جێگری سەرۆک کۆماری ئێران: بڵاوبوونەوەی فایلی دیمانەکەی زەریف پیلانی دەرەکییە ئێران

نوچه‌نێت

ئیسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران بە بێ ئەوەی ئاماژە بە ناوەڕۆکی قسەکانی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی بکات، بڵاوبوونەوەی فایلە دەنگییەکەی زەریفی بە "پیلانی وڵاتان و کەناڵە بیانییەکان" وەسف کرد.

ڕۆژی شەممە ١ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ئەلعەرەبیە فارسی" بڵاوی کردەوە، جەهانگیری ئێوارەی ڕۆژی هەینی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی کلاب هاوس لە میانەی لێدوانێکدا بە پێچەوانەی قسەکانی زەریف لە فایلە دەنگییەکەیدا، وێرای ستایشکردن لە قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەق قودسی سوپای پاسداران لە شەڕی سووریا، گوتی: "سلێمانی لە زۆربەی گفتوگۆکاندا ئامادە بوو و گفتوگۆی زۆری دەکرد".

زەریف لە فایلێکی دەنگیدا کە ڕۆژی ٢٥ی نیسانی ٢٠٢١ بڵاو کرایەوە، قاسم سلێمانی و بە گشتی چالاکییەکانی ئەو فەرماندەیە کە بە چالاکی "مەیدانی" وەسفی کردن بە یەکێک لە سەرەکیترین کێشەکان بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ناو برد و سلێمانی و دەوڵەتی ڕووسیای بە هۆکاری تێوەتلاندنی ئێران لە شەڕی سووریا ناو برد.

هاوکات موحسین هاشمی ڕەفسەنجانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی شاری تارانیش ڕۆژی هەینی، سەبارەت بە فایلە دزەپێکراوەکە گوتی: "ئەو جۆرە ناهاوئاهەنگی و ڕوانگە جیاوازانە سەبارەت بە مەیدان و دیپلۆماسی پێشتریش هەر هەبوون، بەڵام ئێستا هەندێ ڕوونتر بوونەوە".

جەهانگیری لە قسەکانیدا ئاماژەی بە هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر نەوتهەڵگرەکانی ئێرانیش کرد و ئەمریکا و هەندێ لە وڵاتانی ناوچەی بەوە تۆمەتبار کرد کە پشتیوانی لەو هێرشانە دەکەن،  "بێ شەرمی ئەمریکییەکان گەیشتێک ئاستێک کە لە هەر شوێنێک نەوتهەڵگرێکی ئێرانیان ببینیایەت، تەقینەوەیەکیان دروست دەکرد. ئەوان خۆیان یان وەکێڵەکانیان ٢٠٠ جار نەوتهەڵگرەکانی ئێمەیان تووشی ڕووداو کرد".

پێشتر وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا باسی شەڕی کەشتییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیلی کردبوو. لە دوایین نموونەی ئەو شەڕەدا نەوتهەڵگرێکی ئێرانی لە کەنارەکانی بەندەری بانیاس لە سووریا کرایە ئامانج. پێشتر لەوەش دوو کەشتی کۆمپانیای ئێران ساویز لە کەنارەکانی ئەریتریا و "شەهرکورد" لە نزیک بەندەری لازقیەی سووریا کرابوونە ئامانج.

ئێران بەوە تۆمەتبار کراوە کە بە مەبەستی پووچەڵکردنەوەی گەمارۆکان، هەوڵ دەدات لە ڕێگای کەشتییە دەریاییەکانی خۆیەوە بە هەڵکردنی ئاڵای وڵاتانی تر چەک و تەقەمەنی بۆ بەشار ئەسەد لە سووریا و گرووپە پاشکۆکانی خۆی لە لوبنان و یەمەن ڕەوانە بکات. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین