گوتەبێژی ئەپیکور: سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا میدیا

نوچە نێت

دوای ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق و كۆمپانیا نەوتییەكان رێككەوتن، بەیانی ئەمڕۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە دەستپێكرد، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ڕۆڵی گرنگی هەبوو لە واژۆكردنی ڕێككەوتنەكە.

ڕۆژی شەممە (2025/9/27) مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رووداو باسی دانووستاندنەکان و ڕێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، "هانی هەموو لایەنەکانی داوە بۆ ئەوەی بێنە سەر مێزی گفتوگۆ و ڕیککەوتن بکەن و نەوت هەناردەی دەرەوە بکرێتەوە".

سەبارەت ناوەڕۆكی سێ قوڵییەكە مایڵز کاگینز ئاماژەی بەوەكرد، دەبێ حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان پێکەوە كۆببنەوە و لە ماوەی (30) ڕۆژدا قسە بکەن، واتا لە ماوەی یەک مانگی داهاتوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان پلانێک دەنووسنەوە، کە چۆن ئەو پارەیە وەردەگرن کە لە ڕابردوو قەرزی لەسەر بووە، کە ملیارێک دۆلارە و حکومەتی هەرێمی کوردستان قەرزاری کۆمپانیاکانە. 

گووتیشی، ئێمە هەموومان هاوکار بۆ ئەوەی پلانێکی ڕوونمان لێ دیار بێت کە چۆن پارەکە وەردەگرین، بەڵام جێی خۆیەتی زۆر سوپاسگوزاری مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بكەین لە تەواوکردنی ئەم ڕێککەوتنە.

گوتەبێژی ئەپیکور ئاشكرای دەكات، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕۆڵی كاریگەری هەبووە لە نزیكردنەوەی لایەنەكان و دەڵێت، زۆر سوپاسی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین، كە "ڕۆڵی زۆر گرنگیان هەبوو لە هاندنی هەموو لایەنەكان بۆ دانووستاندنەکان و بۆ ئەوەی بێنە سەر مێزی گفتوگۆ و ڕیککەوتن بکەن و نەوت هەناردەی دەرەوە بکرێتەوە."

هاوكات پێشتر د. ئامانج رەحیم، سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاندبوو، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان رۆڵى سەرەکى لە رێککەوتنى سێقۆڵى نێوان وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى نەوتى عێراق و کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنانى نەوت لە هەرێمى کوردستان هەبووە. 

جێگەی ئاژەژپێدانە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە (2025/9/27) هەریەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سرووشتییەكان بە فەرمی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانیان راگەیاند. 

کۆتایی مانگی ئاداری (2023) بە بڕیارێکی دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە وەستا، دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو و چەندین کۆبوونەوەی جیاواز، دانووستاندن و ڕێککەوتنەکان، دواجار حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق گەیشتنە ڕێککەوتنی کۆتایی و ڕۆژی پێنجشەممە (25/ ئەیلوول/2025) محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆک وەزیرانى عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ گەیشتینە ڕێککەوتنێکی مێژوویی کە تێیدا وەزارەتی نەوتی فیدراڵ نەوتی خاوی بەرهەم هێنراو لەو کێڵگانەى کە دەکەوێتە هەرێمی کوردستان وەردەگرێت و لە ڕێگەی بۆری عێراق تورکیاوە هەناردەی دەرەوەی دەکرێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە