حسێن عومەر: فەرەنسا بەدواى بە هاوپەیمانێکى بەهێز و جێگیردا دەگەڕێت میدیا

نوچەنێت:

هەر یەک لە شەیدا حیسامى شارەزا لە میدیا لە ناوچە ناکۆکەکان، حسێن عومەر بەرپرسى دیسکى ڕۆژئاواى کوردستان لە رووداو، لە چاوپێکەوتنێکدا لە (30-3-2021) تاتوێى سەردانى سەرۆکى هەرێمى کوردستانی لۆ فەرەنسایان کرد.

شەیدا حیسامى پێیوایە ئەنجامدانى کۆبوونەوەیەکى لەو جۆرە لە کات و ساتێکى وا لە نێوان نێچیرڤان بارزانى و ئیمانوێل ماکرۆن، کە پاریس قەدەغەى گشتى هاتووچۆى تێدا ڕاگەیێندراوە، ئەمە گرنگیى ئەو کۆبوونەوەیە دەردەخات کە ناوی لێندراوە کۆبوونەوەى لوتکە.

بە بۆچووونى حسێن عومەر، گرنگیى سەردانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ فەرەنسا لەوەدایە کە بارودۆخى و پێشهاتى سیاسى نوێ لە ناوچەکە دروست دەبن، وە هێشتا ئاڵۆزى هەیە لەنێوان هەرێم و بەغدا، حکوومەتى فیدراڵى و لاینە سیاسییەکانى عێراق لەپشت پەردە بێت یان پێش پەردە، فشارى زۆر لەسەر کوردستان دروست دەکەن و هەوڵى لاوازکردنى دەدەن. 

 

دەقى دیمانەى حسێت عومەر نووسەر و شرۆڤەکارى سیاسى:

ــ تێگەیشتنى ئێوە کاک حسێن عومەر بۆ ئەم سەفەرە چییە کە وا ئەوەندەى نەماوە دەست بە گفتوگۆکە بکرێت؟

حسێن عومەر: ئەم سەردانییە زۆر گرنگە هەم هەرێمى کوردستان هەم بۆ فەرەنسا، لە کاتێکدا بارودۆخى و پێشهاتى سیاسى نوێ لە ناوچەکە دروست دەبن، بۆچى فەرەنسا و هەرێمى کوردستان گرنگە، کە هەرێمى کوردستان هێشتا ئاڵۆزى هەیە لەگەڵ بەغدا، حکوومەتى فیدراڵى و لاینە سیاسییەکانى عێراق لەپشت پەردە بێت یان پێش پەردە فشارى زۆر لەسەر هەرێمى کوردستان دروست دەکەن، هەوڵدەدەن هەرێمى کوردستان لاواز بکەن بەشێوەیەک کە هەندێ شڕۆڤەکارى سیاسى و سیاسەتمەدارى کورد باس لەوە دەکەن بەغدا هەوڵى لە ناوبردنى قەوارەى دەستوورى هەرێمى کوردستان دەدات، هەروەها کوردستان لەگەڵ ئەو وڵاتانەى هاوسنوورینە و دراوسێینە بە تەواوى ئاسوودە نییە، چە ئێران بێ یان تورکیا، هەرێمى کوردستان هەوڵدەدات بە زمانى دیالۆگ پەیوەندییەکى باشى لەگەڵیان هەبێ، خۆى پەیوەندیشیان هەیە، بەڵام هەرێمى کوردستان دەیەوێت باشترى بکات، لێ هەرێمى کوردستان وەک دیفاکتۆ هێشتا لە نێوان هەردوو هاوسنوورى تورکیا و ئێران زۆر ئاسوودە نییە، دەستێوەردان هەیە، هەروەها هەوڵى لاوازکردنى هەولێر هەیە. بۆیە هەرێمى کوردستان پێویستى بە پشتیوان و هاوپەیمانەکى نێودەوڵەتى بەهێز هەیە، کەوا ڕێگر بێت لەپێش سەرکەوتنى ئەو هەوڵانە چە لەلایەن بەغداوە بێ یان لەلایەن تاران و ئەنقەرە دەدرێن.

 سەبارەت بە فەرەنساش، لەبەر ئەوە ئومێدێکى گەورەى بەعێراق هەیە، وە فەرەنسا کاریگەرى نەماوە، ڕەوشەکە کەوتۆتە دەستى رووسیا و ئەمەریکا، وە لەبەر ئەوەى ناکۆکى و ئاڵۆز لە نێوان فەرەنسا و تورکیا زۆرن لەسەر چەندین دۆسیە، پەیوەندییەکانیان باش نییە، ڕەوشى ئێران لەبەر دۆسیەى ئەتۆمى و ناکۆکییەکانى لەگەڵ وڵاتانى ڕۆژئاوا ئاسوودە نییە و لەگەڵ فەرەنساش پەیوەندییەکانى زۆر باش نییە، عێراق ئەو شوێنەیە فەرەنسا وادەبینێ کە دەتوانێ لە وەربەرهێنانى سیاسى و ڕۆڵى سیاسى و ئابوورى ڕۆڵى خۆى ببینێ لەم ناوچەیەدا. لەناو عێراقیشدا بێجگە لە هەرێمى کوردستان هاوپەیمانەکى جێگەى باوەڕیى و ڕاستەقینە و جێگر بۆ ماوەیەکى درێژ فەرەنسا متمانەى پێ بکات، بۆ ئەوەى ڕۆڵى ئەو لە عێراق دا بۆ ئارامى و سەقامگیرى و باشکردنى ڕەوشى عێراق هەبێ، بێجگە لە هەرێمى کوردستان هیچ نینە.

ئەوەش ڕاستە فەرەنسا پەیوەندى لەگەڵ زۆر لایەن هەیە، فەرەنسا دەیەوێ پەیوەندییەکانى زۆر باش بن لەگەڵ حکوومەتى عێراق و لایەنەکانى دیکە کە خاوەنى کاریگەرین، بەڵام فەرەنسا خۆى ئەوە باش دەزانێ ئەو هاوپەیمانییەى ئێستاى هاوپەیمانێکى هەتا سەر و  بەردەوام نین، وە بۆ هەمیشە جێگەى متمانە نین، ئێمە دەزانین پێش (2019) عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى عێراق بوو، فەرەنسا گەلەک متمانەى پێى هەبوو و زۆر هیواى لەسەر هەڵچنی بوو، بەڵام بینیمان عادل عەبدولمەهدى لە ڕۆژ و ڕۆژێکدا، لەلایەن میلیشیاکان و هەندێ لایەنى سیاسى لادرا، ئێستا مستەفا کازمییە دواى چەند مانگێکى دیکە هەر لەم ساڵدا هەڵبژاردن هەیە، فەرەنسا نازانێ چى بەسەر ئەو تاقمە سیاسییە دێت، تاکە هاوپەیمانى جێگر و ئارام  و خودان بەها، بەهاى هاوبەش لەگەڵ فەرەنسا، لە مەسەلەى مافى مرۆڤ و دیموکراسى و ئازادى ڕادەربڕینێ و ڕێزگرتن لە پێکهاتە نەتەوەیى و کەمینە جۆراجۆرەکان ئەوە هەرێمى کوردستانە کە دەتوانێ هاوپەیمانییەکى جیاوازى هەبێ لەگەڵ فەرەنسا.

ــ وەک دەزانین فەرەنسا پشتگیرى لە هەرێمى کوردستان دەکات دەیەوێت ئەزموونێکى دیموکراسى لە ناوچەیەکى پڕ سیخناخ بە ئاڵنگارى و توندوتیژى بە هزرى نادیموکراسى جێگیر بێ و سەرکەوێ، ئەمە بەجۆرێک لە جۆرەکان گرەوکردنە لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ کە حەز ناکەن ئەمە ئەزموونە سەرکەوتوو بێ، ئەمە ئەرکى ئینسانیانەى دیموکراسیانەى فەرەنسایە، ئەدى خەڵک و قەوارەى هەرێمى کوردستان چییە بۆ ئەوەى فەرەنسا روو سوور بێت لە پشتگیرکردنى ئەم هەرێمە؟

حسێن عومەر: وەک چۆن سەرکردە و بەرپرسانى هەرێمى کوردستان هەستى بەرپرسیارییان هەیە بۆ خۆشگوزەرانى و هەماهەنگى و پەیوەندیى زۆر باش لەگەڵ فەرەنسا و هەموو هاوپەیمانەکانى فەرەنسا، هەموو لایەنە سیاسى و جاڤاکییەکانى هەرێمى کوردستان پێویستە وەڵامییان هەبێ، یەکێک لەو دۆسیانەى کە فەرەنسا زۆر بەباشى گرنگى پێدەدات مەسەلەى بەهێزکردنى ناوخۆى هەرێمى کوردستانە، بەهێزکردنى هەرێمى کوردستان لە ڕێگەى بە هێزکردنى پەیوەندى لایەنەکان سیاسییەکان. 

وڵاتانى ڕۆژئاو بۆ هەرێمى کوردستان پڕۆژەیان هەیە بۆ بەهێزکردنى هەرێمى کوردستان، وەک ئەو چەند وڵاتەى کە لەناو هاوپەیمانى نێودەوڵەتى کاریگەرییان هەیە، پڕۆژەیان هەیە بۆ یەکخستنى هێزەکانى پێشمەرگە لەگەڵ پڕ چەککردنیان و داڕشتنەوەى هەیکەلى لەشکرى کوردستان وەک هێزێکى سەردەمییانە، ئەوە پێویستى بە لایەنە سیاسییەکان و هەموو ئەوانەى کاریگەرییان هەیە لە ناوخۆى هەرێمى کوردستانە کە هەڵوێستى ئەرێنییان هەبێ لەگەڵ ئەو دەستپێشخەریەى وڵاتانى هاوپەیمان و دۆستانى هەرێمى کوردستان بۆ بەهێزکردنى یەکڕێزى ناوخۆیى و پێشخستنى ئەدائى سیاسى خۆیان، هەروەها بەهێزکردنى دامودەزگاى دەستوورى هەرێمى کوردستان لەو ڕێگەوە پێگەى هەرێمى کوردستان بەهێز دەبێ. 

ــ پارتە سیاسییەکان ئەرکیان چییە لەم یەکخستنەى ڕاى کورد، ئەوە نێچیرڤان بارزانى دواى نەورۆز بڕیارە هەموویان جارێکى تر کۆبکاتەوە بۆ ئەوەى گوتارێکى یەکگرتوویان هەبێ، ئەو گوتارە ئەوەیە کە فەرەنساش داواى دەکات؟

حسێن عومەر: ئاماژەم بەو بابەتەکرد لە گوتارێک خۆمدا، کەسایەتى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، کەسایەتییەکە دەتوانێ نەک دۆستەکانى خۆى یان پارت و هاوپەیمانى نزیکى خۆیان، بگرە ئەوانەى ناکۆکیشى لەسەر ئاستى سیاسى و حیزبى لەگەڵى هەیە، دەتوانێ بە زمانى دیالۆگ و دانوستاندن و لێکتێگەشتنى لەگەڵ دروست بکات، ئەوە دەرفەتەکە بۆ هەموو پارتە ولایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان، کە نێچیرڤان بارزانى و سەرۆکایەتیى هەرێم وەک چەتریک وایە بۆ هەموو پێکهاتە و سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان، کە تا ئێستا ئەو هیچ گرژى و هەڵوێستێکى توندى لەگەڵ هیچ لایەنێکى سیاسى نییە، وە کەسایەتییەکە گونجاوە و دەتوانێ هەموو لایەنە سیاسییەکان لەبن یەک چەتر کۆبکاتەوە، وە هەموو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان پێویستە نەرمى و دەستپێشخەرى و هەڵویستى سەرۆکى هەرێمى کوردستان قبوول بکەن و بچنە ژێر ئەو چەترە، کە نێچیرڤان بارزانى دەیەوێ بیکات بە چەترێکى ستراتیژى بۆ پاراستنى پێگەى هەرێمى کوردستان و یەک هەڵوێستى هەرێمى کورستان لە ئاستێکى نەتەوەیى ستراتیژییدا، وە ئەو بابەتانەى پەیوەندى بە بەرژەوەندى گەورەى هەرێمى کوردستانەوە هەیە نابێ لەبەر ناکۆکى حیزبایەتى یان بە هۆى جیاوازى بیروڕاى سیاسى لایەنەکان ئەو بەرژەوەندییە نەتەوەییانە و ئاسایش و قەوارەى دەستوورى هەرێمى کوردستان و سنوور و ئابوورى و ئاسایشى ناوخۆ و بەڕێوەبردنى هەرێمى کوردستان ببێتە قوربانى ناکۆکییەکانى حیزبایەتى.   

ــ ئەم دوو سەرۆکە هەردووکیان دیدگاى هاوبەشیان بە یەکەوە هەیە، هەردووکیان باوەڕییان وایە دیالۆگ و گفتوگۆ دەتوانێ گرێکوێرەکان بکاتەوە، چارەسەرى ئەو ناکۆکییە قووڵە بکاتە کە لە نێوان بەغدا و هەولێر هەیە لەسەر زۆر دۆسیە، لە (2017)شدا ماکرۆن لە کۆشکى ئێلیزێ کە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى وەستابوو ئەوەى گووت، وتى گفتوگۆیەکى جدى لەسەر بنەماى ئەو دەستوورەى کە هەیە دەستپێبکرێ، ئێستاش لەسەر ئەوە پێداگیرى دەکات، نێچیرڤان بارزانى بە هەمان شێوەیە هەمیشە گفتوگۆ و گفتوگۆ ئەمە دروشمیەتى، ئەو گفتوگۆیە چۆن جێگەى دەبێتەوە لەو هەموو فرە جەمسەرییەى لە عێراق دا هەیە، چۆن دەتوانێ ئامانجى خۆى دەستەبەر بکات؟ 

حسێن عومەر: هەم ئەو ناکۆکییەى لە پەیوەندیى نێوان بەغدا و هەولێر هەیە، هەم ناکۆکى و کێشەکانى هەرێمى لە دەوروبەرى عێراق کە بەشێک لەو وڵاتانە پەیوەندییان بە دەستێوەردانى ناوخۆى عێراقەوە هەیە، هەمیش ئەو دۆسیانەى لەسە ئاستى نێودەوڵەتى کێشەیان هەیە وەکو ڕەوشى ئێران و ناکۆییەکانى، هەموو ئەو چارەسەرییانەى دەخرێتەڕوو لە ڕێگە دیالۆگ و دانوستاندنە، لەبەرئەوە گرنگى ڕۆڵى فەرەنسا وە هەرێمى کوردستان، وە ڕۆڵى هەردوو سەرۆک نێچیرڤان بارزانى و ماکرۆن لەم دۆسییەدا زیاتر دەبێ، ئەمەیش پەیوەندى بە بیرکردنەوە و تێڕوان و عەقڵى ئەوانەوە هەیە، لە مەسەلەى دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان، بۆیە وەک باسمانکرد فەرەنسا پێوستى بە هاوپەیمانەکى بەهێز لەناو هەرێمى کوردستان هەیە.

دەربارەى دیالۆگى نێوان بەغدا و هەرێمى کوردستان دەمەوێ باسى سێ خاڵ بکەم کە بۆچى فەرەنسا هاتۆتە ناو ڕەوشى عێراق، لە (2-12-2017) لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لەوکاتیدا سەرۆک ماکرۆن گۆتى دەبێ دیالۆگەکى نیشتمانى بونیادنەر بەپێى گوزارشتى فەرەنسى دەستپێبکرێ، وە هەموو عێراقییەکان حکوومەتەکى گشتگیر دروست بکەن و هەموو مافى دەستوورى هەرێمى کوردستان تێیدا بەرقرار بێ، واتە ماکرۆن بووە شریکى دەستپێشخەرى دیالۆگى نیشتمانى لە ناو عێراق دال ە نێوان هەرێم و بەغدا، دووەم، دەستپێشخەرێکى فەرەنسى هەیە بەناوى پاراستنى سەرەوەرى عێراق، ئەویش لە چوارچێوەى درووخستنەوەى دەستێوەردانى هەرێمى لە ناوخۆى عێراق چە تورکیا چە ئێران، چە ڕۆڵى گرووپەکانى دەرەوەى یاسا وەکو حەشدى شەعبى و جۆرەکانى تر کە کاریگەرییان هەیە لەسەر دەسەڵاتى عێراق، وە سەرۆک ماکرۆن گوتبووى کە عەبادى بەڵێنى بەمن داوە هێدى هێدى حەشدى شەعبى هەڵدەوەشێنێتەوە و ئەو عەسکەرتارییە نەمێنێ لە عێراق، خاڵى سێیەم، کە دەستپێشخەریەکى دیکەى فەرەنسایە، کە نەخشەڕێى ستراتیژى پەیوەندى عێراق و فەرەنسایە، کە لەسەردەمى هادى عەبدولمەهدى دابوو، سێ بیرۆکەى فەرەنسى هەیە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندى بە بارودۆخى سیاسى و ئابوورى و سەربازیى و ئیدارەدانى عێراقەوە هەیە، لەم چوارچێوەیەدا فەرەنسا دەیەوێت کاریگەرى لەسەر عێراق زیاد بێت، هەروەها پەیوەندى بە حکوومەتى عێراق بەهێزتر دەبێ، لەو چوارچێوەیەدا فەرەنسا دەتوانێ ڕۆڵەکى گەورە ببینێ لە نزیکردنەوەى نێوان بەغدا و هەولێردا، وەک چۆن فەرەنسا بەو زیرەکییە دیپلۆماسییەى پێشوازى لە نێچیرڤان بارزانى کرد لە (2017)دا، کە ئەوە تەنها بۆ عێراق نەبوو بەڵکو بۆ دەرەوەى عێراقیش بوو، بۆ ئەوەى هەرێم و حکوومەتى عێراق بە هەماهەنگى و ڕێککەوتن و بڕیارى هاوبەش لەگەڵ دەوڵەتانى دراوسێ بەتایبەتى ئێران و تورکیا لەسەر هەرێمى کوردستان، وەک چۆن زیرەکى نێچیرڤانى بارزانى توانى ئابلۆقەکان بشکێنێ، وە فەرەنسا یەکەم وڵات بوو بە توندى وەڵامى ئەو هەوڵەى نێچیرڤان بارزانى داییەوە،  وە پشتیوانى سەرەکى بوو بۆ شکاندنى گەمارۆکە، هەروەها نامەییەکیشى نارد بۆ هەموو لایەنەکانى حکوومەتى عێراق و گووتى، ئێمە دەست لە هەرێمى کوردستان بەرنادەین و دەیانپارێزین، هەروەها لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەى (2017) ماکرۆن باسى هەموو شتێکى پەیوەست بە کورد کرد هەر لە مەسەلەى دانوستاندن و بودجە و ناوچەدابڕێندراوەکان باسکرد، نەک لە ژوورەکى کۆشکى ئێلیزێ بە دوو قۆڵى، بەڵکو لە پێش هەموو ڕۆژنامەنووسان باسى مافەکانى کوردى کرد لە عێراق، بۆ ئەوەى جیهان لەوە تێ بگات.       

ــ فەرەنسا دەیەوێت هەولێر دەورەکى میحوەرى ببینێ بە تایبەتى لە ڕاستکردنەوەى ئەو ڕێگە تۆزێک لارەى کە بەغدا و حکوومەتى عێراقى تێیکەوتوون، لەسەر ئەوە پێدادەگرێ کە پێویستە دیالۆگى نیشتمانى هەبێ، کە مستەفا کازمیش داواى دیالۆگى نیشتمانى کرد، نێچیرڤان بارزانى یەکسەر ڕاگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە و گوتى بەڵێ ئێمەش ئەوەمان دەوێ، لەم دانیشتنەى ئەمڕۆ بە تێگەیشتنى تۆ چى ئیزافە دەکرێت؟ 

حسێن عومەر: بە بڕواى من هەم دەستپێشخەرییەکەى کازمى بۆ دیالۆگى نیشتمانى هەم دەستپێشخەریە بە پەلەکەى بەڕیز سەرۆک نێچیرڤان بارزانى دەبنە هاوکار بۆ ئەو داواییەى کە پێشتر سەرۆک ماکرۆن داواى دیالۆگى نیشتمانى کردبوو، ئەو دیالۆگە بەشەکى سەرەکی بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدایە، وە یەکێکە لە داواکارییەکانى فەرەنسا، داواکارى ستراتیژیى فەرەنسا لە عێراق ئەوەیە کە پەیوەندییەکان نێوان هەولێر و بەغدا نۆرماڵ و باش بێ، هەولێرەکى بەهێز بەغدایەکى بەهێز و پەیوەندییەکى بەهێز لەنێوان هەردوولا هەبێت ئەوە تێڕوانینى فەرەنسایە.

هەروەها بە بڕاوى من یەکێک لەو خاڵانەى ڕەنگە باس بکرێت لەم دانیشتنە بێتە باسکردن ئەو ڕێککەوتنەى لە نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق کرا، کە پێوستى بەوەیە فەرەنسا ڕۆڵى خۆى ببینى و ئەو پەیوەندییە بەرەوپێشتر ببات ود نەهێڵى هیچ کێشەک لەو پەیوەندییە دروست نەبێت، فەرەنساش لەوە ئامادەکارى خۆى دەربڕیوە لە دەستپێشخەرییەکەى بۆ دیلۆگى نیشتمانى بگەینتە ئامانج و ئەو دەستپێشخەرییە لە قسەوە بکات بە کردار. 

سەرچاوە: رووداو

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە