ئه‌مریكا قسه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى ئێران ناكات

نوچه‌نێت

ئه‌نتۆنى بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وێرای خۆبواردن لە قسەکردنی ڕاستەوخۆ سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆک کۆماریی ئێران، دەڵێت "لە سیستەمی ئەو وڵاتەدا ڕابەر تاقە بڕیاردەرە".

ئەمڕۆ چوارشه‌ممە پێنجی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دەنگی ئەمریکا" بڵاوی کردەوە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە میانەی دیمانەیەکدا لەگەڵ فایننشال تایمز لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی داهاتوو لە ئێران و ئەگەری کاریگەریدانانی هەڵبژاردنەکان لەسەر گفتوگۆ ئەتۆمییەکان، گوتی لەو بارەوە قسە ناکات. هاوکات گوتیشی: "بڕیاردەری سەرەکی لە سیستەمی ئێراندا، ڕابەری ئەو وڵاتەیە". 


وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەو دیمانەیەدا گوتی، "پێشبینی ئێجگار دژوارە و من نامەوێت سەبارەت بە چارەنووسی هەڵبژاردنەکانی ئێران لەسەر گفتوگۆکان قسە بکەم، بەڵام سەبارەت بەو خاڵەی کە ئاماژەی پێکرا، بە بڕوای من ئاشکرایە بڕیاردەری سیستەمی ئێران کێیە و ئەویش ڕابەری ئەو وڵاتەیە و ئەوە کە پێویستە بڕیارێکی بنەڕەتی سەبارەت بە ڕوانگەی ئێران بدات". 


ئەنتۆنی بلینکن له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت به‌رده‌وام بوو گوتی، "ئێمە لە ڤیێنا گفتوگۆی جدیمان هەبووە و ئەو گفتوگۆیانە چەند هەفتەیە لە ئارادان. من ئاگادارم هەندێ پێشکەوتن، لانیکەم سەبارەت بە جدیبوونی ئەمریکا بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی، هاتووەتە ئاراوە. ئەگەر بڕیار بێت بە ئەنجامێک بگەین، هێشتا ڕێگایەکی زۆرمان ماوە، هێشتا پێویستە بزانین ئایا ئێران توانا و مەیلی بۆ بڕیاردانی پێویست سەبارەت بە جێبەجێکردنەوەی بەڵێنەکانی خۆی هەیە یان نا". 
وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گوتیشى، "بۆچوونی من ئەوەیە (هەر بەو جۆرەی یەکێک لە هاوکارەکانم چەند ڕۆژ پێش ئێستا گوتی) ئەو ڕێگایە کە لە بەردەممان ماوە، زیاترە لەوە ڕێگایە بڕیومانە. بۆیە دەبێ چاوەڕوان بین بزانین بە کوێ دەگەین".

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، دەیەوێت واشنتۆن بگەڕێنێتەوە بۆ ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ ئێران. دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، ساڵی ٢٠١٨ لەو ڕێککەوتنە چووە دەرەوە و چەندین گەمارۆی قورسی بەسەر ئێراندا سەپاند. ئێرانیش بە پەرەپێدان بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی خۆی، مەرجەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی پێشێل کردن.

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین