرەو پێش بردن و فراوان بوونی پێگەی هەرێم لە دەرەوە، و دروستکردن و هەماهەنگی بەردەوام لە ناوخۆ و لەگەڵ عێراق و لە دەرەوەشدا".[8]

دوای دامەزراندنی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە چەندین نوسینگە و کۆنسوڵگەری جیاوازی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کرانەوە و پەرە بە نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێم لە دەرەوە درا. "لە (2009-8-12) فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تا ئێستا (16) وڵاتی جیهان نوێنەرایەتی و کۆنسوڵگەرییان لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە، بڕیاریشە لە داهاتوویەکی نزیکدا چەند وڵاتێکی دیکەش نوێنەرایەتیی خۆیان لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە. جەختیشی لەوە کردبۆوە چەند هۆکارێک بوونەتە پاڵنەر بۆ بوونی ئەو ژمارە زۆرەی کۆنسوڵگەری و نوێنەرایەتیی لە هەرێمی کوردستان بۆ نموونە، ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، کرانەوەی حکومەتی هەرێـی کوردستان بە ڕووی وڵاتانی دەرەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. هەروەها کاروچالاکی بازرگانی، وەبەرهێنان، دەرفەتی کارکردن، و تێگەیشتنی ئەو وڵاتانە لە بارودۆجی هەرێمی کوردستان".[9] ئەمەش دەستکەوت و شانازی، بەهای گرنگ بوون بۆ هەرێمی کوردستان لەو کاتدا.

بەهۆی دامەزراندنی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەسەردەمى کابینەى پێنجەم، وەک یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانی کابینەی پێنجەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت، کە تائێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی چەندین نوێنەرایەتی لە سەرتاسەری جیهان بکاتەوە و ژمارەیەک کۆنسوڵخانەی بیانی بوونیان هەیە لە هەرێمی کوردستان. "حکومەتی هەرێمی کوردستان (14) نوێنەرایەتی لە وڵاتانی جیاوازی جیهاندا هەیە"[10]، هەروەها "(41) کونسوڵگەری، ئاژانس، و نووسینگەی جیاوازی بیانی لە هەرێمی کوردستاندا هەن و بەردەوام لە کارکردنیان".[11] گرنگە جەخت لە ڕەخساندنی ئەو زەمینەیە بکرێتەوە و هەوڵەکانی ڕابردوو بە تایبەت کابینەی پێنجەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە بەرز بنرخێندرێت لەو پرسەدا. 

کابینەی پێنجەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان زەمینەیەکی لە باری ڕەخساندووە بۆ ناساندن و هەماهەنگییە بەردەوامەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەرەوەدا. لە سایەی هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانى، وەک سەرۆکى پێشووترى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ڕابردوو، بەردەوام دەبینین هەرێـمی کوردستان بەشدارییەکی چالاک و کارای هەیە لە کۆنفرانس و کاروچالاکییە دیپلۆماسییەکانی جیهان لە دەرەوەدا،

چەندین سەردانی جیاواز لە لایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی دەرەوە ئەنجام دراوە و ڕێگەی خۆشکردووە بۆ هاتنی چەندین سەرکردەی وڵاتان و ئاڵۆگۆری دیپلۆماسی پڕ بایەخ بۆ هەرێمی کوردستان. بە گوێرەی هەواڵێکیFrance 24 ، "لە (2017-12-2) ئیمانوێل ماکڕۆن، سەرۆکی فەڕەنسا لە کۆشکی ئیلیزێ پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد دوای کۆبوونەوە و لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەرۆکی فەڕەنسا ڕایگەیاند فەڕەنسا هەموو هەوڵێک دەدات لە پێناو پاراستنی یەکگرتوویی و ناساندنی مافی کوردەکان لە ڕێگەی ووتووێژی نوێوە".[12] سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بە سوود و کاریگەر بوو بۆ هەرێمی کوردستان لەو کاتدا و ئەو پێشوازییەی کە لێی کرا بە بایەخەوە سەیرکرا.

ڕۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکاندا

ئاشکرایە سەرۆک نێجیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەردەوام گرنگی بە پەیوەندییەکانى دەرەوە داوە و بەردەوام جەختی لەسەر یەکگرتوویی، هەماهەنگی، برەودان بە پێشکەوتنەکان کردووەتەوە لە ناوخۆ و دەرەوەشدا بەجۆرێک هەندێجار بە ئەندازیارى کرانەوەى هەرێمى کوردستان بەڕووى دەرەوەدا ناوى دەبەن. کاتێک باس لە سەردانەکان بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان، پێشوازیکردن لە سەرۆک و شاندە بیانییەکان، دانیشتنە جیاوازەکان و گفتووگۆکان دەکرێت، ئەستەمە گوێبیستی ناوی یاخود ئامادەیی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی نەبین و نەبینین. زۆربەی کات لە ڕیزی سەرکردەی وڵاتان پێشوازی و هەماهەنگی لەگەل سەرۆکی هەرێم دەکرێت. لە هاتنی شاندە دیپلۆماسییەکان و سەرۆکی وڵاتە بەهێزەکانی دنیا بۆ هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی هەوڵی داوە زۆرترین هەماهەنگی، پێشکەوتن هەبێت، و بەردەوام لە گفتووگۆکاندا لەگەڵیان سیاسەتێکی حەکیمانەی دیپلۆماسی بەکار هێناوە.

دکتۆر ساڵح مەلا عومەر، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕ لە سیاسەتدا دەربارەی ڕۆڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە پەیوەندییەکاندا هەولێر و بەغدا لە (نیسانی 2021)دا دەڵێت، "نێچیرڤان بارزانی توانایەکی زۆر باشی هەیە لە دیپلۆماسییەتکردندا، دیپلۆماسییەتییەکانی پاڵپشتی نێودەوڵەتی دروستکرد، ئەزموونەکی زۆری هەیە و پێشتریش سەرۆک وەزیران بووە دەزانێت چ کێشەیەک لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە وە ئەو کێشانە چۆن چارەسەر دەکرێن".[13] ئەمانەش دەرخەری تێکۆشانەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانن لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکاندا.

پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەرەوەدا بەردەوام لە پێشکەوتندا بووە لە (ئابی2021) سەرۆک نێجیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆکی فەڕەنسا کرد بە گوێرەی هەواڵێکی ئەلمۆنیتەر "جەخت لە بایئەخی سەردانەکە بۆ هەرێمی کوردستان و پالپشتی فەڕەنسا بۆ پرۆسەی دیموکراسی کرایەوە، هەردوو سەرۆکەکە گفتووگۆیان دەربارەی پەیوەندییە دوو لایەنەکانیان کرد".[14]

 سەردانەکەی سەرۆکی فەڕەنسا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە جێگای سەرنجی میدیا جیهانییەکان، ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی بڵاوی کردەوە، سەرۆک نێجیرڤان بارزانی، ڕایگەیاندوو، کە خۆشحاڵ بووە بە پێشوازیکردنی لە هاوڕێی ئیمانوێل ماکڕۆن، سەرۆکی فەرەنسا و "بە گەشبینییەوە دەڕوانێتە پەیوەندییە هەمەلایەنەکانیان".[15] سەردان و گفتووگۆکان لە نێوان سەرۆکی هەرێم و ناوخۆ و دەرەوەدا بەردەوام بووەتە مایەی تێڕامان و بە دەستکەوت و پێشکەوتن وەسف کراوە.

ئەڵمانیا لە "رۆژانى (20-18)ی شوباتی2022 ) بۆ (58)مین کۆنفرانسى میونشنى کرد، کە بە گەورەترین کۆنفرانسی ئاسایشی جیهانی دادەنرێت و تێیدا (35) سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان لەگەڵ (100) وەزیری بەرگری و دەرەوە، سەدان بەرپرس و شارەزای ئەمنی تێیدا بەشداربوون. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێـمی کوردستان بە فەرمی بانگهێشتکرا بوو و بەشداربوو. لە ماوەی سێ ڕۆژی کۆنفرانسەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چەندين سەرۆک و سەرکردە و بەرپرسى باڵای وڵاتان کۆبۆوە لە نێویاندا سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، وەزیری بەرگری تورکیا، سەرۆک وەزیرانی لوبنان، و چەندین کۆبوونەوەی بە بایەخی دیکەی ئەنجامدا. سەرۆکی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دەڵێت، زۆر لام گرنگ بوو نێچیرڤان بارزانی ئامادە بێت لەم کۆنفرانسە"[16]. شایانی باسکردنە بەشداریکردنی سەرۆک لەو کۆنفرانسەدا جێى بایەخی تایبەتی هەبوو و سەرنجی میدیا ناوخۆیی و جیهانییەکان بوو.

لە بەردەوامی سەردانە دیپلۆماسییەکانیدا بۆ دەرەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، ڕۆژى (2023-4-13) لە سەردانێکى فەرمى بۆ ئیتاڵیا و فاتکیان، لەگەڵ هەر یەک لە پاپا فرانسیس پاپاى فاتیکان، سەرۆک وەزیران، وەزیرى دەرەوە و بەرگریى ئیتاڵیا کۆبووەوە. مەتران مار بەشار وەردە، سەرۆکى ئیساقیفەى ئەبرەشى کلدانى لە هەولێر سەبارەت کۆبوونەوەکەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و پاپاى فاتیکان گوتی، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى رۆڵى گرنگى لە پێکەوەژیانى ئایینى لە هەرێمى کوردستان هەبووە و لە سەردەمى کابینەى هەشتەم، کە ئەوکات سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بوو لە (2014) هەموو هاوکارییەکى پێشکەش بە ئاوارە مەسیحییەکان کرد"[17]. هەروەها فرانسیسکۆ سالیسیۆ شیاڤى، لێکۆڵەری ئیتاڵی لە ئینستیتۆى ئیتالیا و شارەزا لە ڕۆژهەڵات ناوەڕاست پێیوایە، سەردانەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ ئیتالیا و کۆبوونەوەى لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى و وەزیرى ئەو وڵاتە و پاپا فرانسیس و ئەمجۆرە دیدارانە وەک دەرفەتێکە بۆ دووبارە جەختکردنەوە لە پابەندبوونى ئیتالیا بە هەرێمى کوردستانەوە. 

هەروەها لێکۆڵەرەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، ئەم سەردانەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان چانسێک بەهەردوولا دەدات کە زیاتر گفتوگۆ لەسەر پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانیان بکەین، وە لە لایەکى ترەوە ئەم کۆبوونەوەیە لە ساتێکى زۆر هەستیار و باشدایە، لەکاتێکدا هەرێمى کوردستان هەوڵدەدات زۆربەى ناکۆکییەکانى چارەسەر بکات لەگەڵ بەغدا و تورکیا سەبارەت بە هەناردەکردنى نەوت، لەم ڕووەوە پێموایە ئیتالیا ڕۆڵێکى کاریگەر ببینێت، چونکە نەوتى هەرێمى کوردستان بەشێکە لەو نەوتەى کە بۆ ئیتالیا دێت، وە ئیتالیا پەیوەندییەکى باشى لەگەڵ هەموو لایەنەکانى ناوچەکە هەیە"[18]. ئاشکرایە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کار دەکات بۆ یەکڕیزی هەرێمی کوردستان و فەراهەم کردنی یەکسانی لە نێوان هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بێگوێدانە جیاوازی ئایینی و وەک چەترێک بووە بۆ کۆکردنەوەی هەمووان.

لە دوایین پێشهاتە دیپلۆماسییەکان ڕۆژی دوو شەممە (11ی ئەیلوولی 2023)، سەرۆکی هەرێمی کوردستان  پێشوازی لە محەمەد کازم ئال سادق، باڵێۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق کرد، بە گوێرەی ڕاگەیێندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، لەکۆبوونەوەکەدا باسى له‌ بایه‌خى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامیى ئێران وه‌ك دراوسێیه‌كى گرنگى هه‌رێمى كوردستان كرد و جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان پابه‌ندى ڕێككه‌وتنى ئه‌منیى نێوان عێراق و ئێرانه‌، هه‌روه‌ها دڵنیایى دا كه‌ هه‌رگیز ڕێگه‌ ناده‌ن هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى ئه‌منى له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ بۆ سه‌ر كۆمارى ئیسلامیى ئێران دروست ببێت.

لە کۆبوونەوەکادا باڵیۆزى كۆمارى ئیسلامیى ئێران له‌ عێراق، جه‌ختى له‌ بایه‌خ و سوودی په‌یوه‌ندییه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینى پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كرد بۆ یارمه‌تى و ئاسانكارییه‌كانى له‌ گواستنه‌وه‌ى زیاره‌تكارانى ئێرانى له‌ یادى عاشوورا و چلەی ماتەمینی ئیمام حسێندا. هەروەها چەند پرسێکی بایەخداری تر لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ کرابوون".[19] ئەو سەردان و پێشوازییە لەو کاتەدا بایەخی تایبەتی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان و ئێران هەیە مێژووی پەیوەندییەکان بۆ ڕابردوو دەگەڕێتەوە.

کۆتایی

دوای زاڵبوون بەسەر کۆت و بەندەکان و کرانەوەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان بە جیهانی دەرەوەدا هەرێمی کوردستان پێگە و ڕۆڵی گەشەی کرد و وەک شۆڕشێک بە جیهاندا بڵاو بووەوە. ناوی پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ کابینەی پێنجەم گرێدراوە و کڕۆکی پەیوەندییەکان دەگەڕێتەوە بۆ دامەزراندن، کار، ئامانج، سیاسەت، و کارکردنی بەردەوامی کابینەی پێنجەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی. لە ماوەی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمیشدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەردەوام ڕۆڵێکی کارای هەبووە لە پەیوەندییەکانی ناوخۆ، عێراق، و لە دەرەوەشدا. هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە هەموو کاتەکاندا و بەتایبەت لە کاتە هەستیار و بڕیارە سەختەکاندا پێیان وایە تەنیا سەرۆکی هەرێمە کە دەتوانێت ساڕێژی برینەکان بکات، دەستپێشخەر و ڕێگە خۆشکەر بێت بۆ کرانەوەی گرێ و ئاڵۆزییەکانی دەزانن.


 [1] - سیاسەتی دەرەکی لەگەڵ چەند نموونەیەک لە سیاسەتی دەرەکی (ئەمریکا، ڕووسیا، ئێران، تورکیا)، نووسینی: د. شەماڵ حسێن، نوسینگەی تەفسیر، هەولێر، ٢٠١٨، لاپەڕە ٣٠٦.

[2] Peter. Sutch. and Elias, Juanita, The Basics: International Relations, Routledge, New York-London, 2007.

 [3] تیۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، نووسینی: کۆمەڵێک نووسەر، و: شەوقی حسێن، مێخەک، تاران،٢٠١٩، لاپەڕە ٢٩١.

[4] Zakaria, Fareed. The post American world, w. w. Norton, New York-London,2008.

[5] John, Angew. “The territorial Tap: The geographical assumptions of International Relations Theory, Review of International Relations. (1994).

[6] متمانە و بونیاتنان کابینەی پێنجەمی حکومەتی  هەرێمی کوردستان، نووسینی: رزگار رەزا، دەزگای نوچە، سلێمانی، ٢٠٢٢، لاپەڕە ٤٥٤.

[7] http://archive.gov.krd/dfr/dfr.gov.krd/p/pa997.html?p=25&l=12&s=010000&r=332

[8] https://gov.krd/dfr-en/services/

[9]  متمانە و بونیاتنان کابینەی پێنجەمی حکومەتی  هەرێمی کوردستان، نووسینی: رزگار رەزا، دەزگای نوچە، سلێمانی، ٢٠٢٢، لاپەڕە ٤٦٨-٤٦٩.

[10] https://gov.krd/dfr-en/krg-representations/

[11] https://gov.krd/dfr-en/foreign-representation/

[12] French President to facilitate dialogue between Iraqi government and Kurds.2017, https://www.france24.com/en/20171202-france-macron-kurdistan-barzani-iraq

[13] د. ساڵح مەلا عومەر: دیپلۆماسیەتى نێچیرڤان بارزانى پاڵپشتى نێودەوڵەتى بۆ کوردستان دروستکرد. نوچەنێت.2021، 

https://www.nuche.net/post-1830.html

[14] Kittleson, Shelly, Macron visits Erbil and Mosul, vows to stay the course against IS. Al-Monitor. 2021, https://www.al-monitor.com/originals/2021/08/macron-visits-erbil-and-mosul-vows-stay-course-against

[15] Asmar, Ahmed. French President meets head of regional Kurdish guv,t in northern Iraq. 2021, https://www.aa.com.tr/en/middle-east/french-president-meets-head-of-regional-kurdish-govt-in-northern-iraq/2349803

[16] سەرۆکی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن: زۆر لام گرنگ بوو نێچیرڤان بارزانی ئامادە بێت لەم کۆنفرانسە. نوچەنێت. 2022، https://www.nuche.net/post-6951.html

[17] مەتران ماربەشار: سەردانەکەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى پەیامێکە کە فاتیکان بەگرنگییەوە لەپەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان دەڕوانێت. نوچەنێت. 2023، https://www.nuche.net/post-13577.html

[18] فرانسیسکۆ سالیسیۆ: سەردانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ ئیتالیا و فاتیکان گرنگییەکى زۆرى هەیە. نوچەنێت.2023، 

https://www.nuche.net/post-13581.html

[19] President Nechirvan Barzani meets with Iranian Ambassador to Iraq. The presidency of the Kurdistan region-Iraq. 2023, https://presidency.gov.krd/en/president-nechirvan-barzani-meets-with-iranian-ambassador-to-iraq/

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین