دادگاییکردنی ئیمامئۆغڵو بەهۆی دۆسیەی سەرۆکی داواکاری گشتی ئەستەنبۆڵ بەڕێوەچوو هەواڵ

نوچه‌نێت

وەرگێرانی: دنیا ئەحمەد

دانیشتنی دووەمی دادگایکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی شارەوانی ئەستەنبۆڵ بەهۆی دۆسیەی قسەکانی دژی ئاکین گورلەک، سەرۆکی داواکاری گشتی ئەستەنبۆڵ بەرێوەچوو. ئیمامئۆغڵو رایگەیاند، "من لە بەردەم دادوەرم بەهۆی ئەوەی سەرکەوتنم بەدەست هێنا بەرانبەر بە ئەقڵیەتی ئەو کەسانە کە دەیانگۆت ئەگەر ئەستەنبۆڵ ببینەوە واتا تورکیامان بردۆتەوە."

 دووەم دادگایکردنی ئیمامئۆغڵو ئەمڕۆ بەرێوەچوو، بەهۆی ئەو قسانەی کردبووی کە تێدا بە تۆمەتی "هەڕەشەکردن و تاوانبارکردنی ئەو کەسانەی کە دەستیان لە دژی تیرۆر هەیە" بەرامبەر بە  سەرۆکی داواکاری گشتی ئەستەنبۆڵ دۆسیەکیان بۆ کردۆتەوە و بەوهۆیەشەوە دادگایکرا.

سەرۆکی پێشووی شارەوانی ئەستەنبۆڵ لە ئێستادا لە زیندانی سیلڤیری زیندانی کراوە و چەند تۆمەتێکی خراوەتە پاڵ، بەوهۆیەشەوە لە کارەکەی دورخرایەوە و لەلایەن دادگاوە داوا دەکرێت بۆ ماوەی (7) ساڵ و چوار مانگ زیندانی بکرێت و بێبەش بکرێت لە مافی دەنگدان و لە هەڵبژاردنەکانیش دوربخرێتەوە.

بەهۆی بەڕێوەچوونی دادگا، هەریەک لە ئۆزگور ئۆزەڵ، سەرۆکی گشتی جەهەپە و خێزان و منداڵەکانی و چەند پەرلەمانتارێکی جەهەپە و سەرۆکی شارەوانی ئوسکودار و زۆرێک لە لایەنگران بەشداری دانشتنی دادگاییەکە بوون و لە نێو هۆڵەکە بە دروشمی "تورکیا شانازی بە تۆ دەکات و هەمووشتێک باش دەبێت و بەخێر بێیت سەرۆک" پێشوازی لێکرا و دادگایکردنەکە لە دادگای مەڕمەرە بەڕێوەچوو. 

ئیمامئۆغلو رایگەیاند، "من لە بەردەم دادوەرم بەهۆی ئەوەی سەرکەوتنم بەدەست هێنا بەرانبەر بە ئەقڵیەتی ئەو کەسانە کە دەیانگۆت ئەگەر ئەستەنبۆڵ ببینەوە واتا تورکیامان بردۆتەوە."

لەبەردەم دادگا ئاماژەی بەوەشکرد، "بروانامەی من کە وەک شیری دایکم حەلالە لێیان قەدەغە کردم، لاپەرەی فەرمی سۆشیاڵ میدیایان لێ داخستم و هەڵواسینی وێنەی منیان قەدەغە کردووە بەڵام با دڵنیابن ناتوانن من لە دڵی ئەو میللەتە بسرنەوە."

سەرۆکی پێشووی شارەوانی ئەستەنبۆڵ دەشڵێت، "لێرەوە بانگهێشتی دەسەڵات دەکەم، واز لە نایاسایی و یاسای دژی مرۆڤ بێن و با من دادگای نەکەن بەڵکو سزام بدەن."

لە کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییەکە، سەرۆکی داواکاری گشتی ئەستەنبۆڵ سووربوو لەسەر سکاڵاکەی و دواشی کرد بەگوێرەی ئەو تۆمەتانەی خراوەتە پاڵ ئیمامئۆغڵو سزا بدرێت، هەروەها پارێزەرانی ئیمامئۆغڵوش داوایان کرد کاتی پێویست تەرخانبکرێت بۆ ئیمامئۆغڵو بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگری لەخۆی بکات. بەوهۆیەشەوە دادگاییەکە بۆ (16)ـی تەمووز دواخرا.

جێگەی ئاماژە پێدانە، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبۆڵ لە (19)ـی ئاداری (2025)، سەر لەبەیانی هێزێکی ئەمنی تورکیا هەڵیانکوتایە سەر ماڵی سەرۆکی گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵ بە بیانوی چەند تۆمەتێک دەستگیریان کرد. 

هاوکات، لەدوای دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)  رایگەیاند، ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆ سەرۆکی شارەوانی کاندیدی پارتەکەمانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بۆ ساڵی(2028)، هەروەها لەلایەن (13) ملیۆن و (211) هەزار کەس وەک لایەنگرانی جەهەپە ئیمامئۆغڵیان هەڵبژارد وەک کاندیدی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا .

سەرچاوە: ئاژانسی بی بی سی

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین