دڵشاد شەهاب: ئامانجى یەکەمى سەرۆکى هەرێم دروستکردنى یەک گوتارى لایەنە سیاسییەکانە میدیا

نوچەنێت:

لە چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ رووداو، دڵشاد شەهاب ڕاوێژکارى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە (8-4-2021)دا، لەسەر کۆبوونەوەى هێز و لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان، دڵشاد شەهاب دەڵێت، ماوەیەکە هەست دەکرێ لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە شێوەیەکى گشتى لێکدابڕانێک هەیە، وە ئەم لەیەک دوورکەوتنەوەیەش کاریگەرى نەرێنى لەسەر پێگەى کوردستان بە جێهێشتووە.

دڵشاد شەهاب باس لەوەش دەکات، هەموو دۆستەکانیشمان لە جیهان هانمان دەدەن کوردستانییان بە شێوەیەکى گشتى لەم بارودۆخەدا یەک گوتار بن، وە گرەوى بردنەوە و سەرکەوتنى هەرێمى کوردستان لە یەکگرتوویى و تەبایى دای، لەبەرامبەریشدا هەموو ڕکابەر و ناحەزەکانى ئێمە ئومێدیان لەسەر ئەو کێشانە هەڵچنیووە کەوا لەنێوان لایەنە کوردستانییەکان دا هەیە.

 

دەقى دیمانەى دڵشاد شەهاب ڕاوێژکارى سەرۆکى هەرێمى کوردستان:

ــ ئەم کۆبوونەوەیە لەم کاتەدا بۆچى؟

دڵشاد شەهاب: ئامانجی بنەڕەتی لەم کۆبوونەوەیە لێک نزیکردنەوەی لایەنەکانە، بۆ ئەوەی گوتارێکی هاوبەشی کوردستانی هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بارودۆخە هەستیارەی ئێستا عێراق و ناوچەکە بە گشتی پێیدا تێپەڕ دەبن. سەرۆکی هەرێم لە نەورۆزدا بانگەوازی بۆ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کرد بۆ ئەوەى کۆببینەوە، وە گفتوگۆ لەسەر پرسە هەنووکەییەکان بکەین، خۆشبەختانە بە سوپاسەوە سەرجەم ئەو لایەنانەى کە بانگهێشترابوون، بانگهێشتەکەى جەنابى سەرۆکیان قبووڵ کرد و هاتن بۆ کۆبوونەکە.

ــ کۆبوونەوەکە دوای سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هات بۆ پاریس، هەر لەوێ ڕاگەیاند ئەنجامى سەردانەکەى لەگەڵ سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆماریش باس دەکات، ئەم کۆبوونەوەیە بۆ ئەوەیە ئەنجامى سەردانیەکى و کاریگەرى و کاردانەوەکانى سەردانیەکەى بۆ لایەنە سیاسییەکان باس بکات یان ئەو بارودۆخە سیاسیەى کە لە هەرێمى کوردستان هەیە پێوستى بە کۆبوونەوەیەکى وا هەبوو؟

دڵشاد شەهاب: ماوەیەکە هەست دەکرێ لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە شێوەیەکى گشتى لێکدابڕانێک هەیە، وە ئەم لەیەک دوورکەوتنەوەیەش کاریگەرى نەرێنى لەسەر پێگەى کوردستان بە جێهێشتووە، بێگومان هەموو دۆستانى ئێمە لە دونیا هانى ئەوەمان دەدەن کوردستانییان بە شێوەیەکى گشتى لەم بارودۆخە یەک گوتار بن، وە گرەوەى بردنەوە و سەرکەوتنى هەرێمى کوردستان لەوەدایە، لەبەرامبەریشدا هەموو ڕکابەر و ناحەزەکانى ئێمە ئومێدیان لەسەر ئەوە هەڵچنیووە کەوا کێشەیەکى زۆر لەنێوان لایەنە کوردستانییەکان دا هەیە، پەرتەوازەییى لایەنە سیاسییەکان کاریگەرى خۆى هەبووە لە بەغدا.

 ئەگەر بە خێرایى لە دەستپێکى کارەکانى جەنابى کاک نێچیرڤان بارزانى وەکو سەرۆکى هەرێم بڕوانین، ئامانجى یەکەم و لە پێشینەى بوو، وە چەندین کۆبوونەوەشى بۆ کرا کە ئەم یەک گوتاریە دروست بکرێت، وە هەوڵێکى جددیش دراوە بۆ دروستکردنى بناغەى فیدراسیۆنێکى حیزبە کوردستانییەکان.   

ــ سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە سەدا چەندى ئەم ئامانجەى پێکاوە؟

دڵشاد شەهاب: ئەمە ئامانجێکى بەردەوامە، هیچ شوێنێک نییە بڵێى ئەگەر گەیشتین بە ئێرە دەبێتە سەدا سەد، بۆیە هەر ڕۆژە و زەرورەتێک دێتەپێش، وە هەوڵدان بۆ فیدراسیۆنە کوردستانییەکان خۆى کەشوهەوایەکى وای دروستکرد کە بیرى هەموومان دێتەوە سەرۆکى فراکسیۆنەکانییش لە بەغدا دەهاتن بۆ سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، وە ئەو کات هەندێ پرس زۆر بەڕێکى و پوختى لە پێکهێنانى حکوومەتى نوێی فیدراڵى رووبەڕووبوونەوەى کۆمەڵێک پرسى تر کە پەیوەندییان بە کوردستانەوە هەبوو، پێگەى هەرێمى کوردستانى تێدا زۆر بەهێز دەرکەوت، بەم دواییە کە ئەم کێشانە دروستبوو زەرورەتەکە بۆ هەموو لایەک زیاتر روون بوویەوە، من هەمیشە دەڵێم هەموو حیزبەکان یەکەمین گوتارمان ئەوەیە کە دەڵێن لە پێناوى گەلى کوردستان دا ئامادەیى هەموو قوربانییەکین.

بەڵام ئێستا یەکەمین داخوازى لە پێشینەى سەرجەم پێکهاتە و چین و توێژەکانى گەلى کوردستان ئەوەیە کەوا ئێمە یەکڕێز بین، بۆیە کە یەکێک بە میللەتى خۆى بڵێ من خزمەتکارتم دەبێ ئەو خزمەتى بۆ جێبەجێ بکات کە میللەت داواى دەکات، من باوەڕ ناکەم ئێستا هەر تاکێک لێى بپرسى هیچ شتێکى لەلایەنە سیاسییەکان بەوێت لەوە لە پێشتر کە یەک دەنگ و یەکڕێز بن. دەکرێ جیاوازییمان هەبێ لە چوارچێوەیەکى دیموکراسییدا، ململانێى یەکتر بکەین، لە کاتى هەڵبژاردنەکاندا با بڵێن تاى هەڵبژاردن گەرم دەبێ، ململانێیەکان بە شێوازى تر دێنەئاراوە، بەڵام دەکرێ چوارچێوەیەکى فراوان هەبێ بۆ پاراستنى بەرژەوەندییەکانى کوردستان بە تێکڕا کە بەرژەوەندى هەمووانە، بەرژەوەندى خەڵکى کوردستان و سەردەم پێکهاتەکان و چین و توێژەکانى گەلى کوردستانە، ئەمەیە نوێنەرایەتییکردنێکى ڕاستەقینە، دەبێ ململانێیەکان کاریگەرى بەسەر پرسە چارەنووسازەکانەوە نەبێت، وە تاکى کوردستان چیتر هەست بەو دڵەڕاوکێیە نەکات، لەوەى کە لە هەر رووداوێکى سیاسى دێتەئاراوە هەست بکات ئیتر کێشە زۆر قووڵ دەبێتەوە.

سەرۆکایەتیى هەرێم لە دەسپێکى کارەکانییدا، جەنابى سەرۆکى هەرێم ئەمەى بە ئامانجێکى ئەساسى خۆى زانیووە، لەسەر بابەتى پەیوەندییەکانى دەرەوە بە شێوەیەکى گشتى، بەتایبەتى لەسەر سەردانى پاریس، بێگومان ئەوە یەکێک دەبێ لەو بابەتانە کە بە گرنگییەوە ئەمڕۆ باسى لێدەکرێ، زەورەرتى ئەم مەسەلەیە لەوەدایە، دۆستانى ئێمە لە هەموو دونیا، لە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژى تیرۆر بەتایبەتى فەرەنسییەکان، کە فەرەنسا لە چەند قۆناغێکدا ڕۆڵى کاریگەرى بینیووە لە پشتیوانیکردنى کوردستان، بێگومان ئەمەش داخوازی هەموو لایەکە وە ئەوانیش جارێکى ئەوە بە گرەوى سەرکەوتنى خەڵکى کوردستان دەزانن.

ــ وەک باستانکرد دۆستانى کورد لە دەرەوە داوا دەکەن کورد یەک دەنگ بێ، پێکەوە بن لەو بارودۆخە سیاسییەى کە ئێستا لە عێراق و ناوچەکەدا دەگوزەرێ، بەڵام لە ناو هەرێمى کوردستان بەڕاستى کێشە هەیە، وا دەرناکەوێ لایەنە سیاسییەکان یەک هەڵوێست بن، بۆ نموونە کێشەى گەورە لە نێوان پارتى و یەکێتى دا هەیە، پێتانوایە ئەم کۆبوونەوانە وا دەکات کە لایەنەکان لێک نزیک ببنەوە، لایەنى کەم بەرامبەر بەغدا و ئەو ئاڵنگارییانەى لە ناوچەکەدا هەیە یەکدەنگ بن؟  

دڵشاد شەهاب: من ناڵێم کێشە نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نیم کێشەکان ئەوەندە قووڵ بن قابیلى چارەسەرنەکردن بن، ئێمە ئەگەر لە خاڵە هاوبەشەکانمانەوە دەست پێ بکەین، بە ئاسانى لە زۆر شوێن بە یەکترى دەگەین، ئێمە لە پرۆسەى سیاسى بە یەکەوەین و پەیوەندییە حیزبییەکانمان بەردەوامى هەیە، وە لە سەرۆکایەتیى هەرێم و ئەنجوومەنى وەزیران و حکوومەت و پەرلەمان بە یەکەوە کاردەکەین، سەربارى جیاوازیى و کێشەکان، بەڵام لە بەغدا کەم تا زۆرێک تا ئێستا لەسەر زۆربەى پرسە چارەنووسازەکان بە یەکەوە هەنگاومان ناوە.

ــ لە سەرۆکایەتیى هەرێم ڕازین بەو بابەتانەى کە لە بەغدا هەندێجار روودەدات؟

دڵشاد شەهاب: ناتوانین بڵێین جێگاى تموحى خەڵکى کوردستانە، هەروەک چۆن لە چاوەڕوانیى سەرۆکایەتیى هەرێمش نییە، دەکرێ زۆر لەوە باشتر بێ، بەڵام مەبەستم لەوە دێت کاتێ کێشەکان هەن، هەندێجاران مەسەلەن ئەگەر مرۆڤ سەیرى سۆشیال میدیا بکات یان سەیرى ڕاپۆرتێکى ڕاگەیاند بکات، وا هەست دەکات کەوا وەکو ئەوەى کەشوهەوایەک دروست ببێ مموکین نییە جارێکى تر ئەو حیزبانە بەیەکەوە دابنیشن، بەڵام ئەگەر سەیرى خاڵە هاوبەشەکان بکەین، ئێستاشى لەگەڵ دا بێ ئەو شوێنانەى کەوا پارتى و یەکێتى تێدا بەیەکەوە کار دەکەن یان ئەو هێزانەى ڕێکیش نەخراون، بەڵام بە یەکەوە بەرگرى لە کوردستان کراوە، کەواتە کۆمەڵێک پرسى وا هەن کە بەیەکگەیشتنى پارتى و یەکێتى تێیدا بەرجەستەیە وە بەرپرسیاریێەتیشە بەرامبەر ئەم قۆناغە و ڕابردووش کە بەیەکەوە حکوومڕانى وڵاتیان کردیە.

ئەگەر سەیرى ڕابردووى هەڵبەزین و دابەزینى پەیوەندییەکان بکەین، زۆرجارى واش هەبووە، چەند پەیوەندییەکان ئاڵۆز ببن بەڵام ئەوەندەش بە ئاسانى چارەسەر بووە، چونکە پێداویستى گەورەترن هەن.   

ــ ئەمە دواى کۆنگرەى یەکێتیش ڕاستە وا بە ئاسانى چارەسەر دەبوون؟

دڵشاد شەهاب: ئێمە لە دواى کۆنگرەى یەکێتیش پەیوەندییمان لەگەڵ یەکترى هەبووە، پرسى وا هاتۆتە پێش کەوا بە ڕێکى بەڕێوەچوون، ئەو بە یەکەوە کارکردنەى کەوا من باسى دەکەم بەتایبەتى لە ئەنجوومەنى وەزیران و حکوومەت بەرجەستەیە، هەمیشە وام گوێ لێ بووە لە تیمى پارتى بەڕێزەوە سەیرى هاوکارى و تێگەیشتنى تیمى یەکێتیى نیشتمانى کوردستان دەکەن لە حکوومەت دا، کە ئەمە گرنگترین پێگە و شوێنى بەیەکەوە کارکردنە، بۆیە من پێموایە ئەم هەنگاوانە کاریگەرى ئیجابیان دەبێ و ڕێگەخۆشکەرن لەبەردەم ئایندەشدا تا پەیوەندییەکى باشتر بێتە ئاراوە.  

ــ لە کۆبوونەوەکانى ڕابردووى سەرۆکایەتیى هەرێمى کورستان لەگەڵ حیزبەکان، لە یەکێک لە کۆبوونەکان بڕیارى ئەوەدرا کە فراکسیۆنە کوردستانییەکان دروست بکرێ لە پەرلەمانى عێراق، یانى هەوڵبدرێت هەموو فراکسیۆنە کوردییەکان لەوێ بکرێنەوە بەیەک بۆ ئەوەى یەک دەنگ بن، بەڵام ئەوە دروست نەبوو، جارێکى تر قسە لەسەر ئەم بابەتە دەکرێتەوە؟

دڵشاد شەهاب: بێگومان لەم قۆناغەدا مموکین نییە ئەوە بابەتى باسکردن بێ، چونکە ئێمە بەرەو هەڵبژاردن دەچین لە هەموو حاڵەتێکدا لایەنەکان ئێستا خەریکى ئامادەکارین بۆ ئەوەى کە بەرەو هەڵبژاردن بچن، لەوانەیە هەندێ لەو بەڕێزانەى ئێستا کە لە پەرلەمانن بمێنن هەندێکیان نەمێنن، وە لەم قۆناغەدا ڕەنگە بابەتى باسکردن نەبێ.

ــ بابەتى باسکردن نییە لەبەر ئەوەى مووکین نییە لەم قۆناغە و تاى هەڵبژاردن بەرز دەبێتەوە؟

دڵشاد شەهاب: نەخێر هیچ کاتێک ئەم بابەتە ناتوانین بڵێن قابیلى جێبەجێ کردن نییە، تابلۆیەک هەیە لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، ئێستاش لەسەرى نووسراوە تحالف کورستانى، کەسێکیش ئامادە نییە بچێ ئەم تابلۆیە هەڵبگرێ یاخود نکۆڵى لێ بکات و بڵێ تحالفى کوردستانى نەماوە، هەموویان لە ناخى خۆیاندا تەنانەت ئەو کاتانەى زۆرجار بە ئاراستەى جیاوازیش هەنگاودەنێین. بینیمان لە دواین گفتوگۆى بودجەى عێراق لە لەقتەى وێنەکان دەرکەوتن کەوا ئەوانەى لە لەبەرنامە تەلەفزیۆنەکان لەوانەیە زۆر جیاوازیى توندیان لەسەر بۆچوونەکان هەبوونە، بەڵام ئێوە درێغیتان نەکرد و ئەو حەقیقەشتان گواستەوە کەوا دوا جار بە یەکەوەن، چونکە بەرپرسیاریەتیێیەک هەیە، کە من پێموایە هەمیشە لە نیەتى هەر کاتێکى کوردستانییدا هەیە کە زەرورەتى ئەم مەسەلەیە هەست بکات، ئەمەیش کۆمەڵێک خیلافات کاریگەرى هەبووە، خیلافاتى حیزبەکان، خیلافاتى ناوخۆى خودى حیزبەکان کاریگەرى هەبووە.

دواجار ڕەنگە شتى خراپ بگوتراوە یان ڕەخنە لە پرۆسەى سیاسى هەرێمى کوردستان گیراوە، کە بە ڕاستى ئەوە یەکێکە لەو گازندانەى لەسەر ئەندامانى بەڕێزى بەشێک لە ئەنجوومەنى نوێنەران هەیە، چونکە دەکرێ رێگاى تر هەبێ و ئەو شتانە رووبەڕووى یەکترى بکەینەوە، نابێ هەموو چەکێک بەکاربێت بۆ دژایەتییکردنى یەکترى لەبەردەمى ڕکابەرەکانى کورد دا، کە لە دواجار پێگەى هەرێمى پێ لاواز ببێ، بەتاکید ئەوانە بە ئازار بوونە بۆ هەموو خەڵکى کوردستان، تەسەوڕ ناکەم هیچ کەسێک کە ئەندامێکى ئێمە لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بینیبێت لەسەر پشکى ئێمە، هێرش بکات بێت بۆ سەر هەرێمى کوردستان، جا بە هەر شێوازێک بێ لەبەردەمى میدیاکان و خەڵکى تر، کە هیچ تاکێکى کوردستانى بەوە دڵخۆش نابێ.  

ــ جەنابت لەگەڵ حیزبەکان لە تەنسیق دابووى بۆ ئەوەى ئەم کۆبوونەوەیە سەربگرێ لە سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان، پێشبینى خۆت یان ئەوەى لە دەمى ئەوانەوە گوێت لێبووە، پێتوایە ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکى باشە؟

دڵشاد شەهاب: من پێموایە بە بەراورد لەگەڵ دواینجار کە کۆبوونەوە کرا باشە، چونکە هەندێ هەوڵ هەبوونە بەڵام هەندێجار بەداخەوە هەوڵەکان بە ئەنجام نەگەیشتوون، خۆى لەم ئانوساتەدا بە پیلەوەهاتنى سەرجەم لایەنەکان وە لە ئاستێکى بەرزدا بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوە، خۆى لە خۆیدا ئاماژەیەکى ئیجابییە وە ئەم ئامادەییە لە خۆیەوە نەهاتووە، لە هەستکردنى بە بەرپرسیاریێتى ئەو قۆناغە هاتووە، وە لە بڕوابوونێکش بە جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان وەکو سەرۆکى باڵاترین دەسەڵاتى بەڕێوەبردنى وڵات، وەک چەترێکى کۆکرەوە بۆ لایەن و پێکهاتەکانى کوردستان، خۆشبەخاتە ئەم متمانەیە هەیە وە دەکرێ ئەو شوێنە کە سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستانە ئەگەر لە گۆڕەپانى تر دا خلافات و بۆچوونى جیاوازیش هەبن، بەڵام لێرەدا جۆرێک لە لیک نزیکبوونەوە و دانانى چوارچێوەیەکى هاوبەش بۆ کارەکانمان هەبێ.

سەرچاوە: رووداو

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە