ئێران: پێویستە ئەمریکا زیاتر لە هه‌زار و 500  گەمارۆ هەڵوەشێنێتەوە

نوچه‌نێت

عەباس عەراقچی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە و دیپلۆماتی باڵای ئەتۆمی ئێران دەڵێت پێویستە ئەمریکا تا شەش هەفتەی داهاتوو کە کات بۆ ڕێککەوتنی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ماوە، زیاتر لە ١٥٠٠ گەمارۆ هەڵوەشێنێتەوە و ئەگەر ئەو کارە نەکات دۆخەکە دژاوارتر دەبێت.

ڕۆژی شەممە ١٠ی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردەوە عەراقچی دەربارەی مۆڵەتی شەش هەفتەیی کە دەکاتە نزیک هەڵبژاردنەکانی ئێران وتی: "بۆ ئێمە زیاتر لەوەی هەڵبژاردنەکان گرنگ بن، ئەوە گرنگە کە ئێمە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕێککەوتنی سێ مانگەمان ئەنجام داوە و ئێستا تەنیا یەک مانگ و نیوی ماوەتەوە".

ئاماژەی عەراقچی بۆ ڕێککەوتنی سێ مانگە و کاتیی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمییە کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە ئێران قەبووڵی کردووە سەرەڕای هەڵپساردنی جێبەجێکردنی پڕۆتۆکۆلی پاشکۆ و کەمکردنەوەی ڕێژەی پشکنینەکانی ئاژانس، مۆڵەت بدات کامێراکانی ئاژانس هەر وەک پێش چالاک بن.

لەدوای سێ مانگ ئەگەر گەمارۆکانی ئەمریکا هەڵوەشانەوە، فیلم و وێنەکانی کاميراکان ڕادەستی پشکێنەرانی ئاژانس دەکرێن و ڕێژەی پشکنینەکان دووبارە زۆر دەبنەوە. بەڵام ئەگەر گەمارۆکان هەڵنەوەشێنەوە فیلم و وێنەکان لەناو دەچن. ئێستا نیوەی ئەو سێ مانگە تەواو بووە تەنیا شەش هەفتەی ماوەتەوە.

عەراقچی وتوویەتی، "ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە کۆتایی پێ بێت، چارەنووسی پڕۆتۆکۆلی پاشکۆ دەبێتە گرفتێکی جدی چونکە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ناتوانێ وەک جاران پشکنین و چاودێری بکات و ئەو کات دۆخێکی تر دێتە ئاراوە. پێم وایە هەموو ئەندامانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە پێویستی دەزانن تا ئەو کات بگەیێنە ڕێککەوتنێک".

لە ئێستادا ئێران و ئەمریکا لە ڤیێنا پایتەختی نەمسا و بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و بە نێوەندگیری یەکێتی ئەورووپا و ئەندامانی تری ڕێککەوتنی ئەتۆمی واتە بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، چین و ڕووسیا سەرقاڵی گفتوگۆ بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانن بە مەبەستی گەڕانەوەی ئێران بۆ ڕێیکەوتنی ئەتۆمی.

لایەنەکان دەڵێن هەندێ پێشکەوتن لە گفتوگۆکانی ئەو دواییانەدا هەبووە و لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا دووبارە دەگەڕێنەوە بۆ ڤیێنا.


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین