ئیسرائیل هۆشداری دەداتە سووریا و توركیا عێراق ناوچەکە و جیهان
دوای بۆردوومانەكانی دوێنێ بنكەی ئەبوو زهور لە سووریا، نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بەرپرسیارێتی بۆردوومانەكە دەخاتە ئەستۆی وڵاتەكەی و داواش دەكات بگەڕێنەوە بۆ دۆخی پێشوو.

ئەمرۆ چوارشەممە (2026/8/19) ماڵپەڕی (شەروقولئەوسەت) بڵاوی كردەوە، نووسینگەی بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، رێگەدانی سووریا بە بڵاوەپێكردنی سوپای توركیا هەڕەشە لە ئاسایشی وڵاتەكەمان دەكات.

نووسینەگەكە سووریا بە رێگەدان بە بڵاوەپێكردنی هێزەكانی توركیا لە بنكەی سەربازیی لە باكووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە تۆمەتبار دەكات، پێی وایە ئاسایشی وڵاتەكەی دەخاتە مەترسییەوە.

لە راگەیێندراوەكەی نووسینگەی بنیامین ناتەنیاهۆ هاتووە، سووریا و  ئیسرائیل لە پرسە ئەمنییەكان لەسەر ئەو دۆخەی ئێستا رێككەوتوون، بەڵام رێگەدانی بڵاوەپێكردنی هێزەكانی توركیا بنكەی ئاسمانی نزیك حەلەب، دیمەشق لە پێشێلكردنی رێككەوتنەكە نزیك دەكاتەوە. 

نووسینگەی سەرۆك وەزیران ئاماژە بەوە دەكات، ئیسرائیل چەندین جار هۆشداری داوەتە سووریا، بڵاوەپێكردنی لەو جۆرەی هێز هەڕەشە دەخاتە سەر ئاسایشی ئیسرائیل، بەڵام دیمەشق ئەو هۆشدارییانەی پشتگوێخستووە، جەختیش لەسەر ئەوە دەكەینەوە كە چاوپۆشی لەهیچ هەڕەشەیەك بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەكەمان ناكەینەوە، پێشوازیش لە گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو دەكەین.

لە بەرانبەر ئەو هێرشانە، ئیبراهیم عەلی، نێردەی هەمیشەیی سووریا لە نەتەوە یەكگرتووە دوو پەیامی ئاراستەی هەریەك لە ئەنتۆنیۆ گوترێس، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و كرستینا لاسن، سكرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە، تێیدا سەركۆنەی هێرشەكانی ئیسرائیل دەكات، هۆشداریش دەكات، كە ئەو هێرشانە پێشێلكردنی سەروەری خاكی سووریا و هەڕەشەی گەورەن بۆ سەر سەپامگیریی لەو ناوچەیە.

لە بەردانبەردا سەرۆكایەتی توركیا ئەو تۆمەتانەی ئیسرائیلی رەت كردەوە، پێیوایە ئامانج لێی شەرعیەتدانە بە هێرشە نایاساییەكانی كە سەروەری سووریا و پاراستنی خاكەكەی دەكاتە ئامانج.

چەند بەرپرسێكی ئەمەریكی و ئیسرائیلی بە ماڵپەڕی ئەكسیۆسیان راگەیاندووە، كە تەلئەبیب ئیدارەی ترەمپی لەو هێرشانە ئاگاداركردۆتەوە، كە بە ئامانجی رێگری لە بڵاوەپێكردنی سەربازیی توركیا لەو ناوچەیە هێرش دەكاتە سەر بنكەیەكی ئاسمانی لە سووریا.

بەگوێرەی ئەكسیۆس ئەو هەنگاوەی ئیسرائیل بۆتە مایەی نیگەرانی كۆشكی سپی و بەرپرسانی باڵای ئەمەریكا، بەڵام ئەوەشی ئاشكرا كردووە، ئیدارەی ترەمپ زۆر بە كەمی ئامادەیە هێڵێكی سووری روون لەگەڵ بنیامین ناتەنیا بكێشێت.

دوێنێ سوپای ئیسرائیل چوار هێرشی كردە سەر فڕۆكەخانەی ئەبوو زوهور لە رۆژهەڵاتی ئیدلیب، بەگوێرەی سەرچاوە سوورییەكانیش هەشت هێرش بوو.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین