دیندار دۆسکى: لەم قۆناغەدا نێچیرڤان بارزانى ڕۆڵێکى ستراتیژى هەیە لەنزیکردنەوەى بۆچوونى هێزە سیاسییەکان میدیا

نوچەنێت:

لە میانەى چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ رووداو لە (8-4-2021) ديندار دۆسكى سیاسەتمەدار و ئەندامى پێشووى سەرکردایەتیى یەکگرتووى ئیسلامى تیشکە دەخاتەسەر گرنگى کۆبوونەوەى لایەن و هێزە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان لە سەرۆکایەتیى هەرێم و دەشڵێت، پۆستى سەرۆكى هەرێمى نوێنەرى  هەموو خەڵكى كوردستانە، ئۆپۆزسيۆن بێ يان پارتەكانى دەسەڵات، نێچیرڤان بارزانى رۆڵێکى گرنگ دەگێڕێت دروستبوونى يەكڕيزى سياسى هەرێم لە ناوخۆ و بەرامبەر بەغدا.

 

دەقى دیمانەى سیاسەتمەدار دیندار دۆسکى:

ــ ئايا ئێستا گونجاوە بۆ دەستپێشخەرييەكى لەو جۆرە؟

ديندار دۆسكى: بێگومان رۆڵى جەنابى سەرۆكى هەرێمى كوردستان، رۆڵەكى ستراتيژى و سەرەكيیە لە نزيكردنەوەى بيروبۆچوونى هێزە سياسيەكانيەكانى كوردستان. ئێمە لەم قۆناغەدا لە عێراق لەبەرامبەر هەڕەشە و ئاڵنگارییەکانین، لەبەر ئەوە بە بۆچوونى من چەند لێك نزيك بوونەوە هەبێت لەنێوان لایەنە کوردییەکان باشە، چونكە پۆستى سەرۆكى هەرێمى نوێنەرى هەموو خەڵكى كوردستانە، لە ئۆپۆزیسيۆن بێت، يا پارتەكانى دەسەڵات بێ، بێگومان رۆڵى سەرۆكى هەرێمى كوردستان لە نزيك بوونەوەى بيروبۆچۆن هێزە سياسيەكانى كوردستان و دروستبوونى يەكڕيزى سياسى بەرامبەر بەغدا پەيوەندى ئەو هێزانە بەرامبەر دەرەوە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکترى كارێكى گرنگە، پێويستە زوو ئەو كۆبوونەوە بكرێن، ئەگەر بەشێوەى دەورى بێت، وەك ئەنجوومەنێكى سياسى كوردستانى ئاگادارى رەوشى كوردستان و عێراق بێت ئەوە شتێكى باشە، مەبەستمان ئەوە نییە ببێتە بەديلى حكوومەتى هەرێمى کوردستان و دەسەڵاتى دیموکراسى، بەڵکو وەکو ئەنجوومەنێکى سیاسیى ئاگادارى ڕەوشى سیاسیى عێراق و کوردستان بێت.

ــ سەرۆكى هەرێمى كوردستان لەو كۆبوونەوەيەدا لەگەڵ پارت و لایەنە سياسيەكاندا دەتوانێ چە بڕيارێك بدات؟

ديندار دۆسكى: مەرج نيیە بڕيار بدرێت، لەوانەيە بەياننامەیەکى كۆتايى هەبێت، چونكە بابەتەکە باسى پەيوەندى هەرێمى كوردستان و بەغدايە، دواى پەسەندكردنى بودجەى عێراق، وە پەيوەندى لايەنە سياسيەكانى هەرێمى كوردستان، ئەگەر بەياننامەى كۆتايش دەربچێت جەخت لەسەر يەكڕێزى و يەك هەڵوێستى هێزە سياسييە كوردستانيەكان بكاتەوە بەرامبەر كێشە نەتەوەيى و كوردستانيیەكان، پەيوەندى سياسى هەرێمى كوردستان لەگەڵ دەورووبەر بەتايبەت سەرۆكى هەرێمى كوردستان سەردانى پاريسى كردبوو لەگەڵ ماكرۆنى سەرۆكى فەرەنسا كۆبووييەوە، ڕەنگە لەسەر ئەو بابەتەش گفتوگۆ بكەن، بۆیە مەرج نيیە بڕیار بدرێت، رەنگە ئەوە دەستپێك بێت بۆ هەندێ ديدارى دەورى لە نێوان هێزە هیزە سیاسییەکان لە كوردستان، رەنگە ئەجندايەك بێتە كايەوە بۆ پاشەڕۆژ، ڕەنگە ئەوكات بڕيار دەركەون، بۆیە ئەوە بە هەنگاوێکى ئەرێنى هەڵدەسەنگێنم كە سەرۆكى هەرێمى كوردستان ئەم هێزانەى کۆکردەوە، ئەگەر هيچ نەبێت كێشەكانيان لەگەڵ يەكترى باسكردووە، ئەوەشیان پشتیوانییەکە بۆ حكومەتى هەرێمى كوردستان، هەروەها بەشدارییەکە بۆ حیزبەكانى دەرەوەى پەرلەمان و حكوومەت لە بڕيارى سياسیى هەرێمى كوردستان.

ــ ئامانجى سەرۆكى هەرێمى کوردستان وەک ڕاوێژکارێکى سەرۆک هەرێمیش باسیکرد، ئامانجى ئەو يەكخستنى گوتارى هێزە کوردستانییەکانە، بۆچى ئەو هەموو كۆبوونەوەیە دەكرێن لە نێوان لایەنە سیاسییەکان، هێشتا پەيوەنديەكان باش نيیە، بەتايبەت ئەگەر باسى پەيوەندى نێوان يەكێتى و پارتى بكەين؟

دیندار دۆسکى: پارتى و يەكێتى دوو هێزى دەسەڵاتدارن لە كوردستان، بيروبۆچوونى جیاوازيان هەيە، ئەوان مێژووێكيان لە نێوان دا هەيە، وەك هەرێمێکى يەكگرتوو حكوومەت يەك بڕيار بێت، حكوومەت وەك دەزگايەكى رەسمى رۆڵى خۆى ببێنێت، نەخێر ئەو دوو حیزبە كاريگەرى حیزبيان لەسەر بڕیارى سیاسى حکوومەتى هەرێم هەيە، ئەرێ پێویست دەکات ئێمە یەک گوتارمان هەبێ، دوایى ئێمە بەرامبەر کێ ئێمە یەک گوتارمان هەبێ؟ بێگومان ئەو حیزبانە بيروبۆچوونى جیاوازى سياسى و ئايدۆلۆژى حیزبيان هەيە، وە سروشتيە بيروبۆچوونى جیاوازیان بەرامبەر یەکتر یان هەندێ هەندێك كێشە هەبێت، بەڵام هەندێك پرسى كوردستانى و نەتەوەيى هەيە دەبێت هێڵى سوورن بن و پێويستە هێزە سیاسییەکان ڕێزى لێبگرن و یەک هەڵوێست بن، بەڵام مەرج نيیە يەك گوتار بين، چ بۆ ئەو حیزبانە وەك هێزى سياسى، چە بۆ پرۆسەى ديموكراسى لە كوردستان، تەنانەت لە بەغداش ئەگەر بيروبۆچوونى جياواز هەبێت لە ناو هێزە كوردستانیيەكان بەرامبەر هەندێك کێشەى لاوەكى نەک ستراتیژى دیسان شتەکى سروشتییە جياوازبن. 

بەڵام هەندێ کێشە هەیە وەک بینیمان لەسەر بودجە و ماددەى 140 و کەرکووک و شنگال، ئەوانە پێویستیان بە گوتارێکى یەکگرتووى ستراتیژى هەیە لە لایەن هێزە سیاسییەکانى کوردستان، بەرامبەر حکوومەتى عێراقى فیدراڵ، چونکە هێزى ئێمە لە یەک هەڵویستى دایە.

ــ ئەگەر باسى ئەو پرسانە بکەین کە ئێستا گفتوگۆى لەبارەوە دەکرێ، ئێستا کاتێکى گونجاوە لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان گفتوگۆ لەسەر ڕەشنووسى دەستوورى هەرێمى کوردستان بکەن، بەتایبەت لە هەفتەى ڕابردوو سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان داواى لە لایەنە سیاسییەکان کرد خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەوەى گفتوگۆ لەم خولەى پەرلەماندا گفتوگۆ دەربارەى ڕەشنووسى دەستوورى هەرێمى کوردستان و پەسند بکرێ؟

دیندار دۆسکى: هەرێمى کوردستان ئەگەر دەستوورێکى خۆى هەبێ ئەوە یاساییە، وە دەبێ هەموو هەرێمێک دەستوورى خۆى هەبێ، لە هەندێ وڵاتدا نووسینەوەى دەستوور و پەسندکردنى ڕەنگە زیاتر لە ساڵێکى بوێت، بۆیە هەرێمى کوردستانیش فشارێکى ئەوەندە گەورەى لەسەر نییە تا بە خێرایى دەستوورێک دابنێ و پەسندى بکات، چونکە ئێمە ئێستا دەستوورێکى جێگرەوەمان هەیە ئەویش دەستوورى عێراقە، کە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست یەکێکە لە باشترین دەستوورەکان، حکوومەتى هەرێمى کوردستانیش وەکو هەرێمێک لە عێراق دەبێ پابەند بێ بەو دەستوورە، بەڵام بێجگە لە دەستوورى عێراق ئێمە پێویستمان بە دەستوورێکى ترە، بۆیە دەبێ لایەنە سیاسییەکان ئامادە بن بۆ ئەم پرسە، هەروەها دەبێ پەیوەندییەکان لە نێوان خۆیاندا باش و سروشتى بکەنەوە بۆ ئەوەى بتوانن لەگەڵ یەکتر کۆببنەوە.

من پێموایە ئەگەر ئێستا ئێمە دەست پێ بکەین وەک دروستکردنى لیژنە و نووسینى ڕەشنووسێک ئەوە شتێکى ئاساییە، دیارە پەرلەمانى کوردستانیش دەیەوێ لەم خولە دەستوور پەسند بکرێ، بەڵام ئەم بابەتە دەمێنێتەوە بۆ هەردوو حیزب پارتى و یەکێتى، کە دواى دروستبوونى سەرکردایەتیى نوێى کۆنگرەى یەکێتیى نیشتمانى کوردستان، هێشتا پەیوەندییەکانیان پەیوەندى سروشتى نین، هەتا لە بەغداش بیروبۆچوونى جیاواز هەبووە لە نێوان پارتى و یەکێتى، ئێستا بەرەو هەڵبژاردنى عێراق دەچین ئەویش هەڵبژاردنێکى چارەنووسازە، پێویستە هەردوو پارتى دەسەڵاتدار سروشتى بن بە هەمان شێوە دانوستاندن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن بکرێت، ئەمە پێوستى بە بەشدارى هەموو لایەنەکان هەیە، چە ئەوانەى لە نوێنەریان لە پەرلەمان هەیە چە ئەوانى لەدەرەوەى پەرلەمان بۆ دەستپێکردنى دانانى دەستوورێک، چونکە بێگومان بیروبۆچوونى جیاواز هەیە لە نێوان لایەنەکان و خەڵکى کوردستانیش، بۆیە پێویستمان بە کاتى باشە بۆ ئەوەى دەستوورێک بنووسرێت کە جێگە ڕەزامەندى هەموو خەڵکى کوردستان بێت.

ــ ئەگەر بە کورتى پێم بڵێى ئەم کۆبوونەوە دەتوانێ جۆرێک لە ئامادەکارى دروست بکات بۆ هێورکردنەوەى پەیوەندى نێوان پارتى و یەکێتى؟

دیندار دۆسکى: بە بڕواى من ئەگەر دیدارەکە تەنها لە نێوان پارتى و یەکێتى بێت بەڵى، بەڵام لە دیدارێکى وا فراواندا زەحمەتە بتوانن گفتوگۆ لەسەر هەندێ پرس بکەن، بەڵام ئەگەر دیدار دوو قۆڵى بێت دەتوانن کێشەکان باشتر گفتوگۆى لەسەر بکەن، بەتایبەت دواى پەسندکردنى بودجەى عێراق، پێموایە سەرکردایەتى نوێى یەکێتى ئەگەر بە دوو قۆڵى لەگەڵ سەرکردایەتیى پارتى کۆببنەوە ڕەنگە بگەنە ئەنجامێکى باش، ئەگەر دەستوەردانى دەورووبەرى تێدا نەبێ بێگومان بەرژەوەندى هەردوولا وا دەخوازێ ئەوان لێک نزیک ببن، چونکە هەردوولا بەرپرسن بەرامبەر خەڵکى کوردستان لەو قۆناغەدا.

ــ ئەو هەڵبژاردنەى عێراق کە بڕیارە مانگى (10) ئەنجام بدرێت، تۆ لەگەڵ ئەوەى کە هێزە سیاسییەکانى کوردستان هاوپەیمانى لەگەڵ لایەنە سیاسییە عێراقییەکان دروست بکەن یاخود هێزە سیاسییەکانى کوردستان پێکەوە وەک هاوپەیمانییەکى نیشتمانى بەشدارى هەڵبژاردن بکەن؟

دیندار دۆسکى: بە بڕواى من دەبێ ئێمە بچینە ئەو قۆناغەى، چونکە هەڵبژاردنەکانى عێراق جۆرێک لە تائیفیەتى دروستکردووە و دەستى بەسەر هەموو جومگەکانى دەسەڵاتى عێراق داگرتووە، کورد و سوننەشى پەراوێزخراون، ئەگەر ئێمە بمانەوێ حکوومەتەکى نیشتمانى و دیموکراسى لە عێراق دروست بکەین، دەبێ هەندێ شت تێبەپەڕێنین و بچینە لیستى نیشتمانى نموونە دەبێ کوردى تێدا بێ سوننە و شیعەى تێدا بێ، بۆ ئەوەى حکوومەتى تائیفى تێپەڕێنین و هاوسەنگیەک لە ناو دەسەڵاتەکان دروست ببێت، بۆ ئەوەى پێکهاتەکانى دیکە وەکو کورد و سوننە هەست بە بەشدارى ڕاستەقینە بکەن لە بڕیارى سیاسى و ستراتیژى کە لە لایەن حکوومەتى فیدراڵى دەردەچێت. 

سەرچاوە: رووداو

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە