نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەمەریكا بەشداری لە هێرشەكانی ئیسرائیل كردووە ئێران

نوچە نێت

باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، "هێرشەکانی نایاساییەکانی ئیسرائیل بەردەوامن، ئاشکرایە پێشێلکارییەکی گەورەی دەستووری نەتەوە یەکگرتووەکان و بنەما بنچینەییەکانی یاسای نێودەوڵەتین".

ڕۆژی سێشەممە (17/حوزەیران/2025) مالپەڕی (ئێرنا) بڵاویکردەوە، ئەمیر سەعید ئیراڤانی، نێردراوی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتی کردەوە، "ئێران بە توندی بەرگری لە خاکەکەی دەکات لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران (1,481) هاووڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون".

ئیراڤانی جەخت لەوە دەکاتەوە، تاران بە دڵنیاییەوە ئاسایش و یەکپارچەیی خاکی خۆی دەپارێزێت و ئەمەریکا بە هاوبەش دەزانێت لە دەستدرێژییە ئاشکراکانی ئیسرائیل، ترسناکترین لایەنی ئەم هێرشە ئەوەیە کە ڕژێمی ئیسرائیل دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانی ئێرانی کردۆتە ئامانج کە بە گوێرەی بنەماکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کاردەکات.

نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت، "واشنتۆن پشتگیری هێرشەکانی ئیسرائیلی کردووە چونکە ئێمە دڵنیاین لەوەی بەبێ چەک، هەواڵگری و پشتیوانی سیاسیی ئەمەریکا ئەم هێرشە جێبەجێ نەدەکرا".

دیپلۆماتکارە ئێرانییەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەمەریکا بە نیازێکی خراپ هەڵسوکەوتی کردووە و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی لاواز کردووە. کردەوەکانی ئیسرائیل ئاماژەیە بۆ پلانێکی فراوانتر بۆ تێکدانی دانووستاندنەکان و برەودانی زیاتر بە ناکۆکییەکان.

ئیراڤانی هۆشداری دا کە ئەگەر هەر وڵاتێک پشتیوانی لە دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بکات، بەرپرسیارێتی یاسایی دەکەوێتە ئەستۆ و ئێران داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی دەستبەجێ دەکات بۆ ئیدانەی دەستدرێژییەکە و وەستاندنی هێرشەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە بەڵام ئەنجومەنەکە هێشتا هیچ هەنگاوێکی نەناوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین