هاكان فیدان نەخشەی توركیا لە ئەفریقیا دادەڕێژێتەوە وەرگێڕان

نوچە نێت

وەرگێرانى: ئیسماعیل تەها

سیاسەتی دەرەوەی توركیا یەكێكە لەو لایەنانەی كە زۆرترین گۆڕانكاری لەسەرەخۆ و كارای تێدا کراوە، هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا سەركردایەتی فراوانكردنی ستراتیژیەتی وڵاتەكەی لە ئەفریقیا دەكات, ئەو هەوڵەی هاكان فیدان لە میانەی تیمێكی دیپلۆماسی بەرنامە بۆ داڕێژراوە، كە هەواڵگریی پێشوو و دیپلۆماسی کارا و سەركردایەتی حزبی و تەكنیكی پەیوەست بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا بەرێوەدەبرێت.

جووڵەكانی وەزیری دەرەوەی توركیا لە ئەنقەرەوە بۆ مەقدیشۆ، لە داكارەوە بۆ نیامی، بە پلانێكی ورد بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆسیەكان لەو كیشوەرەیە، چاوی لەسەر قووڵكردنەوەی هەژموونی وڵاتەكەیەتی لە چوارچێوەی سیاسی و ئابووری و ئەمنییەوەیە.

دیپلۆماسیەتی چالاك

فیدان لە جووڵەكانی سوود پاشەكشەی ئامادەبوونی رۆژئاوا و ململانێی كەنداو لەناوچەكانی هەژموونی وەردەگرێت، بەتایبەت فەرەنسا لە زۆربەی وڵاتەكانى ئەو كیشوەرە دوورخراوەتەوە.

گۆڤاری "ئەفریكا ئینتەلیجنس"ی فەرەنسی لە (2025/5/16) دەڵێت، "فیدان تۆرێكی دیپلۆماسی چڕی پێكهێناوە، خەڵكی نوێ و خەڵكی دیكەی لێهاتووی لەگەڵ دایە، هەموویان هەوڵ دەدەن بۆ قووڵكردنەوەی ئامادەبوونی وڵاتەکەیان  لەو كیشوەرە."

هاكان فیدان، سەرۆكی پێشووی دەزگای هەواڵگری لە (2010 بۆ 2023) پێش ئەوەی شوێنی مەولوود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا بگرێتەوە، بە سەرۆكی هەواڵگری توركیا و سێبەری ئەردۆغان و بەڕێوەبەری دۆسیە نهێنەكان ناسرابوو.

سەرەڕای ئەوەی پێویستی راستەوخۆی بە ئەزموون لە ئەفریقیا هەبوو، بەڵام ئێستا پەیكەرێكی نوێی دامەزراندووە، بۆ دووبارە رێكخستنەوەی دۆسیەی ئەفریقا وەك كاری لە پێشینەی ستراتیژیەتی توركیا.

لەو كاتەوەی هاكان فیدان ئەو پۆستەی وەرگرتووە، ئەركی تەنیا سەرپەرشتی ئیداری نییە، بەڵكوو بۆتە رووی سەرەكی دیپلۆماسیەتی توركیا لە كیشوەری ئەفریقیا.

هەروەك سەردانی دانووستاندنی راستەوخۆ و رێككەوتنی ئەمنی و بازارگانی و دووبارە رێكخستنەوەی وەزارەت رەنگدانەوەی لەسەر فراوانكردنی لەو كیشوەرە هەیە، ئەوەش بە روونی لە میانەی كۆڕبەندی دیپلۆماسی ئەنتاڵیا لە (2025/4/12) دەركەوت، چونكە زیاتر لە (40) شاندی ئەفریقى بەشداربوون، ئەو دیمەنەش رەنگدانەوەی ئەو بەرەو پێشچوونانەیە لەسەر ئەو پەیوەندیە هاوبەشانەی ئەنقەرە لەو كیشوەرە درووستی كردووە.

هاكان فیدان و تیمەكەی سەرمەشقی ئەو كارەن، سەرۆكایەتی دیدارەكان دەكەن، ئەفریقا لە پێشەوەی سیاسەتی دەرەوە دەدانێن، دۆسیەى ئەفریقیا  بایەخى لە دۆسیەى سووریا و ئەوروپا كەمتر نییە.

سەركردایەتی تیمى وەزارەتى دەرەوە لە ئەفریقا

بۆ جێبەجێكردنی ئەو سیاسەتە فرە لایەنە، هاكان فیدان پەیكەری وەزارەتەكەی رێكخستەوە، ئەوەش لە میانەی پێكهێنانی تیمێكی لێهاتوو، دیارترین كەسەكانى ئەو تیمە، بورهانەدین دەوران، جێگری وەزیری دەرەوەیە كە تەنیا ئەركی ئەفریقیایە.

دەوران، مامۆستای زانكۆ و بیرمەندە لەسەر رەوتی ئیسلامی موحافیزكار حیسابە، پێشتر بەرێوەبەری دامەزراوەی "سیتا" بۆ لێكۆڵینەوە بوو، كە ناوەندێكی لێكۆڵینەوەی سەر بە پارتی داد و گەشەپێدانە، لە (2024) كراوە بە جێگری وەزیری دەرەوە و بۆ تایبەت كراوە بە كاروباری ئەفریقیا، هەر چەندە ئەو پیاوە لە گۆڕەپانی ئەفرقیا نوێیە بەڵام توانیوویەتی لە ماوەیەكی كورت جێپەنجەی بە روونی لەسەر دۆسیەكان دیار بێت، دۆسیەی نێوەندگیری نێوان سۆماڵ و ئەسیوبیای وەرگرت، كە لەسەر سۆمایلاند ناكۆك بوون.

لە مانگی نیسانی (2025) دەوران بۆ گفتوگۆ لەگەڵ شەخبوت بن نیهان وەزیری دەوڵەتی ئیمارات لەسەر دۆسیەی ئەمنی كیشوەری ئەفریقیا سەردانی ئەبوو زەبی كرد.

هەڵبژاردنی دەوران تەنیا لەبەر ئەوە نییە كە لە پارتی فەرمانڕەوا نزیكە، بەڵكوو خواستی فیدان لە هەڵبژاردنی ئەو كەسە فكرییە بۆ ئەوەیە كە توانای دانوستاندنی سیاسی و ئیدارەدانی  دیپلۆماسییە ئالؤزە خاوەن رەهەندە ئایدۆلۆژییەكانی هەیە.

لێرە رەفیق عەلی ئۆنانیر، بەرێوەبەری باكوور و رۆژهەڵاتی ئەفریقیاش ئامادەیە، كە دیپلۆماتكارێكی لێهاتووە، بە فەرەنسییەكی زۆرباش قسە دەكات، پێشتر باڵیۆزی توركیا بووە لە تونس و فەرەنسا، لە (2024) دۆسیەی باكوور و رۆژهەڵاتی ئەفریقای وەرگرت، كە ناوچەیەكی سەرەكی ئەنقەرەیە، تێیدا تەركیزی لەسەر وەبەرهێنان و بوونی سەربازیی توركییە، بەتایبەت لە سۆماڵ و سوودان.

ئۆناتسر خاوەنی پاشخانی فێركردنی نوخبەیە، دەرچووی قوتابخانەی فەرەنسایە لە ئەنقەرە، خوێندنی لە قوتابخانەی نیشتیمانی بۆ بەڕێوەبردن لە فەرەنسا تەواوكردووە (ENA)، هاوڕێی ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی ئێستای فەرەنسایە.

ئۆنانیر بەوە ناسراوە، كە خاوەن توانایە لە دۆسیە هەستیارەكان، رۆڵی سەرەكی لە دۆسیەی ناكۆكی نێوان سۆماڵ و ئەسیوبیا هەبوو، كە لە كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو ئەنقەرە توانی كۆتایی بە ئاڵۆزییەكانی نێوان سۆماڵ و ئەسیوبیا بهێنێت.

هەروەك چاودێری پڕۆژە گەورەكان دەكات كە كۆمپانیانی توركیا بۆ بونیادنەوەی ژێرخانی ئەفریقیا كاری تێدا دەكەن، بەتایبەت هێڵی ئاسنی تەنزانیا و ئۆگندا، جگە لەوەش بەدواداچوون بۆ ئەو بەربەستە یاساینانە دەكات كە رووبەڕوووی كۆمپانیای (Yapi Merkezi) لە ئەسیوبیا دەكات.

ئەندامانی تیم

دوای ئەوانە كۆی ئەندامانی ئەو پێكهاتە دیپلۆماسییە دێت، لەوانە ڤۆلكان ئیشكچی، بەڕیوەبەری باشووری ئەفریقیا و مینبەرە فرە لایەنەكان، ئیشكچی پێشتر باڵیۆز بووە لە كامیرۆن، ئێستا بەرپرسی وڵاتانی باشووری كیشووەر و رێكخراوە هەرێمییەكانی ئەفریقیایە، لە پەیكەری نوێ فیدان بۆ پاڵپشتی پسپۆڕیی ناوچەیی دەستی كراوە كردووە.

ڤۆلکان پەیوەندی لەگەڵ كۆمەڵەی گەشەی باشووری ئەفریقیا هەیە، مامەڵە لەگەڵ دۆسیە بازرگانی و سەربازییە تازەكان دەكات، بەتایبەت زامبیا و باشووری ئەفریقیا و مۆزەنبیق.

پاش ڤۆلکان شینەنیم جینگ، بەڕێوەبەری رۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەفریقیایە، دیپلۆماتكارێكە بە فەرەنسی قسە دەكات، پێشتر لە غینای ئیستوائی بووە.

پاشان كرا بە بەرپرسی دۆسیەی رۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەفریقیا، پەیوەندی بنەڕەتی لەنێوان ئەنقەرە و باڵیۆزەكانی لە ناوچەی ساحل هەیە.

جینگ لە نزیكەوە چاودێری رووداوە سیاسی و ئەمنییەكان لە نەیجەر، مالی، بۆركینافاسۆ دەكات و سەرپەرشتی دووبارە بونیادنانەوەی هەژموونی توركیا دەكات لە سایەی كشانەوەی هێزەكانی فەرەنسا لەو هەرێمە.

نور ساجمان، باڵیۆزی توركیا لە سەنیگال و بەرپرسی جێبەجێكاری پەیوەندییەكان لە رۆژئاوای ئەفریقیا، بە یەكێك لە كەسە بەهێزە مەیدانییەكان لە تیمی فیدان دادەندرێت.

ساجمان پێشتر بەرپرسی نووسینگەی ئەفریقیا بوو لە سەرۆكایەتی كۆمار، ئەمرۆش لە داكار نیشتەجێیە و دۆسیەكانی پەیوەست بە سەنیگال و رەئس ئەزخەر بەڕێوەدەبا، هەوڵی بەهێزكردنی هاوپەیمانی توركی و باسیرۆ فای، سەرۆكی سەنیگال دەدات، جگە لەوەش كۆڵەگەیەكی ئابووری بۆ ئەنقەرە لە رۆژئاوای ئەفریقیا لە میانەی بەهێزكردنی رۆڵی كۆمپانیای (Summa)ی توركی بۆ بیناسازی هەبوو، هەروەها سەرپەرشتی پڕۆگرامی فرۆشتنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی (TB2) دەكات، بە هاوسەنگیش پڕۆژە كلتووری و بازرگانییەكان لەگەڵ دۆسیە ئەمنییەكان رێك دەخات.

دوا كەس ئەلوب ئایە نوێنەری تایبەت بۆ دانوستاندنەكان لەنێوان مەقدیشۆ و سۆمایلاندە، پێشتر باڵیۆز بوو لە ئەنگۆلا، پاشان بۆ پۆستێكی هەستیار دیاری كرا، تاوەكوو دانووستاندن لەنێوان حكومەتی سۆماڵی و دەسەڵاتدارانی سۆمایلاند بكات، ئەلوب لە كاتێكی هەستیار چاودێری رووداوەكانی دەكرد، كە هاوكات بوو لەگەڵ ئاڵۆزییە هەرێمییەكان و ئەگەری دەستوەردانی ئەمەریكی لە بەرژەوەندی سۆمایلاند بە پاڵپشتی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا، ئەلوب ئای راستەوخۆ بەبێ كەسی دووەم رێنماییەكانی لە هاكان فیدان وەردەگرت، بە شاندنی تایبەتی هاكان دادەندرێت لە كیشوەری ئەفریقیا.

ئەركی ئەو تیمە تەنیا دۆسیە سیاسییەكان نییە، بەڵكوو دۆسیەی بازرگانی چەك و بەڵێندەرایەتی و ژێرخانیش دەگرێتەوە، لە پاڵ لایەنی هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری فیدان دەسەڵاتەكانی وەزارەتی دەرەوەی فراوان كردووە، بۆ ئەوەی برەودان بە هەناردەی چەكیش بگرێتەوە، ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ یەشار گولەر، وەزیری بەرگری توركیایە، كە بەردەوام بۆ واژۆكردنی گرێبەستی سەربازیی سەردانی ئەفریقیا دەكات.

هەروەك هەماهەنگی لەگەڵ هالوك گورگۆن، سەرۆكی دەستەی پیشەسازیی بەرگریش كردووە، كە ئەركی بازاڕكردنی نێودەوڵەتییە بۆ چەكی توركی.

هەندێك جار گەشتی ئەو سێكە گەشتی دیپلۆماسی و ئەمنی هاوبەش لەناو كیشوەری ئەفریقیا دەكەن، وەك گەشتی نەیجەر لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزی ساڵی رابردوو. 

بۆ گرەنتی بەردەوامی لایەنگری سیاسی بۆ هەژموونی توركیا هاكان فیدان لە میانەی تیمەكەی هێڵەكانی پەیوەندی لەگەڵ پارتە فەرمانڕەواكان لە وڵاتانی ئەفریقیا بەكار دەهێنێت.

لە (2024) ئەردۆغان زافر سەیراكایا، جێگری سەرۆك لە پارتی دادوگەشەپێدان رەوانەكرد، بۆ واژۆكردنی چەند رێككەوتنێك لەگەڵ حزبی رەخای ئەسیوبی و پارتی كۆنگرەی نیشتیمانی سۆماڵی و پارتی رەخای جیبۆتی و پارتی كۆنگرەی نیشتیمانی ئەفریقی لە باشووری ئەفریقیا.

یەكێك لە دیارترین ئەو دۆسیانەی فیدان و تیمەكەی ئێستای كاری لەسەر كردووە، ئەویش رێكخستنەوەی ئامادەكاریی ئەنقەرەیە بۆ رێكخستنی لوتكەی توركی ــ ئەفریقیای نوێ لە لیبیا لە ساڵی (2026) كە گرەو لەسەر ئەنجوومەنی پەیوەندییە ئابوورییە دەرەكییەكان DEIK و كۆمەڵەی MÜSİAD بۆ بەهێزكردنی هەژموونی بازرگانی دەكەن.

گۆڤاری ئەفریكا ئینتیلیجنس باس لەوە دەكات، ئەو ستراتیژیەی توركیا، كە هاكان فیدان دایناوە، ئەوە تەنیا سیاسەتی نوێی دەرەوە نییە، بەڵكوو دووبارە داڕەشتنەوەی تەواوی رۆڵی ئەنقەرەیە لە كیشوەری ئەفریقیا.

گۆڤارەكە نووسیوویەتی، هەموو كەسایەتیەك لە تیمەكەی هاكان فیدان، زۆر بە وردی هەڵبژاردووە، هەموو ئەركێك بە تۆكمەیی بەڕێوەدەبرێت، لەگەڵ چوونی توركیا بۆ قۆناغێكی نوێ لە تموحی جیهانی دەردەكەوێت ئەفریقیا، تەنیا هاوبەشێكی ئابووری ئەنقەرە نییە، بەڵكوو گۆڕەپانی پشتەوەیە بۆ پڕۆژەی جیۆسیاسی ئەردۆغانیشە، بە ئامرازە نوێكان و واژۆ هەواڵگرییەكانی كان فیدان.

سەرچاوەكان: 

  1. Turkish Foreign Minister Fidan builds ambitious Africa team in Ankara
  2. منتدى أنطاليا الدبلوماسي مبادرة تركية لتعزيز الحوار وحل الملفات الشائكة
  3. Hakan Fidan: ‘In Africa, Turkiye offers its counterterrorism expertise to those who seek it’
  4. Peace not sustainable without economic progress, prosperity: Fidan at G20
  5. Turkish foreign minister meets with South African counterpart in Johannesburg
  6. Türkiye doing everything it can to put end to conflicts in Africa: Foreign minister

سەرچاوە: ماڵپەڕى ئیسقلال

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین