کارەبا، شادەماری ژیانی ئابووریی ئیسرائیل وەرگێڕان

نوچە نێت: تایبەت

ئا: شادی عەبدوڵلا

 

کارەبا ئەو سێکتەرەیە کە بە شادەماری ژیانی مۆدێرن دەناسرێت و یەکێکە لە بنچینە سەرەکییەکان بۆ ژێرخانەکانی هەر وڵاتێک.

گرنگیی کارەبا بەتایبەتی لە کاتی قەیرانەکاندا زیاتر دەردەکەوێت، چونکە پچڕانی کارەبا دەتوانێت کاریگەریی بەربڵاوی نەرێنی و زیانی قەرەبووهەڵنەگر بگەیەنێت بە گوزەرانی گشتی، ئابووری، ئارامی و سەقامی کۆمەڵایەتی و، بەتایبەتی ئاسایشی نیشتمانیی هەر وڵاتێک. بۆیە لە کاتی جەنگەکانیشدا، کارەبا یەک لەو کەرتانەیە کە لایەنە تێکهەڵچووەکان وەک ئامانجێکی گرنگی جەنگی بۆ زیانگەیاندن بە لایەنی بەرامبەر، چاوی لێ دەکەن.

لە کاتێکدا کە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران گەیشتووە بە لێدانی ژێرخانەکانی یەکدی، ئاژانسی هەواڵیی تەسنیم سەر بە هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لە یادداشتێکدا، وەک شادەماری ژیان و لە هەمان کاتدا خاڵی لاوازیی ئیسرائیل، باس لە کەرتی کارەبای ئەو وڵاتە دەکات و بە چەند خاڵێک هۆکارەکانی هەستیاربوونی ئەو کەرتە لە دۆخی جەنگیدا ڕوون دەکاتەوە:

دورگەی کارەبایی، خاڵی هەستیاری ژێرخانی

وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئیسرائیل وەک بڕبڕەی پشتی ئابووری و ئاسایشی نیشتمانیی ئەو وڵاتەن. ساڵانە (٧٦) هەزار  گیگاوات بۆ هەر کاتژمێرێک، کارەبا بەرهەم دێنن. بەڵام دوو تایبەتمەندی وا دەکات ئەم کەرتە لە دۆخی قەیراندا زۆر هەستیار بێت. یەکەمیان ئەوەیە کە تۆڕی کارەبای ئیسرائیل بە شێوەی دورگەییە، واتە بە تۆڕی کارەبای وڵاتانی دەوربەریەوە نەبەستراوەتەوە. ئەم تەریکبوون و جیابوونەوەیەی لە تۆڕی کارەبای وڵاتانی دراوسێ، بەشێکی بۆ هۆکاری سیاسی دەگەڕێتەوە و بەشێکی پێوەندیی بە گەشەنەسەندوویی سیستەمی کارەبای وڵاتانی دراوسێ وەک ئوردن و میسرەوە هەیە. ئەمەش وا دەکات لە ئەگەری هەرچەشنە زیانێک بە تۆڕی کارەبای ئیسرائیل، دەرفەتی قەرەبووکردنەوەی لە دەرەوە نەبێت.

تایبەتمەندیی دووەمی تۆڕی کارەبای ئیسرائیل کە لەم دۆخەدا بووەتە خاڵی لاوازی بۆی، چڕبوون و لێک‌نزیکبوونی وێستگە گرنگەکانە لە ڕووی جوگرافیاییەوە.

وەک تەسنیم ئاماژەی پێ کردووە، گرنگترین وێستگەکانی ئیسرائیل بریتین لە ئۆرووت ڕابین بە ئاستی بەرهەمهێنانی (٢،٥٩٠) مێگاوات لە ناوچەی هادرە، ڕۆتنبێرگ بە ئاستی بەرهەمهێنانی (٢،٢٥٠) مێگاوات لە ئەشکەلۆن، هاگیت بە ئاستی (١،٠٣٠) مێگاوات، گزر بە ئاستی (١،٣٣٢) مێگاوات و دووڕاد بە (٨٠٠) مێگاوات. ئەم پێنج هێزگە گەورە کارەباییە، پێکەوە زیاتر لە (٣٦٪)ـی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی ئیسرائیل پێک دێنن. چڕبوونی جوگرافیایی وێستگەکان وا دەکات زیانپێگەیاندنیان ئاسانتر بێت. چونکە ناوچەی عەسقەلان و دەوروبەری نزیکی (٢٧٪)ـی کۆی بەرهەمهێنانی کارەبا لەخۆ دەگرن و ناوچەی حەیفاش بەشێکی بەرچاوی بەرهەمهێنانی کارەبای لەئەستۆیە. ئەم چڕبوون و لێک نزیکبوونە، بە واتای ئەوە دێت کە بە ئامانجگرتنی چەند خاڵی سەرەکی، دەتوانێت بەشێکی زۆری توانای بەرهەمهێنانی کارەبا پەک پێ بخات.

گرێدراویی پیشەسازیی ستراتیژیک و ژێرخانە سەرەکییەکان بە کارەباوە

ئابووریی ئیسرائیل کە بەشی زۆری لەسەر تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، پیشەسازیی بەرگری، خزمەتگوزاریی دارایی و بەرهەمە پیشەییەکانە، بە کارەبای بەردەوام و بێ‌پچڕان بەستراوەتەوە. پیشەسازیی تەکنەلۆژیا کە زیاتر لە (٢٠٪)ـی بەرهەمی ناپوختەی ناوخۆیی وڵات و زیاتر لە نیوەی هەناردەی وڵاتەکەش پێک دێنێت، بە بەکارهێنانی نزیکی (١٥٠٠) تا (٢٠٠٠) مێگاوات، بە گەورەترین کەرتی بەکارهێنەری کارەبای ئیسرائیل دێتە ئەژمار. 

کۆمپانیاکانی وەک Check Point، Wix، monday.com و ناوەندەکانی توێژینەوە و گەشەپێدانی زیاتر لە (٤٠٠) کۆمپانیای فرەنەتەوە، لەوانە IBM، گووگڵ و فەیس‌بووک، بەتەواوی وابەستەی کارەبان. پچڕانی کارەبا لەم سێکتەرانەدا، دەکرێ ببێتە هۆی وەستانی چالاکیی ناوەندەکانی داتا و زانیاری و لەمپەری گەورە بۆ گەشەپێدانی تەکنەلۆژیا و کەمبوونەوەی ئاستی هەناردە دروست بکات.

لەلایەکی دیکەوە، پیشەسازیی بەرگریی ئیسرائیل کە تەنیا لە ساڵی (٢٠٢٤)ـدا، بە بڕی (١٤،٨) ملیار دۆلار هەناردەی تێدا کراوە، بە ئاستێکی بەرچاو وابەستەی وزەی کارەبایە. کۆمپانیاکانی وەک ڕافائیل، پیشەسازیی هەوایی و بۆشایی ئاسمانی ئیسرائیل و ئەلبیت بۆ بەرهەمهێنانی سیستەمە پێشکەوتووەکانی بەرگری، پێویستیان بە کارەبای بەردەوام هەیە.

بە هەمان شێوە بەگوێرەی داتاکانی دامەزراوەی توێژینەوەیی ئاراڤا(Arava)، وێستگەکانی پاڵاوتنی ئاو کە (٨٠٪)ـی ئاوی شیرینی وڵات دابین دەکەن، (٣٠٠) مێگاوات کارەبا بەکار دەبەن. پێنج دامەزراوەی گەورەی پاڵاوتنی سوێری لە ئاو، کە بریتین لە ئەشکەلۆن، پالـماخیم، هادرە، سورک و ئۆشدوو، بۆ بەرهەمهێنانی هەر مەترێک سێجای ئاو، لە کاتژمێرێکدا (٣،٥) کیلۆوات کارەبایان پێویستە. کەواتە بەرهەمهێنان و پاڵاوتنی ئاویش لە ئیسرائیل بە تەواوی گرێدراوی وزەی کارەبایە. لە ئەگەری لەکارکەوتنی هەڵکێشەکانی ئاو، پاڵاوگەکان و سیستەمەکانی دابەشکردندا، قەیرانی ئاوی دروست دەبێت.

پیشەسازیی کیمیایی ئیسرائیلیش، بە بەکارهێنانی (٨٠٠ تا ١٠٠٠) مێگاوات کارەبا، (٨ تا ١٠) لەسەدی ئابووریی ئەو وڵاتە پێک دێنێت. کۆمپانیای Israel Chemicals (ICL) گەورەترین بەرهەمهێنەری مادە کیمیاییەکانە کە لە بەرهەمهێنانی کوود(صماد) و دەرمان و مادە تایبەتە کیمیاییەکاندا چالاکە. ئەم پیشەسازییە بەهۆی پێناسەی پڕۆسەی بەرهەمهێنانەکەی و پێویستییەکەی بە پلەی گەرمایی کۆنترۆڵکراو، لەڕادەبەدەر پێویستی بە کارەبا هەیە.

لەلایەکی دیکەوە، کەرتی بانکی و دارایی کە (١٥ تا ٢٠) لەسەدی ئابووریی ئیسرائیل پێک دێنێت و بانکە گەورەکانی وەک لیۆمی، هاپۆعەلیم و میزراحی دەگرێتەوە، چالاکیی ڕۆژانەیان بە کارەباوە بەستراوە. پچڕانی کارەبا مامەڵە داراییەکان، سیستەمەکانی خەرجکردن و چالاکیی بۆرسەی تەلئەبیب تووشی ئاستەنگی جددی دەکات و دەرهاویشتەی بەربڵاوی بۆ ئابووریی ئەو وڵاتە بەدواوە دەبێت.

ئاژانسی هەواڵیی تەسنیم بانگەشەی ئەوە دەکات کە هێزگەی کارەبای حەیفا کە بە ئاستی بەرهەمهێنانی (١،٠٢٠) مێگاوات، یەکێکە لە گەورەترین وێستگەکانی ئیسرائیل و (٧ تا ٨) لەسەدی کۆی کارەبای ئەو وڵاتە بەرهەم دێنێت، بە مووشەکە ئێرانییەکان پێکراوە، بەڵام باسی لە ئاستی زیانەکانی نەکردووە.

سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵیی تەسنیم 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین