كۆنسوڵی ئوردن لە هەولێر: سەردانی سەرۆكی هەرێم عەمان مێژوویی بوو کوردستانی

نوچە نێت

سەبارەت بە سەردانی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی بۆ ئوردن فوئاد مەجالی،كۆنسوڵی ئەو وڵاتە لە هەولێر جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، ئەو سەردانە مێژوویی و تایبەت بوو.

ئەمرۆ دووشەممە (28/ نیسان/ 2025) ماڵپەڕی (ئەلعەرەب) بڵاوی كردەوە، فوئاد مەجالی كۆنسوڵی ئوردن لە هەولێر رایگەیاند، سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ شانیشینی ئوردن هەنگاوێكی گەورەیە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندی برایانە و مێژوویی نێوان ئوردن و عێراق و هەرێمی كوردستان.

مەجالی جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە، پەیوەندییەكانی نێوان ئوردن و عێراق هەرێمی كوردستان پەیوەندی مێژوویی و تایبەتن، ئەو سەردانەی دوایش بۆ بەهێزكردنی ئەو ئاراستەیە و كردنەوەی دەرفەتی نوێیە بە تایبەت لە بوارەكانی تەندرووستی و خوێندنی باڵا و بازرگانی و بونیادنانی تواناكانە.

ماڵپەڕی عەرەبی نووسیوویەتی، سەردانی سەرۆكی هەرێم لە كاتێدایە ناوچەكە بە دۆخێكی تایبەت تێدەپەڕێت، چ پەیوەست بە گۆڕانكارییەكان لە سووریا، یاخود دانوستاندنەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران،  و بەردەوامی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە.

لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكە هاتووە، سەردانی هەرێمی كوردستان ئەگەرچی بۆ تەركیزكردن بووە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئاڵنگەرییەكان بۆ هەردوولا، بەڵام بەشی گرنگی پەیوەست بوو بە بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا، بەتایبەت لەسەر ئاستی ئابووری و خزمەتگوزاری. 

دیوانی شانشینی ئورد بڵاوی كردەوە، شا عەبدوڵڵاى دووەم و سەرۆك (نێچیرڤان بارزانى)، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە کۆشکى حوسێنیە گفتوگۆیان لەسەر پەیوەندى برایانەى ئوردن و عێراق و رێگەکانى بەهێزکردنى نێوان شانشینى ئوردن و هەرێمى کوردستان لە چەندین بوار کرد.

دیوانی شانشین باس لەوەش دەكات، شا عەبدوڵا جەختی لەسەر پێویستی چڕكردنەوەی هەوڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان كردۆتەوە بۆ گەیشتن بە هێروبوونەوەیەكی گشتگیر لەو ناوچەیە، كە كاریگەری لەسەر ئاسایش و سەقامگیری هەبێت.

بەگوێرەی راگەیێندراوەكە لەو دیدارە دیارترین پرسەكانی ئەو ناوچەیە باس كراوە، بەتایبەت كەرتی عەزە و كەناری رۆژئاوا و سووریا و لوبنان.

لەو دیدارە دا سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئوردنی كردووە كە پاڵپشتی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات، ئەوەش بەرجەستەكردنی ئەو پەیوەندییە مێژوویی و برایانەیە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین