ئێران پێشوازی لە هەڵوێستی نوێی سعوودیە کرد

نوچه‌نێت

سەعید خەتیب زادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەربارەی لێدوانەکانی ئەم دواییانەی شازادەی جێنشینی سعوودیە سەبارەت بە پەیوەندییەکانی تاران و ڕیاز گوتی: ئێران و سعوودیە وەک دوو گەورە وڵاتی ناوچە و جیهانی ئیسلام، دەتوانن بە گرتنەبەری ڕوانگەی دۆستانە و میتۆدی گفتوگۆ وێرای تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان، وەرزێکی نوێ لە پەیوەندییەکان و هاوکاری بۆ گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری و گەشەی ناوچەکە دەست پێبکەن.


ڕۆژی هەینی ٣٠ نیسانی ٢٠٢١، ماڵپەڕی "ڕادیۆ فەرەنسا" بڵاوی کردەوە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتیشی: "کۆماری ئیسلامیی بە خستنەڕووی چەند پێشنیاز و پلان بە مەبەستی گفتوگۆ و هاوکاریی لە ناوچەی کەنداو و لەوانە پلانی پەیجۆری ئاشتی هۆرمۆز (دەستپێشخەری هیوا)، پێشەنگی ڕێگای دۆستی و هاوکاری لە ئاستی ناوچەییدا بووە و پێشوازی لەو گۆڕانەی دەکات لە لێدوانەکانی سعوودیە هاتووەتە ئاراوە". 


پێشتر محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە، لە دیمانەیەکی تەلەڤزیونیدا ڕایگەیاندبوو حکومەتی ڕیاز هەوڵی پەرەپێدان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران دەدات و هیوای خواستبوو پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە ئاسایی ببنەوە و سەقامگیری لە ناوچەکە جێگیر ببێت. 


محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە، لە میانەی ئەو دیمانەیەدا کە ئێوارەی سێشەممە ٢٧ی نیسان بڵاو کرایەوە، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتەکەی لە بەرانبەر ئێران، گوتی: "ئێران وڵاتێکی درواسێیە و ئێمە خوازیاری پەیوەندی باش و جیاوازین لەگەڵ ئەو وڵاتە".

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین