ئەمریکا سیستەمێکی نوێى بەرگریى لە بەغدا دامەزراند

نوچه‌نێت

ئەمریکا سیستەمێکی نوێى بەرگریی لە بنکەی ڤیکتۆریا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا دامەزراند.

ڕۆژی هەینی ١٦ی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "میدل ئیست نیوز" بڵاوی کردەوە، سەرچاوە سەربازییە عێراقییەکان گوتوویانە هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی ڤیکتۆریا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، سیستەمێکی بەرگریی نوێیان دامەزراندووە.

ئەوە لە کاتێکدایە دوو ڕۆژ پێش ئەوە، لە ڕێگای درۆن هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر. بنکەیەکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە نزیک ئەو فڕۆکه‌خانەدایە.

میدیاکانی عێراق بە گێڕانەوە لە بەرپرسانی سەربازیی بەغدا ڕایانگەیاند، هۆکاری بیستنی دەنگی تەقەکردن لە بەغدا، چالاککردن و بەکارخستنی ئەو سیستەمە بەرگرییە نوێیە لە بنکەی ڤیکتۆریا و تاقیکردنەوەی بووە.

ئەوە دووەمین سیستەمی بەرگرییە کە ئەمریکا بە مەبەستی پووچەڵکردنەوەی هێرشە مووشەکییەکان دای دەنێت و پێشتریش سیستەمی (سیرام)ی لە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سه‌وز دامەزراند بوو.

هەر لەو بارەوە بەرپرسێکی دەزگای هەواڵگریی عێراق جەختی کردەوە، واشنتۆن عێراقی لە دامەزراندنی ئەو سیستەمی ئاگادار نەکردووەتەوە بەڵام عێراق ناڕەزایەتییەکی لەو بارەوە نییە چونکە هەر دوو وڵات پێشتر چەندین ڕێککەوتنیان سەبارەت بە پرسی دابینکردنی ئاسایش ئیمزا کردووە.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین