غوزەنفەر بەتییخ: نێچیرڤان بارزانى دانایى و ئەزموون و دیپلۆمەسیەتى هەیە بۆ چارەسەرى کێشەکان میدیا

نوچەنێت:

غوزەنفەر بەتییخ سیاسەتمەدار و ئەندامى هاوپەیمانى فەتح، لە رووماڵێکى تایبەتى رووداو لە (10-4-2021) سەبارەت بە سەردانى نێچێرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، سەردانى نێچیرڤان بارزانى بۆ بەغدا سەردانییەکى گرنگە بەتایبەت دواى پەسندکردنى بودجە، دەشڵێت، لەم سەردانییەدا کارنامە هەیە بۆ چارەسەرکردنى هەموو ئەو کێشە هەڵواسراوانەى کە لە نێوان حکوومەتى فیدراڵ و حکوومەتى هەرێم دا هەیە، نێچیرڤان بارزانیش کاریگەرى خۆى هەیە لەسەر کۆى ئەو کێشانە.

دەقى دیمانەى غوزەنفەر بەتییخ، سیاسەتمەدار و ئەندامى هاوپەیمانى فەتح:

ــ ئێوە پێتانوایە گرنگى سەردانەکەى نێچیرڤان بارزانى بۆ بەغدا و کۆبوونەوەى لەگەڵ مستەفا کازمى و سەۆک سەرۆکارى عێراق، هەروەها لایەنە سیاسییەکانى دیکە چییە؟

غوزەنفەر بەتییخ: پێموایە سەردانى بەڕێز نێچیرڤان بارزانى بۆ بەغدا سەردانییەکى گرنگە، بەتایبەت پاش دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساى بودجەى فیدراڵى، بێگومان لەم سەردانەدا کارنامە هەیە بۆ چارەسەرکردنى هەموو ئەو کێشە هەڵواسراوانەى، کە لە نێوان حکوومەتى فیدراڵ و حکوومەتى هەرێم دا هەیە، دەتوانین بڵێن بەڕێز نێچیرڤان بارزانى کاریگەرى خۆى هەیە لەسەر کۆى ئەو کێشانە، لە ماوەى هەشت یان دە ساڵى ڕابردوویدا ئەو زۆر نزیک بووە لە ئەزموونە و کاریگەرى گەورەى هەبووە، وە پێموایە بابەتى کێشەى مووچە و داهاتەکانى هەرێمى کوردستان، یان ئەوەى لە بودجەدا بڕیارى لەسەر دراوە، هەموو لە کۆبوونەوەکەدا باس دەکرێ.

ــ ئەم سەردانە کاریگەرى گەورەى دەبێ بۆ چارەسەرکردن و یەکلاییکردنەوەى کێشەکانى نێوان هەولێر  و بەغدا؟ 

غوزەنفەر بەتییخ: بێگومان ئەم سەردانە زۆر گرنگە، بەڕێز نێچیرڤان بارزانى دانایى و توانا و دیپلۆماسیەت و ئەزموونى هەیە بۆ چارەسەرکردنى ئەم کێشانە، پێموایە ئێستا هەلەێکى زۆر باش لەبەردەمدایە بۆ لێکتێگەیشتنى نێوان هەرێم و ناوەند، بۆ چارەسەرکردنى هەموو ئەو کێشانەى کە پەیوەندارن بە بابەتى نەوت و گاز هەروەها کێشەى مووچە و شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان، چە لە نێوان هەرێم چە لە نێوان بەغدا، هەروەها بابەتى یاساى بودجە کە دەنگى لەسەر درا، کە لەلایەن حکوومەتى عێراق و وەزارەتەکان جێبەجێ بکرێ، وە پێموایە دەستپێشخەرى چارەسەر بوونیان هەیە، دەبێ باوەڕمان بە چارەسەر هەبێ بۆ گەیشتن بەوەى کە حکوومەتى هەرێم بەو پێیەى جۆرێک لە سەربەخۆیى هەیە بە پێى دەستوور، دەبێ داهاتەکانى خۆى وەربگرێ و ئەو یاسایانەش جێبەجێ بکرێ لە دەستووردا هاتوون، بەتایبەت دەستوورى عێراق، کە دەستوورێکى فیدراڵییە و ژمارەیەکى بەرچاوى لە دەسەڵات داوەتە هەرێمى کوردستان و حکوومەتى عێراق، بۆیە دەبێ ئەوەى لە دەستووردا هاتووە پێویستە چارەسەر بکرێن و ببەن بە بنەمایەک بۆ ڕێککەوتن و گفتوگۆ، کەواتە دەبێ هەردوولا پابەندى زیاتر بن بە ڕێککەوتنەکە بۆ ئەوەى مافى ناوەند بپارێزرێت، لەبەرامبەریشدا هەرێم مافەکانى خۆى وەربگرێ بەو شێوەى لە دەستوور هاتووە. هەروەها ئەرکى سەرشانى حکوومەتى فیدراڵییە ناوەڕۆکى ئەو ڕێککەوتنە بەرامبەر گەلى کورد جێبەجێ بکات.

هەرێمى کوردستان لە ئێستا پێویستى بەوە هەیە هەست بە هاوبەشى بکات لەگەڵ حکوومەتى عێراق دا.

ــ حکوومەتى هەرێمى کوردستان بەردەوام دەڵێت ئێمە پابەندین بە ناوەڕۆکى ڕێککەوتنەکانەوە، بەڵام لە بەغدا فرە بڕیارى هەیە، ڕێککەوتنەکان وەکو خۆى جێبەجێ ناکرێ؟

غوزەنفەر بەتییخ: ئێستا کێشەکە لە نێوان هەردوولا دایە، گەلى کوردستان لە هەرێمە لەڕێگەى پەرلەمانى خۆى و سیستەمى سیاسى خۆى دەنگى داوە، هەروەها دەسەڵاتى داوەتە نێچیرڤان بۆ ئەوەى دانوستاندن و گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتى ناوەندى بکات، پەرلەمانى عێراقیش لە ڕێگەى خەڵکەوە ڕێگەى داوە بە مستەفا کازمى بۆ ئەوەى ڕێککەوتن بکات و نوێنەرایەتى بکا لە دانوستاندنەکان، بۆیە هەردوولا سیفەتى فەرمیان هەیە، پێشموایە هیچ جیاوازییەک نابێ لە نێوان هەردوولادا، چونکە ئەوە لەبەرژەوەندى هەموواندایە، وە ئێستاش بارودۆخەکە زۆر لەبارە بۆ چارەسەرکردنى هەموو کێشەکان، بەتایبەتى دەستپێشخەر و ئاسۆى باش هەیە بۆ نەهێشتنى ئەو ناکۆکییانە لە نێوان سەرۆک وەزیران و بەڕێز نێچیرڤان بارزانى دا، هەروەها ئەوان بۆچوونەکانیان لێک نزیکە، ئەمەیش ڕەنگدانەوەى دەبێ بۆ ڕێککەوتنى هەموو لایەنە عێراقییەکان و هەر کێشەیەک هەبێ دەکرێ چارەسەر بکرێ، وە چارەسەرکردنەکەشى ئەمڕۆ دەبینین جۆرێک لە کاردانەوەى لێدەکەوێتەوە، بۆیە پێویستە هەموو کێشەکان لە چوارچێوەى عێراق دا چارەسەر بکرێ.   

ــ ئەو نەرمى نواندنەى کە باستکرد تا چەند لە ناو لایەنە سیاسییەکانیش ڕەنگى داوەتەوە؟

غوزەنفەر بەتییخ: وەک دەزانن ئێستا گۆڕانکارى نێودەوڵەتى لە ناوچەکەدا هەیە، لە پەیوەندییەکانى نێوان ئەمەریکا و عێراق و دۆخى هەرێمایەتى و هاوپەیمانیەتى، هەروەها هاوبەشى نێوان عێراق و میسڕ و بابەتى پتشگیرى کەنداو بۆ عێراق، ئەوە هەمووى پێویستى بەوە هەیە، کە هەرێم هەست بە هاوبەشى بکات لەگەڵ حکوومەتى عێراق دا، ئەمە تەنها ئەوە نییە کە چى هەیە لە نێوان بەغدا و هەولێردا، بەڵکو بابەتى ستراتیژى هەیە کە پەیوەندى بە هەموو وڵاتەکەوە هەیە، ستراتیژیەتیى مامەڵەکردن لەگەڵ دەوڵەتان و دراوسێیەکان و داعش، ئەوانە هەموویان پێویستیان بە هاوئاهەنگى هەیە، بۆ ئەوەى بگەین بە چارەسەرى نیشتمانیانە.

ــ چارەسەرى نیشتمانیانە چۆنە بە بۆچوونى ئێوە و هاوپەیمانى فەتح؟

غوزەنفەر بەتییخ: ئێمە حەڤدە ساڵە کێشەمان هەیە، لە ماوەى ئەم حەڤدە ساڵەدا هەموو کێشەکان پەیوەندییان بە نەوت و داهاتەکانى هەرێمى کوردستان و دابەشکردنى بودجەوە هەبووە، ئەم کێشانە بەردەوام و دووبارە بووەن، بۆیە ئێستا بابەتى نیشتمانى کە هەموومان هاوبەشین تێیدا، یەکێتیى عێراق و سەقامگیریى سیاسى و بابەتى فیدراڵى کە یەکێکە لە بابەتە فیدراڵییەکان، پێموایە ئەوانە بنەماى چارەسەرکردنى کێشەکان و دەبێ عێراقیش بە خێرایى کێشەکان چارەسەر بکات بەتایبەت دواى پەسندکردنى بودجە، کە دەبێ هەردوولایەن دەستبەردارى بەشێک لە داواکارییەکانیان ببن، ئەمەیش هەمووى لەبەرژەوەندى گەڵى عێراقە، بەڵام تا ئێستا شارەکانى ناوەڕاستى و باشوورى عێراق هەست بە جۆرێک لە مەغدوریەت دەکەن، پێویستە سەرۆک  وەزیرانى عێراق ئەم بابەتە لەگەڵ سەرۆکى هەرێمى کوردستان چارەسەر بکات، کە لەبەرژەوەندى هەموو عێراق بشکێتەوە، بۆ ئەوەى ئەگەر کێشەیەک لە ناوچەکەدا هەبوو بەڕێز سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لەبەر ئەوەى سەرۆکى خەڵکى کوردستانیشە، دەبێ هاوکار بێ لەگەڵ حکوومەتى عێراقى بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشانەى لە دەرەوەى هەرێمى کوردستانیشن، چونکە ئەمە بابەتى ئاوەدانکردنەوە و ژیان دەگرێتەوە، بۆیە پێویستە هەموومان هاوکار بین بۆ ئەوەى کە وڵاتەکە بخەینەسەر ڕێگاى ڕاست، بۆ یەکلاییکردنەوەى چارەنووسى داهاتوو، بەتایبەت لە بوارى ئابوورى و سەروەرى خاکى عێراق. 

 نێچیرڤان بارزانى کاریگەرى باشى هەیە لەسەر چارەسەرکردنى کۆى ئەو کێشانەى لە عێراق دا هەیە.

ــ یاساى بودجە لە پەرلەمان پەسندکرا و دواتریش لە سەرۆکایەتیى کۆماریش پەسندکرا، کە ڕێککەوتن هەبوو لە نێوان هەولێر و بەغدا، پێتانوایە عێراق پابەند دەبێ بە جێبەجێ کردنى ئەم یاسایە؟

غوزەنفەر بەتییخ: پێموایە یاساى بودجە هەموو لایەنە سیاسییەکان پشتگیرییان کرد، هەرچەندە هەندێک ناڕەزاییان هەبوو، وە هەندێکیش لە دەنگدان کشانەوە، بەڵام لە ئەنجامدا یاساکە دانراو و دواتریش بردرایە بەردەم سەرۆک کۆمار ئەویش ڕەزامەندى لەسەردا، بۆیە ئەرکى سەرشانى حکوومەتى عێراقە پڕۆژەیاساى بودجەى عێراق جێبەجێ بکەن، وە مافى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگاکانیش بدە، هەروەها ئەو بڕگانەى لە یاساکەدا هەیە، دەبێ هەردوولا جێبەجێى بکەن، چونکە هەرێم بەشێکە لە عێراق، وە پێمانوایە جیێەجێ کردنى ئەم پڕۆژەیاسایە بەتایبەت کە جۆرێک بوو لە تەنگژەکە، ئێستا تێپەڕێندرا و دەکرێ متمانە دروست بێتەوە لە نێوان هەرێم و بەغدا، هەروەها مستەفا کازمى ئامادەیی خۆى نیشاندا بۆ هاوکاریکردن، ئەمەش لە بەرژەوەندى هەموو خەڵکى عێراق و هەرێمى کوردستان، وە دەبێ کێشەى مووچەى خەڵک چارەسەر بکرێ، بۆ ئەوەى ئەوانیش بەشى خۆیان وەربگرن، لەبەرامبەردا پێویستە کورد ئەو نەوتەى دەیفرۆشن لەگەڵ داهاتە نا نەوتییەکان ڕادەستى حکوومەتى عێراقى بکەن، ئەمانە هەمووى دەبێتە هۆکارى سەقامگیرى زیاتر و بوژانەوەى هەموو پارێزگاکانى عێراق.

سەرچاوە: رووداو

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە