کاردانەوەکانی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران وەرگێڕان

نوچە نێت: تایبەت

ئا: سنوور یاسین

پێشەکی

شەوی ڕابردوو ئیسرائیل هێرشی کردە سەر بنکەی سەربازی لە ئێران، ڕایگەیاند، "تۆڵەی هێرشەکانی تارانمان بۆ سەر ئیسرائیل کردەوە"، ڕادیۆی ئیسرائیلیش دەڵێت، "سێ شەپۆلی هێرشەکە تەواو بووە و ئۆپراسیۆنەکە کۆتایی هاتووە".

سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە، "لە وەڵامی چەند مانگێک لەمەوبەری هێرشی بەردەوامی ئێران بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل، هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل هێرشی وردیان کردە سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێران، ئەگەر ئێران هەڵەی دەستپێکردنی زیادکردنی گرژییەکان بکات، ئەوا ئێمە ناچار دەبین وەڵام بدەینەوە".

ئیسرائیل ئاشکرای کرد، بنیامین ناتەنیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و چەند بەرپرسێکی تری ئاسایش لە نزیکەوە چاودێری ئۆپراسیۆنەکەیان کردووە لە ناوەندی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵی سوپا لە تەلئەبیبەوە".

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی، "هێرشەکەی ئیسرائیلی کرد، بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی وەسف کرد"، ڕایگەیاند، "وڵاتەکەمان مافی بەرگریکردن لە خۆی هەیە".

ڕۆژی شەممە (26/تشرینی یەکەم/2024) ئاژانسی هەواڵی (مهیر)ی ئێرانی بڵاویکردەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران جەخت، "لەسەر بەکارهێنانی هەموو توانا ماددی و مەعنەوییەکانی گەلی ئێران دەکاتەوە بۆ بەرگریکردن لە ئاسایش و بەرژەوەندییە گرنگەکانی، سوپاسی وڵاتانی ئاشتیخوازی ناوچەکە و بەشەکانی دیکەی جیهان کرد بۆ ئیدانەکردنی دەستدرێژی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران".

وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتی دەکاتەوە، "بێگومان بەردەوامی داگیرکاری و کردەوەی نایاسایی و تاوانەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە بەتایبەتی جینۆسایدی گەلی فەلەستین و دەستدرێژی بۆ سەر لوبنان کە لە ژێر سێبەری پشتیوانی سەربازی و سیاسی ئەمریکا و هەندێک وڵاتی ڕۆژئاوایی بەردەوامە هۆکاری سەرەکی گرژی و نائارامییە لە ناوچەکەدا".

هەروەها وەزارەتەکە، "داوا لە هەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتانی ئەندام لە پەیماننامەی نەهێشتن و سزادانی تاوانی جینۆساید و وڵاتانی ئەندام لە پەیماننامەی جنێف دەکات کە ڕێوشوێنی بەپەلە و بەکۆمەڵ بگرنەبەر دژی پێشێلکارییە گەورەکانی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان".

هەر سەبارەت بەم پرسە ماڵپەڕی (بی بی سی) بڵاویکردەوە، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر، "ناوەندە سەربازییەکانی ئێران لەلایەن بەرگریی ئاسمانی ئەو وڵاتەوە بە سەرکەوتوویی ڕێگری لێکرا".

دەزگای فڕۆکەوانی ئێران دەڵێت، "گەشتە مەدەنییەکان وەک کاتی دیاریکراو ئەنجام دەدرێن". میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند، "هاتووچۆکردن ئاساییە لە وڵات".

پێشتر چەندین جار بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران باسیان لەوە کردووە، "نایانەوێت بچنە ناو جەنگێکی مەترسیدارەوە".

دوای هێرشەکەی ئیسرائیل ئێران ڕایگەیاند، "بەرگریی ئاسمانی بە سەرکەوتوویی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی ئیسرائیلی کردووە، دوو سەرباز گیانیان لە دەستداوە، هەندێک شوێنیش زیانیان بەرکەوتووە، کاردانەوەی گونجاومان بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل دەبێت".

کاردانەوەی وڵاتان سەبارەت بە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران

ئەمەریکا

سەبارەت بە کاردانەوەی وڵاتان دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و هەڵوێستیان، ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاویکردەوە، بەرپرسانی باڵای ئیدارەی بایدن باسیان لەوە کرد، "هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شوێنە سەربازییەکان لە ئێران وەڵامێکی ئامانجدار و گونجاو بووە بۆ هێرشەکانی پێشووی تاران، کەمکردنەوەی مەترسی زیانگەیاندنە بە هاووڵاتیانی سڤیل، ئەمەریکا هەڵوێستی خۆی بۆ ئێران ڕوون کردووەتەوە.

بەرپرسانی ئەمەریکا دووپاتی دەکەنەوە، "ئەگەر ئێران وەڵام بداتەوە، ئەوان بە تەواوی ئامادەن بۆ بەرگریکردن و پشتیوانی کردن لە ئیسرائیل، دەبێت ململانێکان کۆتاییان بێت، داوا لە ئێران دەکەین هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل ڕابگرێت بۆ ئەوەی ئەم جەنگە کۆتایی بێت بەبێ زیادبوونی ناکۆکی زیاتر".

بەرپرسانی ئەمەریکا دەشڵێن، "وەڵامەکەی ئیسرائیل  مانۆڕێک بوو بۆ بەرگری لە خۆیان، خۆیان بەدوور گرت لە ناوچە قەرەباڵغەکان، جەختیان ئامانجی سەربازی بوو، جەخت دەکەینەوە ئەمەریکا بەشداری ئۆپەراسیۆنەکەی نەکردووە، ئامانجی ئێمە برەودانی دیپلۆماسی و کەمکردنەوەی گرژییەکانە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

پاتریک رایدەر، گوتەبێژی پنتاگۆن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا، "قسەی لەگەڵ یواڤ گالانت،  هاوتا ئیسرائیلییەکەی کردووە، "پابەندبوونی ئەمەریکای بۆ ئاسایشی ئیسرائیل و مافی بەرگریکردن لە خۆی دووپات کردووەتەوە".

حەماس

هەروەها حەماس لە بەیاننامەیەکدا بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکات و دەڵێت، "بە تووندترین شێوە ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیل دەکەین بۆ سەر شوێنە سەربازییەکانی ئێران لە شەوی رابردوودا، ئەو هێرشانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری ئێران و توندوتیژیەکانە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە، ئێران سەرکەوتوو بووە لە پوچەڵکردنەوەی کاریگەری هێرشەکانی ئیسرائیل، پشتیوانی ئێران بۆ گەلی فەلەستین و دۆزی فەلەستین بەرز دەنرخێنین".

بەریتانیا

حکومەتی بەریتانیا ڕایدەگەیێنێت، "تووندوتیژی زیاتر لە بەرژەوەندی کەس نییە". کیەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا گوتی نابێت ئێران وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بداتەوە، ڕوونە کە ئیسرائیل مافی بەرگری لە خۆی هەیە لە دژی دەستدرێژییەکانی ئێران، ئاشکرایە کە پێویستە خۆمان لە گرژی زیاتری ناوچەکە بەدوور بگرین و داوا لە هەموو لایەنەکان بکەین دان بەخۆیاندا بگرن، ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی ناوچەکە".

عێراق

نووسینگەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بایەننامەیەکدا باس لەوە دەکات، "ئیسرائیل بەردەوامە لە سیاسەتەکانی، فراوانکردنی ململانێکان لە ناوچەکە و دەستدرێژی ئاشکرا بەبێ بەربەست بەکاردەهێنێت. ئەمجارە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کردە ئامانجەکانی هێرشەکانی".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "عێراق هەڵوێستی خۆی دووپات دەکاتەوە، داوای ئاگربەست لە غەزە و لوبنان دەکات، بە گرنگەوە دەڕوانێتە هەوڵی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانیکردن لە سەقامگیری لە ناوچەکەدا".

قەتەر

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر دەڵێت، "هێرشەکە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری ئێران و یاسا نێودەوڵەتیەکانە، نیگەرانی قووڵیمان دەردەبڕین سەبارەت بە لێکەوتە مەترسیدارەکانی ئەم گرژییە، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دان بەخۆیاندا بگرن، ناکۆکییەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و ئاشتیانەوە چارەسەر بکەن، خۆیان بەدوور بگرن لە هەر هەنگاوێک کە ببێتە مایەی ناسەقامگیری ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە".

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، "هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بە مەبەستی ئاسایی کردنەوەی گرژییەکان و کۆتایی هێنان بە ئازارەکانی هاووڵاتیانی ناوچەکە، بەتایبەتی لە غەزە و لوبنان".

میسر

وەزارەتی دەرەوەی میسر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "وڵاتەکەمان بە نیگەرانیەکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ زیادبوونی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، دواترینیان هێرشەکەی ئیسرائیل بوو بۆ سەر ئێران لە شەوی ڕابردوودا".

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوی میسرا باس لەوەش کراوە، "میسر جەخت لەسەر هەڵوێستی خۆی دەکاتەوە کە دەبێت ئاگربەست لە کەرتی غەزە بە خێرایی ڕابگەیەندرێت لە چوارچێوەی رێککەوتنێک کە لە ڕێگەیەوە بارمتەکان ئازاد بکرێن چونکە ئەمە تاکە ڕێگەیە بۆ ئاسایی کردنەوەی پێشهاتەکان". 

سعوودیە

لە لایەکی ترەوە، "شانشینی سعودیە ئیدانەی هێرشکردنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد، بە پێشێلکردنی سەروەری و پێشێلکردنی یاسا و نۆرمە نێودەوڵەتیەکان ناوی برد، سعوودیە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دووپات کردەوە لە ڕەتکردنەوەی بەردەوامی گرژییەکان لە ناوچەکە و فراوانبوونی ئەو ململانێیەی کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری وڵاتان و گەلانی ناوچەکە دەکات".

پاکستان

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند، "پاکستان بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات. ئەم هێرشانە ڕێگای ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە تێکدەدەن و هەروەها زیادبوونێکی مەترسیدارە لە ناوچەکەدا".

ئیمارات

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات ڕایگەیاند، "ئیمارات بە توندی ئیدانەی ئامانجی سەربازی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات، نیگەرانی قووڵی وڵاتەکەمان دەردەبڕین سەبارەت بە بەردەوامی گرژییەکان و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە."

دەرئەنجام

گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە (7)ی تشرینی یەکەمی (2023) وە دەستی پێکرد کاتێک چەکدارانی حەماس ههێرشیان کردە سەر ئیسرائیل چونکە ئێران پشتیوانی لە چەکدارانی حەماس  دەکات. ڕۆژی سێشەممە (1/10/2024) ئێران نزیکەی )200( مووشەکy ئاراستەی ئیسرائیل کرد، دواتر بابەتی تۆڵەکردنەوەی ئیسرائیل و میکانیزمی کات و چۆنیەتی بەرپەرچدانەوەکان بوونە تەوەری سەرەکی باسەکانی وڵاتان.

ترسی ئەوەی ئێران و ئەمەریکا بخرێنە ناو جەنگێکی ناوچەییەوە لەگەڵ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا کە لە مانگی ڕابردووەوە زیادیکردووە بووە باسی گەرمی میدیاکان، لە ئێستاشدا بەردەوام باس لە تۆڵەکردنەوەی ئێران بۆ هێرشی شەوی ڕابردووی ئیسرائیل دەکرێت، وڵاتان هۆشداری دەدەن، "لە زیادبوونی ناکۆکییەکانی ناوچەکە، هیواخوازن ئێران خۆی بە دوور بگرێت لە هەر وەڵامدانەوەیەک". 

ئەمڕۆ شەممە (26/10/2024) حەکیم غەیم، بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای پاڵاوتنی نەوتی ئابادان، جەختی لەوە کردەوە، "سەرجەم یەکە و کارمەندانی کۆمپانیاکە بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامن لە کارکردن. کارکردن لە پاڵاوگەکە ئاساییە، ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەینەوە سەبارەت بە هێرشی مووشەکی بۆ سەر کۆمپانیای پاڵاوتنی نەوتی ئابادان و هیچ کێشەیەک لە پاڵاوگەکە نییە".

غەیم ڕوونیشیکردەوە، "ئەو دەنگانەی هاووڵاتیان دەیبیستن دەنگدانەوەی ئاگری بەرگریی ئاسمانی بوون، هیچ مووشەک و گوللەیەک بەرەو پاڵاوگەکە نەهاوێژراون، بۆیە هەموو دامەزراوە نەوتییەکانی ئەم پاڵاوگەیە سەلامەت و چالاکن".

جێگای ئاماژه پیدانە شەوێ ڕابردوو بەهۆی بەرپەرچدانەوەکانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئێرانەوە دەنگی چەندین تەقینەوە لە دەوربەری هەریەکە لە پارێزگاکانی تاران، خوزستان و ئیلام بیستراون، پێشتریش جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا هۆشداری بە ئیسرائیل دابوو، "کەری نەوتی ئێران نەکەنە ئامانجی هێرشەکانیان بۆ سەر ئەم وڵاتە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین