مستەفا چاوڕەش: دەتوانین ئومێد لەسەر کۆبوونەوەکەى سەرۆکایەتیى هەرێم هەڵەچنین میدیا

نوچەنێت:

ئەندامێکى سەرکردایەتیى یەکێتیى نیشتمانى کوردستان، کۆکردنەوەى سەرجەم هێزە سیاسییەکانى کوردستان لە سەرۆکایەتیى هەرێم بە کارێکى باش دەزانى و خۆى دەڵێت، دەستخۆشى لە نێچیرڤان بارزانى دەکەم بۆ ئەو هەنگاوە باشە ناویەتى.

مستەفا چاوڕەش ئەندامێکى سەرکردایەتیى یەکێتیى نیشتمانى کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لە (8-4-2021) لەگەڵ رووداو، کە هاوکات بوو لەگەڵ کۆبوونەوەى لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەیتى هەرێمى کوردستان، دەڵێت، پێویستە هەموو لايەنە سياسيەكانى كوردستان بەبێ جياوازى تەبا و يەكگرتوو بن، دەبێ یەک گوتارى سياسیى يەكگرتوومان هەبێت، ئەوە لەسەر هەموومان پێويستە، كە بە پيرييەوە بچين، كە ئەو كۆبوونەوەيە كۆبوونەوەيەكى باشە، ئەو كۆبوونەوەيە نوێنەرى خەڵكى كوردستانە، جێگەى ئەوەيە ئێمە ئومێدى لەسەر هەڵچنين.

 

دەقى دیمانەى مستەفا چاوڕەش ئەندامى سەرکردایەتیى یەکێتیى نیشتمانى کوردستان:

ــ چاوەڕوێ دەكەن لە كۆبوونەوەى سەرۆكايەتیى هەرێمى كوردستان، نەرمى لە نێوان پارتى ديموكراتى كوردستان و يەكێتى نشتيمانى كوردستان دروست بكات؟

مستەفا چاوڕەش: سەرەتا پيرۆزبايى لەو لايەنانە دەكەين، كە بەشدارن، هەروەها سوپاسى كاك نێچيرڤان دەكەين، كە ئەو هەنگاوە باشەى ناوە، كە ئێستا هەموو لايەنەكان لە كۆبوونەوە دان، پێموايە خەڵكى كوردستان ئەوەى دەوێت، كە لايەنە سياسيەكانى كوردستان بەبێ جياوازى تەبا و برابن، بۆ ئەوەى بتوانين لەگەڵ ئەو هەموو رووداوانەى كە دێتە پێشەوە، كە بەسەرمان دا تێدەپەڕى، هەموومان بەيەكگرتوويى بتوانين گوتارێكى سياسى يەكگرتوومان هەبێت، ئەوە لەسەر هەموومان پێويستە، كە بە پيرييەوە بچين، ئێستاش خۆشبەخاتە بەچاوى خۆمان دەبينين، كە ئەو كۆبوونەوەيە كۆبوونەوەيەكى باشە، ئەو كۆبوونەوەيە نوێنەرى خەڵكى كوردستانە، جێگەى ئەوەيە ئێمە ئومێدى لەسەر هەڵچنين، نەك ئێستا كە ئەو كۆبوونەوەيە تەواو بوو، هەركەسەو  بچێتەوە سەر ميزاجى خۆى، هەموومان بەرپرسين بەرامبەر كوردستان و خوێنى شەهيدان، بەرپرسين بەرامبەر ژيان و گوزەرانى خەڵك.

سەردانەکەى نێچیرڤان بارزانى بۆ فەرەنسا بۆ خۆى نەیکردووە، لە پێناو هەموو خەڵکى کوردستان کردوویەتى.

ئەوەى كە ئێستا دەكرێت، جارێكى تريش ئاواتەخوازم باشترين بڕيارى سياسى تێدا بدەن، يەكێك لەشتە سەرەكيیەكان كە من جەختى لێدەكەمەوە، زۆرجاريش لە هەر كۆڕێك، لە قسەكردنى ناوخەڵك لە تيڤى، دەڵێ، ئێمە هەموومان بەيەكەوە جوانين، دوێنێ من قسەم كرد لەسەر شازدە ساڵەى جەنابى مام جەلال، كە سەرۆككۆمارى عێراق بوو، لە چلەى شەهيدەكان، دەڵێم، ناكرێت ئەو پەرتە وازەييە ناحەزەكانمان لە عێراق چاوييان پێمان هەڵنايە، ئەوان قازانجى لێدەكەن، لەبەر ئەوە يەكڕيزى گەلى كورد گرنگە، وتەيەكى مام جەلال هەيە دەڵێ، ئەگەر يەكێتى و پارتى تەبابن، مام جەلال بەردەوام جەختى دەكردەوە، دەيگوت ئەگەر هەر لايەنێك كێشە و ناكۆكى هەبێت، چارەسەرى ئاسانە، بەڵام نێوانى پارتى و يەكێتى تێك چێت، گەلى كورد قوڕ دەكرێت بەسەريدا، جا ئەوەى ئێستا هەيە فەرموو يەكێتى و پارتى خۆتان لە كۆبوونەوەن، لايەنەكانى تريش بە هەمووتان پشتيوانى يەكترى بن، چارەسەرێكى ئەو دۆخە بكەن، بەرنامەيەكى باش دابنێنن، گەل دڵى پێتان خۆش بێت. 

ــ تۆ بەرپرسيارى هێزەكانى (80)ى پرەنسيپى دەوڵەتى بەهێز، هێزێكى پرۆفيشناڵە، سەرۆكى هەرێمى كوردستان فەرماندەى هێزى پێشمەرگەى كوردستانە، ياساى كوردستان جەخت لەسەر هێزێكى يەكگرتوو دەكاتەوە، بۆچى هێزى پێشمەرگە يەك ناگرێتەوە؟ كەى پارتى و يەكێتى دەگەنە ئەو قەناعەتەى كە هێزەكانيان ببن بەيەك؟ 

مستەفا چاوڕەش: يەكێك لە شتە سەرەكييەكان ئەو سەركردايەتیە سياسيیيە، كە ئێستا لە حزورى جەنابتە پرسيارى لێ دەكەيت، با ئەوانە بڕيارى سياسى بدەن بەڕاشكاوانە قسەى دڵيان بكەن، قسەى زارەكى نەكەن، هێزى پێشمەرگە هى خەڵكى كوردستانە، هى ئەوانەش نييە كە تەنيا لەوێن هى هەموو خەڵك و كەسوكارى شەهيدەكانە. قوربانى زۆر دراوە، ماندوبوونى زۆر كراوە، ئەو هەموو خەڵكە چاوى لەوەيە، لەبەر ئەوە ئێمە هەموو كاتێك ئامادەيين بۆ رێكخستنەوەى هێزى پێشمەرگە، هێزى (70 و 80) ئێستا دەيان كۆبوونەوەمان كردووە لە (2006 و 2007) و ساڵانى دواتر، فەلەك و فەرماندەى ئێمە، ئەو (12) ليوايەمان بۆ كراوە لە وەزارەت، ئەوەى تريش هەر كۆبوونەوە دەكەين، هاوپەيمانانيش فشارمان لێدەكەن، ئەوەتا داوامان لێدەكەن چەند ليوايەك يەكبگرنەوە، ئەوانەمان كردووە، بەڵام من پێموايە بڕيارى سياسى لەسەرووى ئەوەيە، چونكە پێشمەرگە هيچ تاوانێكى نييە، خەڵكى تريش چاوەڕوانى ئەوە دەكەن، ئێمە بتوانين يەك هێزى پێشمەرگەمان هەبێت، يەك وەزارەتمان هەبێت، بۆ جێبەجێكردنەكەى ئێمە ئامادەيين. 

ــ بەبۆچوونى ئێوە سەرۆكى هەرێمى كوردستان لەگەڵ هەردوو جێگرى خۆى، دەتوانن چە بكەن، دەتوانن بۆ يەكگرتنەوەى هێزى پێشمەرگە فشار دروست بكەن؟

مستەفا چاوڕەش: ئێستا بەرنامەيەكيان داناوە، ئێمە ماوەيەكى زۆرە هەر لەگەڵ دەستبەكاربوونى كاك نێچيرڤانەوە كۆبوونەوەيەك كرا، هەموو هێزەكانى (70 و 80) و وەزيرەكان و لايەنەكانى پەيوەنديدار بەشداربوون، جێگرەكانى بەشداربوون، لەوێ كۆبوونەوەمان كردووە، بەرنامەيەكيان داناوە، بەرزكراوەتەوە، ئێمە ئامادەين، ئێمە ئەمرۆش لەكۆبوونەوەى خۆمان لەسەر ئەو نەخشانەى كە دادەنرێت لە بەرژەوەندى خەڵكى كوردستان بێت، داوا دەكەين بەزووترين كات كۆبوونەوەى تر بكرێت، داوادەكەين چۆن ئێستا كۆبوونەوەى هێزە سياسيەكان كراوە، كۆبوونەوەى يەكەى (70 و 80) و وەزارەت و لايەنە پەيوەندارەكان بكرێت، ئەوەى كە پێويستە بيكەين، يارى نەكەين، ئێمە ناحەز و دوژمنمان زۆرە، جەنگى داعش تەواو نەبووە، ئێمە كێشەمان لەگەڵ عێراق هەيە، حەشدى شەعبى لەلايەك، لەو لاوە ئێمە پەرلەمان و سەرۆك كۆمارمان هەيە. ئێمە بەدرێژايى نەخشەى كوردستان بەرامبەرى هێزەكان وەستاوين، شەش جار برادەرانى وەزارەت چووينە بەغدا رێككبەوين، ئامادە نەبوون هەماهەنگيەك بكەن، كارى هاوبەشيش بكەين، ئەوان بەو نەفەسەوە مامەڵە دەكەن، ئينجا لەبەر ئەوە پێويستە خۆمان بەرنامەمان هەبێت بۆ داهاتوو چى بكەين، تا بتوانين زاڵبين بەسەر هەموو ئەو كۆسپانە، لەسەرى هەموو شتێكەوە يەكگرتنى خەڵكى كوردستان و يەكگرتنى لايەنەكانە بەزووترين كات.

ــ ئێوە ئەندامى ئەنجومەنى سەركردايەتیى يەكێتیى نیشتمانى كوردستانن، هەروەها بەرپرسى پێشمەرگە دێرينەكانن، وەك پێشمەرگەيەك بەڕاستى حەزدەكەن هێزى پێشمەرگە ببێتە هێزێكى يەكگرتووى نیشتمانى كوردستان؟

مستەفا چاوەڕەش: هەموو خەڵك ئەوە دەڵێن، بەڵام خۆ بەقسە نابێت، ئێمەش بەقسە دەڵێين هەموو حەزدەكەين يەك شت بێت، پێشمەرگە دێرينەكان، خانەنشينەكانمان، ئێستا لە وەزارەت بەرنامەيەكيان داناوە، لە ئەنجوومەنى وەزيرانيش ناردوويانە، ئێمە ئەمرۆ لەسەر ئەوانە قسەمان دەكرد، هەوڵ بدەين ئەو كێشانە چارەسەر بكەين، دەيان كێشە هەيە، وردە كێشە هەيە، خانەنشين هەيە، كەمئەندام هەيە، هى پلەى هێزەكان هەيە، ئەگەر بكرێت بە يەك خەڵكيش دڵى خۆش دەبێت، لەبەر ئەوە دەبێ هەوڵدەين هەموو ئەو هێزانەى پێشمەرگە دێرينەكان كە هەن كۆبكرێنەوە، هەموو خەڵكى تێكۆشەر و ماندوون، ئەوەى كە خانەنشينيش دەبێت، وەك هێزێكى پشتيوان بۆ خەڵكى كوردستان بمێنێتەوە، هێزێك بێت پشت و پەناى هێزى پێشمەرگە بێ، ئەوانەى كە چوونەتە تەمەنەوە و خانەنشينن.

ــ كێشە چيیە لەبەردەم يەكخستنى هێزى پێشمەرگەى كوردستان؟

مستەفا چاوڕەش: وەڵامدايتەوە، ئینشاءاللە كێشە نابێت، دەبێت هەوڵدەين، وەك باسمكرد لايەنە سياسيەكان ئەوانەى كە ئێستا لەوێن، ئەوانە بەدڵێكى فراوان وەك چۆن ئێستا خەڵك دڵى خۆشە بەو كۆبوونەوەيە، ئاواش بڕيارى سياسى لێبدرێت، چونكە خۆت دەزانى ئەو قسانەى كە دەيكەين قسەى ساف و لووسە، بەڵام لە كۆى گشتى ئەو كێشانەى كە هەيە، لە نێوان يەكێتى و پارتى لە نێوان لايەنەكان، جارى وا هەيە كەس كاغەزى كەس ناخوێنێتەوە، فەرموو سەيرى پەرلەمانى كوردستان بكە، پياو بەزەیى پێدادێتەوە، پەرلەمان بۆ ياسادانە، بۆ دەنگە دەنگ نييە، بۆ ئەو شتانەى كە ڕوويدا بۆ ئەوانە نييە، هەوڵدەين هەموو لايەكمان بە بەرنامەى باش، كێشەكانمان ئەگەر چاكەمان كردبێت، خراپمان كردبێت، سەركەوتن بێت هى هەموومانە، كەمكوڕيش بێت هەموومان كردوومانە، لەبەر ئەوە با بگەڕێينەوە بۆ ئەو رۆژانەى كە راپەڕينمان كرد، بۆ ئەو رۆژانەى كە خەڵكى كوردستان هەموو چەپڵەيان بۆ لێداين، ئێستا گلەيمان لێدەكەن، هەوڵدەين بەرنامەيەكى باش دابنێن، رووسوور بين لەبەردەمى ميللەتەكەمان.

ــ پێشمەرگەى كوردستان رۆڵى بەرچاوى هەبوو لە شەڕى داعش، سەركەوتنەكانى بووە هۆى ئەوەى جيهان پشتيوانى زياتر لە هێزى پێشمەرگەى كوردستان بكات، هێزى پێشمەرگەى بەرگرى لە كوردستان و جيهان كرد، ئەوە دەبێ وا بکات هێزى پێشمەرگە پشتيوانى زياترى جيهان وەربگرێت، بۆچى تا ئێستا هێزى پێشمەرگە يەكناگرنەوە؟

مستەفا چاوڕەش: تۆ جارێ واز لە يەكگرتنەكە بێنە، ئەوە من قسەم لەسەر يەكگرتنەكە كرد، ئێمە ئامادەين ئینشاءالله بەرنامەى باشى بۆ دادەندرێت، بەڵام هێزى هاوپەيمان و وڵاتانى دونيا هەموو لەگەڵمانن، ئێستا چەندين وڵاتى گەورە هەيە كە هاتوون مەشقمان پێ دەكەن، هێزەكانمان رێكدەخەنەوە، لەو ليوايانەى كە سەر بەوەزارەتن سێ مووچەمان پێدان، چالاكى دژى پاشماوەكانى داعش ئەنجام دەدەن لە قەرەچوغ، لە ناوچەى خانەقين هاوكارمانن، بەڵام ئەوەى كە ئەوان داواى دەكەن يەكگرتووبين، زياتريش هاوكاريمان دەكەن، چونكە هێزى پێشمەرگە قوربانى زۆرى داوە.

ــ ئەو وڵاتانە چۆن فشار لە ئێوە دەكەن، رێگەيان چييە؟ 

مستەفا چاوڕەش: فشاريان كردووە، مافى خۆشيانە، ئەگەر فشار بكەن لە بەرژەوەندى ئێمەيە، فشارێك دەكەن، بەيانى دەرۆن بەجێمان دەهێڵن، ئێمە ئەگەر خۆمان لە ئاستى بەرپرسياریێتى نەبين، ئەگەر هەست و مێشكى خۆمان ئامادە نەكەين بۆ ئەوەى ئەو داخوازييانە جێبەجێ بكەين، خۆ هەتايە هەتايە ئەوانە براى باوكمان نين بەجێمان دەهێڵن، پێويستە ئێمە خۆشمان لە ئاستى ئەو بەرپرسياریێتيیە بين، كە ئەو فشارانەى ئەوان لێمان دەكەن، بەرنامەى باشى بۆ دابنێنين، ئەوەش بەستراوەتەوە بەو كۆبوونەوەى ئێستا ئەو برادەرانە سەرقاڵينە لاى كاك نێچيرڤان، ئینشاءالله ئێمە لە داهاتوودا كارێك دەكەين ئەوە بكەوێتە ئەستۆى ئێمە، چونكە خۆت دەزانى ئێمە بەدرێژايى ئەو مەسافە زۆرە پێشمەرگەمان لە سەنگەرە، بەو دۆخە  بێ توانايى و مووچە كەمە، کە پێداويستيەكانى كەمە. (1800) بەس شەهيدمان داوە لە شەى داعش، ئەو بەغدايەى كە تۆ دەیبينى ليواكانى ئێمە دەچوون حەرەستيان بۆ دەگرتن، هيچيان نەبوو، دروستيش بوون و حەشدى شەعبيشيان دروستكرد، هەموو شتێكيان بۆخۆيان كرد، بەڵام تا ئێستا پێويستيیەكانى هێزى پێشمەرگەيان جێبەجێ نەكردووە. 

ــ هاوسەرۆكى يەكێتى، پاڤڵ تاڵەبانى لەو كۆبوونەوەيە ئامادەيە، بۆچوونى پاڤڵ تاڵەبانى لەسەر يەكخستنى هێزى پێشمەرگەى كوردستان چييە؟ 

مستەفا چاوڕەش: ئەوە هاوسەرۆكى يەكێتيیە، لێرەوە من رێزم بۆى هەيە، بۆ ئەويش و بۆ كاك لاهوريش، بۆ هەموو ئەوانەى كە كۆنگرە هەڵيبژاردوون، ئەوانە كەسى سەرەكى هێزەكانى يەكێتیى نشتيمانى كوردستانن، كە لەوێيە چە بڕيارێك بدەن ئێمە ئامادەين بۆ جێبەجێكردنى، شتێك نیيە لاى ئێمە ئەگەر كێشەيەك و گلەيەكيش هەبێت ئەوە هى ناوخۆمان بێت، ئێمە خۆمان ئامادەيين هەمووى جێبەجێ بكەين، ئینشاءالله هيچ شتێك نابێ، بەڵام هەر شتێك بێت ئەوە تايبەتە بەخۆمان، ئەوەشى كە پەيوەندى بە لايەنەكانى ترەوە هەيە، ئەوە كاك پاڤڵ لەوێيە، هەر بڕيارێك بدات، ديارە دێتەوە لە ئەنجوومەنى سەركردايەتیى قسەى لەسەر دەكرێت، لەمەكتەبى سياسى قسەى لەسەر دەكرێت، بەرلەوەش بێتەوە ئێمە هەوڵى ئەو و ئەوبەرێزانەى تريش بەرز دەنرخێنين.

ــ رۆڵى نێچيرڤان بارزانى چیيە لە لێكنزيكردنەوەى لايەنە سياسييەكان و خاوكردنەوەى گرژييەكانى لە هەرێمى كوردستان دا؟ هەڵسانگاندنى ئێوە بۆ رۆڵى نێچيرڤان بارزانى چييە؟

مستەفا چاوڕەش: من يەكەم پرسيار بەوە وەڵام دايتەوە، دەستخۆشيم لێكرد، هەنگاوێكى باشە، كاك نێچيرڤان كەسێكى نامۆ نييە، ئێمە لە رۆژگارەكانى رابردوو ئەوكاتانەى كە جەنابى مام جەلال هەموو جارێ هاتووە بۆلاى جەنابى مام جەلال وەكو برازا و كەس و كارى خۆى مامەڵەى لەگەڵ كردووە، ئێمەش ئێستا لێرە هەر هەنگاوێ بندرێت بۆ تەبايى بۆ سەفەرەكە، بۆ نموونە سەفەرى كردووە بۆ فەڕەنسا، خۆ بۆخۆى نەیكردووە، بۆ هەموو خەڵكى كوردستانى كردووە، لەبەر ئەوە ئێستا ئەو كە لەوێيە، من لێرەوە دەستخۆشى لێدەكەم، هيوادارم بتوانێت لەگەڵ هەموو لايەنەكان ئەو گرژى و قسە بەيەكگوتنەى لە پەيجەكان هەیە كە دروست نییە، با خەڵك لە پەناى ئێمە سوودى لەو شتانە وەرنەگرێت، رۆڵى ئەو و هەموو ئەو بەرێزانەى كە لەوێن بەرز دەرنرخێنم، ئینشاءالله سەركەوتوو دەبێت.

بۆ کۆکردنەوەى لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتى هەرێم دەستخۆشى لە نێچیرڤان بارزانى دەکەم.

ــ بەبۆچوونى ئێوە چ بڕيارێك لەو كۆبوونەوەيە بدرێت، باش دەبێت؟

مستەفا چاوڕەش: ئەوە خۆيان دەزانن، من لێرەوە نازانم چ بڕيارێك دەدەن، بەڵام بڕيارەكان ئەو كۆبوونەوانە بەردەوام بێت، هەوڵبدەن بڕيارى باش بدەن بۆ ژيان و گوزەرانى خەڵك، ئەو مامۆستايانە، ئەو پێشمەرگانە، ئەو كارمەندانە، نەخشەيەك دابنێنن ئەو قسە و قسەڵۆكەى كە دەكرێت فلانيان دەستبەسەر داگرت، فلانيان فرۆشت، نەوتيان فرۆشت راشكاوانە هەمووى سەرفبكرێت، بۆ ميللەت، بۆ كەسوكارى سەربەرزى شەهيدان، يەكێك لە شتەكان هەوڵدەن يەكڕيزى هێزى پێشمەرگەى كوردستان لە سەرووى هەموو شتێكەوەيە، بۆ خزمەتى خەڵك، ئەگەرنا ناحەزانمان دوژمنانمان، خۆت دەزانى زۆر دەوڵەت تەراتێن لەكوردستان دەكات، ئەگەر ئێمە خۆمان بەرنامەى باشمان هەبێت، ئاواتەخوازم كاك نێچيرڤان و هەموو ئەو بەڕێزانەى كە لەوێن ئەو رۆڵەيان هەبێت.

ــ بە بڕواى ئێوە دواى ئەو كۆبوونەوەيە لە نێوان پارتى و يەكێتى، پەيوەندى ئاسايى دەبن، ئەو ساردييەى لە نێوانيان دا هەيە بەتەواوى نامێنێت؟ 

مستەفا چاوڕەش: هەموو شتێك بە شەو و رۆژێك تەواو نابێت، ئەو كۆبوونەوەيە كە ئێستاکە دەكرێت، خۆ جارێكى تريش هەر يەكترييان بينيووە، بەڵام من باسمكرد دەبێت، دڵى خۆت چاك بكەيت، واتە كە دەچيت بێى بزانيت گرێكوێرەكان لەكوێيە، كێشەكان چييە لەوێ دەست پێ بكەيت، كۆمەڵێك شت رووشى دابێت بە هەموو لايەكمان دەتوانین چاكى بكەين، پێشتريش گوتم، ئەگەر چاكەمان كردبێت، هەڵەمان كردبێت، هەموو ئەو قسانەى كە دەكرێت، هەموومان لێى بەرپرسين، بابێين لەسەر مێزى گفتوگۆ يەكێتى و پارتى زوو چارەسەرى بكەن، هەموومان پێوەى پابەند بين، خۆشەويستى بۆ خۆمان و كەس و كارى شەهيدان و خەڵكى كوردستان بگێڕينەوە.

کۆبوونەوەکەى نێچیرڤان بارزانى لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان ئومێدى لەسەر هەڵبچێندرێ

ــ دەمەوێت بزانم پێتان باشە، ماوە ماوە، ئەو كۆبوونەوەيە بكرێت، بۆ كەمكردنەوەى ساردى نێوان هێزە سياسيەكان؟ ئەو كۆبوونەوەى كە ئێستا لە نێوان هێزە سياسيیەكانى هەرێمى كوردستان دەكرێت؟.

مستەفا چاوڕەش: سەد لە سەد، زۆر گرنگە وەك سەرۆكى هەرێم، پێويستە هەموو مەكتەبى سياسى هەموو لايەنەكانى كەلەوێن، ئەوانەشى كە پەيوەنديدارن پێى بەشداربن، بەرنامە دابنێنن، سەردانى بكەن و كۆبوونەوەى تايبەتى لەسەر هەموو ئەوشتانەى رووبەڕووى ئێمە بوويتەوە بكەن، هەموومان بەرپرسيارين بەرامبەر خەڵكى ئەو كوردستانە.

سەرچاوە: رووداو

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە