خامنه‌یى پشت له‌ زه‌ریف ده‌كات ئێران

نوچه‌نێت

عەلی خامنەیی رابه‌رى كۆمارى ئیسلامى ئێران لە لێدوانێکدا پشتیوانی خۆی لە دەستوەردانی هێزی فەیلەق قودسی سوپای پاسداران لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەربڕی و ڕخنەی لە قسەکانی زەریف گرت.

ڕۆژی یەکشەممە دووی ئایاری ٢٠٢١، ماڵپەڕی "ئیران ئێمروز" بڵاوی کردەوە، جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە فایلە دەنگییەکەیدا کە بڵاوکراوەتەوە وێرای ئاماژەکردن بە چەندین نموونەی جیاواز، دان بەوەدا دەنێت کە وەزارەتی دەرەوە ڕۆڵێکی ئەوتۆی لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەدا نییە و سیاسەتی ئێران سەبارەت بە ناوچە و لەوانە سووریا، لوبنان، عێراق و یەمەن لە دەستی هێزی فەیلەق قودسی سوپای پاسداراندایە.

زەریف دانی پێدا دەنێت کە هێزە چەکدارەکانی ئێران لەسەر داوای ڕووسیا و پوتین بە مەبەستی سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی گەلی سووریا دەستوەردانی ئەو وڵاتەیان کرد و قاسم سلێمانی جێبەجێکەری سیاسەتی ڕووسەکان بوو. 
 خامنەیی ڕۆژی یەکشەممە ڕەخنەی لەو قسانەی زەریف گرت و گوتی: "سوپای قودس گرنگترین هۆکاری ڕێگریکردن لە دیپلۆماسی ناچالاکانە لە ڕۆژئاوای ئاسیایە. سوپای قودس، سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی جێبەجێ کرد".

خامنەیی بە بێ ناوبردن لە زەریف گوتی، " لەم ڕۆژانەدا هەندێ قسە لە بەرپرسانی وڵات بیستران کە جێگای سەرسووڕمان و نیگەرانین، بیستمان میدیاکانی دوژمن و نەیاری کۆماری ئیسلامییش ئەو قسانەیان بڵاو کردنەوە. مرۆڤ کە ئەوانە دەبینێت نیگەران دەبێت. هەندێ لەو قسانە دووپاتکردنەوەی قسەکانی ئەمریکان، ئەمریکییەکان ساڵانێکی زۆرە لە نفوزی کۆماری ئیسلامیی زۆر تووڕەن. لە شەهید سلێمانیش بەو هۆیەوە تووڕە بوون و بۆیە شەهیدیان کرد".

خامنەی گوتیشی: "ئێمە نابێ قسەیێیک بکەین کە وا بیر بکرێتەوە کە خەریکین قسەکانی ئەوان دووپات دەکەینەوە، چ سەبارەت بە سوپای قودس چ شەهید سلێمانی". 
خامنەیی ئاماژەی بەوە کرد کە بەرنامەکانی وڵاتەکەی هەموو بوارەکانی سەربازیی، زانستیی، کولتوری و دیپلۆماسیی لە خۆ دەگرێت و کۆی ئەوانە پێکهێنەری سیاسەتی ئێرانە. هەروەها گوتی، "هیچ واتایەکی نییە بەشێکی بەشەکەی تر ڕەت بکاتەوە و ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە و نابێ بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامیی تووشی ئەو هەڵە بێت".

خامنەیی گوتی، "ئەگەر دادپه‌روه‌رانه‌ قسە بکەین، هێزی قودس گەورەترین هۆکاری ڕێگریکردن لە گرتنەبەری دیپلۆماسی ناچالاکانە لە ڕۆژئاوای ئاسیادا بووە". 
بە گوتەی خامنەیی، هێزی فەیلەقی سوپای قودس سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی جێبەجێ کردووە.

خامنەیی دەڵێت، " وڵاتانی ڕۆژئاوا پێداگری لەوە دەکەن کە سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندا بێت. ساڵانێکی دوور و درێژە خوازیاری ئەوەن. بۆیە کۆماری ئیسلامیی  ئەگەر لەگەڵ چینیش پەیوەندی بگرێت ئەوان پێی تووڕە دەبن، لەگەڵ ڕووسیاش پەیوەندی بگرێ هەر تووڕە دەبن".

ڕابەری کۆماری ئیسلامیی لە درێژەدا دەڵێت،  "من ئاگاداری چەندین نموونە هەم کە بەرپرسانی وڵاتانی دراوسێ ویستوویانە سەردانی ئێران بکەن بەڵام ئەمریکا دژایەتی کردووە. ئێمە ناتوانین بەو جۆرە ملکەچی خواستی ئەمریکا بین. پێویستە لە پێگەی هێزەوە سیاسەت بکەین".

خامنەیی دەڵێت، "پێویستە هەمووان لەوە ئاگادا بن لە هیچ شوێنێکی جیهاندا سیاسەتی دەرەوە لە وەزارەتی دەرەوەدا دیاری ناکرێت. لە هەموو شوێنێکی جیهاندا سیاسەتی دەرەوە لە ناوەندە باڵادەستەکان و لە لایەن بەرپرسانی باڵای وڵاتەوە دیاری دەکرێت. هەڵبەت وەزارەتی دەرەوەش بەشدارە، بەڵام جێبەجێکارە".

بە گوتەی خامنەیی ، لە ئێرانیشدا ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی هەیە و هەمووان تیایدا بەشدارن، بڕیار دەدەن و وەزارەتی دەرەوە بە شێوازە تایبەتەکانی خۆی دەبێ جێبەجێی بکات.

دوای لێدوانەکەی خامنەیی، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پۆستێکی ئینستاگرامدا ڕایگەیاند، خۆی و هاوکارەکانی هەوڵ دەدەن فەرمانەکانی ڕابەری کۆماری ئیسلامی بە تەواوەتی و بە بێ کەموکوڕی جێبەجێ بکەن.


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین