محەممەد هاودیانى: پێویستە هەموو هێزە سیاسییەکان گوێ لە سەرۆکایەتیى هەرێم بگرن میدیا

نوچەنێت:

لە دیمانەیەکى لەگەڵ رووداو لە (8-4-2021)دا،  محەممەد هاودیانی ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان سەبارەت بە کۆبوونەوەی لایەنەکان لە سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان دەڵێت،  پێویستە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لەنێوان سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان هەبێت، هەرچەندە جیاوازیش لەنێوانمان هەبێت، دواجار تەنها ئەوە گفتوگۆیە چارەسەری کێشەکانی نێوانمان دەکات.

محەممەد هاودیانى ئاماژە بەوەش دەکات، وەک یەکگرتووى ئیسلامى خوێندنەوەیان بۆ کۆبوونەکەى سەرۆکایەتیى هەرێم ئەوەیە، دەبێ هەموو لایەنە سیاسییەکان لە نزیکەوە گوێ لەیەکتر بگرین، چونکە ئەجنداى کۆبوونەوەى لایەنە سیاسییەکان روونە، کە کۆمەڵێک بابەت تاوتوێ دەکرێ بۆ ئەوەى لە داهاتوودا گفتوگۆى لەسەر بکەین تاوەکو بتوانین خزمەت بە هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان بکەین.

 

دەقى دیمانەى حەممەد هاودیانی ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان:

ــ ئێوە وەکو یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان چۆن لەو کۆبوونەوەیە دەڕوانن و بە بۆچوونی ئێوە بۆچی پێویستە؟

محەممەد هاودیانى: وەکو یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، هەمیشە بە تەنگ ئەوەوە بووین کە کێشەکان لە هەرێمی کوردستان بە زوویی چارەسەر بکرێن و ئەوەی پێویستە بکرێت بۆ خزمەتکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان. لای یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان پێویستە لەم قۆناغەدا یەکڕیزیی لایەنەکان بەرجەستە بکرێت، بە تایبەت کە ئێمە لە بەردەم هەڵبژاردنی نوێداین بۆ پەرلەمانی عێراق، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کە بەشداریی ئەم کۆبوونەوەیەی کردووە لە ڕوانگەی هەستکردنیەتی بە بەرپرسیاریێتی، خوێندنەوەی بۆ ئەم کۆبوونەوەیە کردووە و پێموایە کە دەبێت گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لەنێوان لایەنەکان هەبێت، هەرچەندە جیاوازیش لەنێوانمان هەبێت، چونکە دواجار ئەوە گفتوگۆیە چارەسەری کێشەکانی نێوانمان دەکات.

 لە ڕابردووش ئێمە هەمیشە دژی ئەوە بووین لە بری لۆجیکی گفتوگۆ پەناببردێتە بەر لۆجیکی هێز لەنێوان لایەنەکان، چونکە ئەو لۆجیکەی پەنا دەبات بۆ هیز ناتوانێ خزمەتی کوردستان بکات و خزمەت بە کەشی لێکتێگەیشتنی نێوان لایەنەکان ناکات، خزمەت بە پرۆسەی دیموکراسی و هاووڵاتییانی کوردستان ناکات.

بۆیە ئێمە خوێندنەوەمان بۆ ئەم کۆبوونەوەیە ئەوە بووە کە وا ئێمە لە نزیکەوە گوێ لەیەکتر بگرین بەتایبەتى لایەنەکانى پارتى و یەکێتى، کە دەسەڵاتدارن و دەبێ گوێ بگرن لە سەرۆکایەتیى هەرێم، چونکە ئەجنداى ئەم کۆبوونەوەیە روونە، کە کۆمەڵێک بابەت تاوتوێ دەکرێ ئەوەى لە داهاتوودا گفتوگۆى لەسەر بکەین بۆ ئەوەى بزانین دەتوانین چۆن خزمەت بە هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان بکەین، وە چە کارێک دەبێتە مایەى ئەو گرێیانەى کە بەربەستن لەبەردەم بەرەوپێشووەچوونى هەرێمى کوردستان و کێشەکان، ئەم گرێیانە بکرێنەوە چۆن مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ. 

ــ بە بۆچوونی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، پەنا بۆ چە ڕێگایەک ببرێت باشە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە کوردستان و هەیە و گرێیەکان بکرێنەوە، یانى ئەگەر لە یەکگرتووى ئیسلامى بپرسن ئێوە چە ڕێگەیەکتان پێ شک دێت، یەکگرتووى ئیسلامى وەڵامى چییە؟

محەممەد هاودیانى: جیاوازییەکان لەسەر جەوهەرى داخوازییەکانى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان نییە لەسەر بابەتە نەتەوەییەکان، بەڵکو جیاوازییەکە لەسەر چۆنیەتیی ئیدارەدانی هەرێمی کوردستانە، لە چۆنێتیی مامەڵەکردنی هێز و لایەنە سیاسییەکانە، لە چۆنیەتیی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانە بۆ گەلی کوردستان. بۆیە بەڕاوبۆچوونى ئێمە پێویستە هێزە دەسەڵاتەکارەکان بەتایبەتى ئەوانەى لە حکوومەتن، وە بەتایبەتى ئەوانەى توانایان هەیە گۆڕانکارى لەم واقیعە چەقبەستووەى هەرێمى کوردستان بکەن، پێمانوایە پێوستە ئەم هێزانە دەرگاکان بکەنەوە و گوێ لە بەرامبەرەکانیان بگرن، وە ئەو داخوازیانەى کە هەن بۆ هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان و متمانە بۆ ناو لایەنە سیاسییەکان دەگەڕێنێتەوە، واتە ئەو ڕێکارانەى جارێکى تر بیناى متمانە دروست دەکاتەوە، دەبێ ئەوان پایەندى ئەم رێکارانە بن، ئەم رێکارانەش خۆیان لە چاکسازیى و گفتوگۆ و پێشنیار و بۆچوونى خەڵکى تر دەبینێتەوە، وە دەبێ پێشنیار و بۆچوونەکان جێبەجێ بکرێ.

ململانێ سیاسییەکان پێویستە لە چوارچێوەى یاسا و دیموکراسییدا سنووردار بکرێن.

ئێستا کۆمەڵیک گرفتى گەورە هەیە لە هەرێمى کوردستان، کە وایانکردووە ئەم هەرێمە هەم لەکەسایەتییەکەى لەڕووى نێودەوڵەتییەوە وە هەم لەڕووى کەسایەتییەکەى لەناوخۆى هەرێمى کوردستان بێ ئومێدییەک بۆ هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان دروستبووە، ئەم بێ ئومێدییە چۆن چارەسەر دەکرێ، وە چۆن ئومێد دەدەى بە خەڵکى هەرێمى کوردستان، ئەمەیش خۆى لە کۆمەڵێک قەیران دەبینێتەوە کە بەسەر کوردستاندا هاتوون، قەیرانى دارایى و کۆرۆنایە یان قەیرانى ترى سیاسیین، پێویستى بەوە هەیە هێزەکانى پارتى و یەکێتى وە هێزەکانى تریش کە بەشدارن لە حکوومەت موراجەعەى ئەو هەڵانە بکەنەوە لە ڕابردوو کردوویانە، ئەم هەڵانەش کۆمەڵێک هەڵەى گەورە بوونە کە کاریگەرى گەورەشییان خستۆتەوە لە گۆڕەپانى سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئیدارەدانى هەرێمى کوردستان.

 بۆیە بە بۆچوونى ئێمە هەنگاوەکانى لێکتێگەیشتن و هەنگاوەکانى چاکسازى و ئیدارەدانێکى تەندروست، هەروەها هەنگاوەکانى پراکتیزەکردنى دیموکراسى وەکو خۆى، ئێمە هیچ پرۆسەیەکى دیموکراسیمان نەکردووە، ئیلا کۆمەڵیک تەجاوزاتى لەسەر ئەنجامدراوە. کاتێ تۆ سەیرى کارى پەرلەمانى دەکەى، دەبینى هێزە دەسەڵاتدارەکان یاخود ئەو هێزانەى دەسەڵاتییان هەیە لە هەرێمى کوردستان رووبەڕووت دەبنەوە، کۆمەڵێک گرفت بۆ پەرلەمانتارەکانت و خەڵکى تر دروست دەکەن، بۆیە بە بۆچوونى ئێمە پێویستە لە چوارچێوەى خزمەتگوزارییە گشتییەکانى هەرێمى کوردستان چۆنیەتى تۆکمەکردنى ئیدارەدان لە هەرێمى کوردستان تۆکمەتر بکرێن، پرس وڕاى خەڵک وەربگیرێ، خەڵکى پسپۆڕ دەورى خۆى ببینێ، بۆ نموونە کاتێ ئێمە لە بەغدا ڕەخنەمان گرتووە، خۆ ڕەخنەمان لەسەر ئەوە نییە کە پشکى هەرێمى کوردستان زۆر بێت، ڕەخنەمان لەسەر ئەوە نییە حکوومەتى هەرێم هێزیکى گەورەى لە بەغدا هەبێ و بتوانێ گەورەترین دەستکەوت بۆ هەرێمى کوردستان بەدەست بێنێ، ڕەخنەمان لەوەیە ئەم هێزانە لە بەغداش بە حیزبى مامەڵە دەکەن، بە هەمان شێوە لە هەرێمى کوردستانیش.

 بۆیە گوتوومانە نابێ حیزبیەت زاڵ بێت بەسەر ئیدارەدانى وڵات و حکوومەت و ئەو کارانەى ئەنجام دەدرێت، ئێمە دەڵێن ئیدارەدانێکى تەندروستیى دادپەروەرانەى دیموکراسییانەى گشتگیر بێ، بۆ ئەوەى هەموومان بتوانین لە دەرەنجامدا شانازى بە هەرێمى کوردستانەوە بکەین، هەر چەندە ئێمە شانازى بە هەرێمى کوردستانەوە دەکەین، بەڵام دەبێ ئەم هەرێمە ببێتە شانازى بۆ هاووڵاتییانى خۆیان، هاووڵاتییانى خۆیان چیتر لەم تاریکبینییە هەنگاو نەنێین، هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان چیتر وا بێ ئومێد نەبن بەرامبەر بە ئیدارەدان لە هەرێمى کوردستان، ئەمانە رێکارى گرنگن بە لاى ئیمەوە کە چۆن دەتوانى ئەم هەرێمە سەرکەوتوو بێت.

ــ وەکو جەنابیشت گووتت جۆرێک لە نەبوونى متمانە لە نێوان لایەنە سیاسییەکان دروست بووە، ئێوە دەزانن لە ناو پەرلەمان دا ململانێیەکى قووڵ هەیە لە نێوان لایەنە سیاسییەکانى ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات، لە حکوومەت هەندێ لە لایەنەکان بەشدارن هەندێکى ئۆپۆزیسیۆنن، بەڵام ئەوەى ئێمە تێگەیشتبین سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان یان نێچیرڤان بارزانى دەیەوێت دابڕانێکى تەواو لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا نەبێ، لایەنى کەم لە شوێنێکى دیکەش ناکۆکن بن لێرە چەترێک هەبێ لەژێرى کۆببنەوە و بێن ئەو گلەیى و گازاندانەى وەکو ئێوە یا وەک یەکگرتووى ئیسلامى لەسەر مێزى گفتوگۆ بخرێتەڕوو، ئەو هەوڵانە چۆن دەبینى کە لەسەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستانەوە هەیە؟ 

محەممەد هاودیانى: وەکو گوتم لەسەرەتادا، دەرەنجامى لێکتێگەنیشتنى هەموو حاڵەتێک، دەرەنجامەکەى ئەوەیە کە ئێمە گفتوگۆ بکەین، ئێمە پێمانوایە هەر هەوڵێک بۆ ئەوەى کەوا هێزە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان یەکبخاتەوە، وابکات ئەم هێزە سیاسییانە متمانەیان بۆ بگەڕێتەوە و ئەولەویەتیان ببێت بە پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان، وە وا لێبکات ئەم هێزە سیاسییانە جارێکى تر متمانە بۆ هاووڵاتییانى ئەم هەرێمە بگەڕێننەوە، کە ئەوان پێشەنگن لەوەى کەوا بۆ بەدەست هێنانى ژیانێکى ئاسوودەتر، بۆ بەدەست هێنانى ئاسوودەیەکى باشتر بۆ هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان، پێمانوایە ئەم هەوڵانە هەمووى هەوڵى باشن، وە دەبوایە لە قۆناغى ڕابردوو ئەنجام بدرێت بەڵام ئەوەى کە هەمیشە وایکردووە هێزە سیاسییەکان بێ متمانە بن بەرامبەر ئەم جۆرە هەوڵانە، ئەوەیە کە دەرەنجامى ئەو هەوڵانە وەکو خۆى پراکتیزە نەکراوە دواتر، واتە نەهاتووە ئەو بڕیارانەى دەدرێن، ئەم بڕیارانە دواتر لەسەر گۆڕەپانى سیاسیى ڕەنگدانەوەى هەبێ و کاریگەرى گەورەى هەبێ، بۆ ئەوەى بتوانێ ئەم متمانەیە بگەڕێنێتەوە.

هیوادارین ئەم کۆبوونەوەیە ببێتە ماییەى ئەوەى کەوا ئەوەى کە لەوێ بڕیار دەدرێ و وە ئەوەى کەوا هێزە سیاسییەکانى ئۆپۆزیسیۆنیش بڕیارى لێدەدەن یاخود داواى دەکەن، دواتر جێبەجێ بکرێن و ببێتە ئەجنداى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، هەم ببێتە ئەجنداى هێز و لایەنە سیاسییەکان چە ئەوانەى لە دەسەڵاتن چە ئەوانەى ئۆپۆزیسیۆنن، بۆ ئەوەى ئێمە بتوانین هەرێمێکى تۆکمە و بەهێز دروست بکەین. ئێمە ئەزموونى وڵاتانى تر دەبینین و چەندین وڵاتمان هەیە لە ناوخۆییاندا زۆر دیموکراسیین و گوێ لە یەکتر دەگرن و متمانە لە نێوانیان هەیە، وێراى ئەوەى کەوا ململانێیى سیاسییشیان هەیە، چونکە ململانێ سیاسییەکان پێویستە لە چوارچێوەى یاسا و دیموکراسییدا سنووردار بکرێن، وە لەو چوارچێوەییەدا ئەنجام بدرێن، بەڵام سەیر دەکەى ئەم هێز و وڵاتانە چەند لە ناوخۆیاندا دیموکراسیین بەڵام بۆ دەرەوەى یەک دەنگ و یەک ڕەنگ و یەک هەڵوێستن، پێویستە ئەمە لە هەرێمى کوردستان جێبەجێ بکرێ، وە پێویستە هەرێمى کوردستان هەنگاوێکى لەو بابەتە بهاوێژێ.

سەرچاوە: رووداو

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە