كەی دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان دەكرێتەوە؟ کوردستان- عێراق

نوچە نێت

ئا: هەڵگورد مەسعود

شاندێكی تەكنیكی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان لە بەغدان، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی مووچە و هەناردەكردنەوەی كوردستان، هاوكات وەزیری نەوتی عێراق  ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یان سبەی دەست بە وەرگرتنی نەوتی كوردستان دەكەین، ئەگەرچی بە هۆی هێرشە درۆنییەكان بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكان ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی كوردستان دابەزیوە.

لیژنە هاوبەشكانی هەولێر و بەغدا مووچەی فەرمانبەران تاوتوێ دەدەن

ڕۆژی چوارشەممە (شەشی ئاب/2025) شاندێكی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان گەیشتنە بەغدا، ئەمەیش دوای ئەوەی دوێنێ، لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق داواكرابوو شاندێكی هەرێم سەردانی بەغدا بكات بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتیی دارایی و تاوتوێكردنی پرسەی مووچە و نەوتی كوردستان.

بەپێی زانیارییەكان ئەمڕۆ شاندەكەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لیژنە هاوبەشەكانی حكوومەتی عێراق دەست بە گفتوگۆكانیان دەكەن سەبارەت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

بەغدا دەست بەوەرگرتنی نەوتی كوردستان دەكات

 هاوكات هەر ئەمڕۆ لە كەركووك حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدای لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێی ڕاگەیاندووین، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ڕۆژانە لە کێڵگە نەوتییەکانیان گەیشتووەتە (130) هەزار بەرمیل نەوت. لەو بڕە، 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستیی ناوخۆیی هەرێم بەکار دەهێنرێت، 80 هەزار بەرمیل نەوتیش هەناردەی دەکەین.

سەبارەت بە كاتی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی كوردستان، وەزیری نەوتی عێراق ڕاشیگەیاند، ئەمڕۆ یان سبەی، دەست بە بە وەرگرتنی نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین و لە ڕێگەی کۆمپانیای 'سۆمۆ'ـەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیای دەکەین.

جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لە هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانیشی کرد و گووتی، بەهۆی ئەو هێرشانەوە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دابەزیوە و هەندێک کۆمپانیاکانیش کارەکانیان ڕاگرت، ئەگەر ئێمە نەوتی هەرێمی کوردستان وەربگرین و هەناردەی بکەین، کۆمپانیاکانی دیکەش دەگەڕێنەوە سەر بەرهەمهێنان و ئاستی بەرهەمی نەوتی هەرێم زیاد دەکات.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین