سعوودیە بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییه‌كاندا کەمدەکاتەوە ئابووری جیهان

نوچەنێت

به‌هۆی داخستنی گه‌رووی هورمز له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆی سعوودی دەستی بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە دوو کێڵگەی نەوتیدا کردووە، جەنگی نێوان ئێران بەرامبەر بە ئەمریکا و ئیسرائیل زیانی زۆری ئابووری لێکەوتووەتەوە.

ڕۆژی دووشەممە (2026/3/9) ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاویكردەوە، سعوودیە بەرهەمهێنانی نەوتی لە دوو کێڵگەدا کەمکردەوە، بەڵام هێشتا ئاماژەی بۆ ئەوە نەکردووە له‌ کام کێڵگەی نەوتی و چەند بڕی به‌رهه‌مهێنان كه‌مكراوه‌ته‌وه. هاوکات باس لەوەش دەکرێت، " وەک هەوڵێک بۆ تێپەڕاندنی لێکەوتە بەردەوامەکانی داخستنی گەرووی هورمز، له‌ ئێستادا کۆمپانیای ئارامكۆ سەرقاڵی گۆڕینی ئاراستەی هەندێک لە بارە نەوتییەكانیه‌تی بۆ بەندەری یەنبوع لەسەر دەریای سوور".

بڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیە سەرکردەکانی وڵاتانی (G7) لەوانەش ئەمریکا، ژاپۆن، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، بەریتانیا، ئیتاڵیا و کەنەدا بڕیار لە سیاسەتەکانی وزەی ڕۆژئاوا بدەن و پێویستی و بەرهەم هێنانی هەندێک لە وڵاتانی پیشەسازی ڕێکبخەن. کە زیاتر لە (1.2) ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی گشتی و (600) ملیۆن بەرمیل یەدەگی پیشەسازی هەیە. 

لە کۆتایی هەفتەی ڕابردووەدا عێراق بە رێژەی (70٪) بۆ (1.3) ملیۆن بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگە نەوتییە سەرەکییەکانی باشوور لە ڕۆژێکدا کەمکردووەتەوە، لە ئێستادا نرخی نەوت گەیشتە بەرزترین ئاستی چوار ساڵی ڕابردوو و نزیکەی (119) دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک.

گەرووی هورمز ڕێڕەوێکی ئاوی ستراتیژی جیهانییە، نزیکەی (20%)ــی بەرهەمهێنانی نەوتی جیهان و یەک لەسەر سێی بازرگانی غازی سروشتی شلکراوی پێدا تێپەڕ دەبێت، بە گوێرەی سەرچاوەکان، جەنگی ئێران لە ماوەی (10) ڕۆژی ڕابردوودا (200) ملیۆن بەرمیل نەوتی لە جیهاندا کەم کردووەتەوە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین