وەزیری بەرگریی تورکیا سەردانی سنووری نێوان تورکیا و ئێرانیان کرد تورکیە

نوچە نێت

وەزیری بەرگریی تورکیا و فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی تورکیا و شاندێکی باڵای سەربازیی بە سەردانێکی لەناکاو گەیشتە سنووری نێوان ئێران و تورکیا بە مەبەستی بەسەرکردنەوە و بەدواداچوون بۆ یەکە سەربازییەکانیان لە ئەگەری هەر هێرشێکی لەناکاو لە ناوچەکە.

ڕۆژی چوارشەممە (18/حوزەیران/2025) ماڵپەڕی (تەرەتە) بڵاویکردەوە، لەکاتێکدا شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران بەردەوامە، ئەمڕۆ یەشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا و مەتین گوراک سەرۆکی ئەرکانی گشتی و ساڵچوک بایراکترۆغڵو فەرماندەی هێزەکانی وشکانی و زیاد جەمال کادیئۆغڵو فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی تورکیا بە سەردانێک بۆ بەدواچوون لە هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەیان لە سنووری ئێران سەردانی شاری وانیان کرد.

بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، وەزیری بەرگریی تورکیا و شاندەکەی  لەسەردانەکەیاندا لەلایەن پارێزگاری وان پێشوازی لێکرا، بنکەکانی سنوورەکەیان بەسەر کردەوە و لەگەڵ فەرماندەی فەوجی چواری سنووری شنگاڵ کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و تاوتوێی چاڵاکییەکان و ئامادەکارییەکای یەکە سەربازییەکانیان بۆ ئەگەری هەر ڕووداوێک لە سنوورەکانیان کرد.

جێگەی ئاماژە پێدانە، پێکدادانەکانی ئیسرائیل و ئێران بۆ ڕۆژی شەشەم بەردەوامە و تادێت ململانێکانی هەردوو وڵات لە زیادبووندایە، تورکیاش وەک وڵاتێکی دراوسێ و نزیک لە ئێران ترسی لە بڵاوبوونەوەی شەڕەکەیە لە ناوچە و لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکە بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێرانی کرد و پێشیوایە ناوچەکە بەرگەی شەڕێکی دیکە ناگرێت. 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین