نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو جه‌خت له‌سه‌ر كاریى پێكه‌وه‌یى ده‌كاته‌وه‌ کوردستانی

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، سه‌ردانى هه‌ر یه‌كه‌ له‌ كۆمه‌ڵى دادگاریى كوردستان و یه‌كگرتوویى ئیسلامى كوردستانى كرد و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى یه‌كه‌مى ئه‌م دوو حزبه‌ جه‌ختى له‌سه‌ر كارى پێكه‌وه‌یى كرده‌وه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ سێى ئایار، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌ولێر به‌ یاوه‌ریى جێگرانى سه‌رۆك، سه‌ردانى هه‌ر یه‌كه‌ له‌ كۆمه‌ڵى دادگه‌ریى كوردستان و یه‌كگرتووى ئیسلامى كرد و له‌گه‌ڵ عه‌لى باپیر سه‌رۆكى كۆمه‌ڵ و سه‌ڵاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین ئه‌مێنداری گشتى یه‌كگرتوو كۆبووه‌وه‌.

سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كان راگه‌یێندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:

پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2021/5/3 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌ولێر به‌ یاوه‌ریى به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆك، سه‌ردانى هه‌ر یه‌ك له‌ كۆمه‌ڵى دادگه‌ریى كوردستان و یه‌كگرتووى ئیسلامیى كوردستان كرد.

له‌ دوو دیدارى جیادا له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ به‌ڕێزان مامۆستا عه‌لى باپیر سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى دادگه‌ریى كوردستان و مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین ئه‌میندارى گشتیى یه‌كگرتووى ئیسلامیى كوردستان و به‌رپرسانى هه‌ردوولا، بارودۆخ و پرۆسه‌ى سیاسیى هه‌رێمى كوردستان، پرسى ئاماده‌كردنى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ تاوتوێ كران.

له‌ هه‌ردوو دیداره‌كه‌دا جه‌خت له‌ گرنگیى به‌رده‌وامیى كارى پێكه‌وه‌یى و هه‌وڵدانى هه‌مه‌لایه‌نه‌ى لایه‌ن و پێكهاته‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌پێناو یه‌كڕیزى و ته‌باییدا كرایه‌وه‌ و ڕۆڵى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان وه‌ك چه‌ترى كۆكه‌ره‌وه‌ى هه‌مووان له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ به‌رزى هه‌ڵسه‌نگێنرا.

هه‌مووان هاوڕا بوون كه‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ته‌حه‌دییه‌كانى ئێستا و داهاتووى هه‌رێمى كوردستان و كاركردن بۆ هه‌بوونى چارچێوه‌یه‌كى كارى هاوبه‌شى نێوان لایه‌نه‌كان له‌پێناو پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندییه باڵا‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا دوور له‌ ناكۆكى و جیاوازییه‌ سیاسییه‌كان، ئه‌ركى هه‌مووانه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین