مەسرور بارزانی: داعش خەریکی خۆرێکخستنەوەیە کوردستانی

سیهام میران – نوچەنێت

دەربارەی هێرشەکەی شەوی رابردوو کە لەلایەن داعشەوە کرایە سەر پێشمەرگە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم پەیامێکی بڵاوکردەوە تێیدا دەڵێت، "داعش خەریکی خۆرێکخستنەوەیە سوود لەو بۆشایانە وەردەگرێت کە ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم هه‌یه‌".

شەوی رابردوو داعش لە میحوەری رۆژئاوای کەرکوك هێرشی کردە سەر پێشمەرگە لە ئەنجامدا سێ پێشمەرگە شەهیدکران و دووی دیکەش برینداربوون، لە بارەی ئەم رووداوە مەسروربارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێـم ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ یه‌كى ئایار پەیامێکی بڵاوکردۆتەوە ئەمەش دەقی پەیامەکەیه‌تى:

بە داخێکی زۆرەوە شەوی ڕابردوو، لە ئەنجامی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هێزی پێشمەرگە لە سنووری پردێ ، چەند پێشمەرگەیەك شەهید و برینداربوون . پرسە و سەرەخۆشی خۆم بە بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەكان ڕادەگەیەنم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم . هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازم .

وەک چەندین جار دووپاتمان کردووەتەوە، داعش خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە و هێشتاش هەڕەشە و مەترسییەکی ڕاستەقینەیە لە چەندین ناوچەی عێراق، بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کە سوود لەو بۆشاییە ئەمنیە وەردەگرێت کە لەو سنوورانەدا هەیە. بۆیە جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی هەماهەنگیی ئەمنی لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە دەکەینەوە. هەروەها بەردەوامبوونی ڕاهێنان و هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە لایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و مانەوەیان لە عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، بە گرنگ و پێویست دەزانین بۆ شکستپێهێنانی یەکجارەکی داعش و نەمانی هەڕەشە و مەترسییەکان بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی."

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین