نێچیرڤان بارزانى و محه‌مه‌د حه‌لبووسى دۆخى عێراق تاوتوێ ده‌كه‌ن کوردستانی

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى كرد له‌ محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق و له‌ دیدارێكدا دۆخى عێراقیان تاوتوێ كرد.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ سێى ئایار محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق سه‌ردانى هه‌ولێرى كرد بۆ ئه‌وه‌ى له‌ نزیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى هه‌رێم تاوتوێى باردوخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان بكات.

له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، محه‌مه‌د حه‌لبووسى دۆخى عێراق به‌ گشتى و  هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراقى تاوتوێ كرد.  سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم له‌ راگه‌یێندراوێكى فه‌رمى باسى ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌كات.

ده‌قى راگه‌یێندراوى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان:

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2021/5/3 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌ولێر پێشوازى له‌ به‌ڕێز محه‌مه‌د حه‌لبووسى، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دۆخى عێراق به‌گشتى، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق و پێشبینییه‌كان بۆ نه‌خشه‌ى سیاسیى داهاتووى وڵات، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، مه‌ترسییه‌كانى داعش و جموجووڵه‌كانى، هاریكارى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان لایه‌نه‌كان له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگیریدا، دۆخى ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا كۆك بوون له‌سه‌ر پێویستى و گرنگیى كارى پێكه‌وه‌یى و نیشتمانیى هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان و لایه‌ن و پێكهاته‌كانى وڵات بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ته‌حه‌دییه‌كان و تێپه‌ڕاندنى كێشه‌ و قه‌یرانه‌كان و پاراستنى یه‌كڕیزى و ته‌بایى له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگیریى وڵاتدا، هه‌روه‌ها هیوایان خواست ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوو، وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى چاوه‌ڕوانییه‌كانى هاووڵاتیان بێت له‌ سه‌قامگیرى، خزمه‌تگوزارى و ژیان و داهاتوویه‌كى باشتر.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین