عەزیز ماملێ: فەرەنسا کار بۆ پەکخستنى هەوڵى بچووکردنەوەى قەوارەى هەرێمى کوردستان دەکات میدیا

نوچەنێت:

لە بارەى سەردانییەکەى نێچیرڤان بارزانى بۆ فەرەنسا، عەزیزى ماملێ پسپۆڕى یاسا نێودەوڵەتییەکان، گرنگى ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسییە لە نێوان فەرەنسا و کوردستان، لەوەدا دەبینێتەوە، کە فەرەنسا وەک پردێکە لە نێوان حکوومەتى هەرێمى کوردستان و یەکێتى ئەوروپا، جگە لەوەى فەرەنسا لە ڕووى دیپلۆماسى و ئابووری و سەربازییەوە بەهێزە و ئەندامى ناتۆ و یەکێتى ئەوروپایە، هەروەها بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ فەرەنسا سیاسەت و بڕیارەکانى کۆمیسۆنى ئەوروپا و پەرلەمانى یەکێتیى ئەوروپا جێبەجێ دەکات، ئەمەیش بۆ کورد گرنگییەکى زۆرى هەیە.

ئەم پسپۆڕەى یاسا نێودەوڵەتییەکان لە دیمانەیەکى رووداو لە (30-2021)دا، دەشڵێت، فەرەنسا دەیەوێ لەڕووى فەرهەنگییەوە و دیپلۆماسییەوە پشتگیریی لە کوردستان بکات، هەروەها یەکێک لە ئامانجەکانى ئیمانوێل ماکرۆن باشترکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و عێراقە.

دەقى دیمانەى عەزیز ماملێ پسپۆڕى یاساى نێودەڵەتى:

ــ ئەوەى بینیمان لە پێشوازیکردن و بەڕێکردنى نێچیرڤان بارزانى لە کۆشکى ئێلیزێ زۆر دۆستانە بوو، ئێوە چۆن لێیدەڕوانن؟

عەزیز ماملێ: ئەوەى ئێمە بینیمان جارى یەکەمە بەمشێوەیە سەرۆک کۆمارى فەرەنسا لە سەرۆکێک یان سەرۆک کۆمارێک پێشوازى بکات، ئەو تەنها لە پلیکانەى سەرەوە دەمێنێتەوە، بەڵام ئەمڕۆ هەم کاتێ نێچیرڤان بارزانى گەیشت ماکرۆن لە پلیکانەکان هاتەخوارێ، هەم کاتێ ڕۆیشت، ئەوە ڕێزگرتنێکى تایبەت بوو لە کوردستان و حکوومەتى کوردستان و سەرۆکى هەرێمى کوردستان، ئەمەیش نیشانەى ئەوەیە کە فەرەنسا دەیەوێ ڕۆڵەکى کاریگەر ببینێ لەسەر پرسى کورد. بەڵام ئەو ڕێزگرتنە هى ئەمڕۆ نییە، دەگەڕێتەوە بۆ ماوەیەکى زۆر لەمەوپێش کە بۆ نزیکەى (50) ساڵ دەگەڕێتەوە، بەتایبەت بۆ سەردەمى سیاسى فرانسۆ میتران و خانمى وى مادام میتران دەگەڕێتەوە، کە بە شێوەى فەرمى و نافەرمى پشتگیرى پرسى کوردییان کردووە، بەتایبەت لە ئاستى پەیوەندییەى نێودەوڵەتییەکاندا، بۆ ڕزگارکردنى کورد لەو کێشانەى کە کورد و پارتە سیاسییەکانى کورد لەڕابردوو تووشى دەبوون، لە کاتێکدا ئەوروپا و ئەمەریکاش ئامادە نەبوون بە شێوەى فەرمى نوێنەرانى کورد و ڕێکخراوە سیاسییە کوردییەکان دیالۆگیان لەگەڵ بکەن، فەرەنسا ڕۆڵەکى گرنگى هەبووە لە شکاندنى گەمارۆ و ئابلۆقەکان، ئەمڕۆش هەر لەم چوارچێوەیەدا ئەو سیاسەتەى فەرەنسا بەردەوامى هەیە.

ــ فەرەنسا دەیەوێ چە لە عێراق بکات، لەکاتێکدا کە دەیەوێ وەبەرهێنانى بازرگانى و ئابوورى لە عێراق زیاتر بکات، ئیمانوێل ماکرۆن لە کاتێکى خراپ دا سەردانى عێراق دەکات و دەیەوێ عێراق پارێزراو بێ لە دەستوەردانى دەرەوە، فەرەنسا بە نیازى چییە و چە پلانەکى هەیە؟

عەزیز ماملێ: یەکێک لەو شتانەى کە فەرەنسا دەیەوێت، باشتکردنى پەیوەندییە ئابوورییەکانیەتى، کە ماوەى ساڵێکە جموجۆڵى فەرەنسا بۆ ئەم مەبەستە زۆربووە، وە بۆ ئەوەى لەگەڵ عێراق پەیوەندى نێوانیان باشتر بێت لە بوارەکانى وزە و ئابوورى، تەنانەت لەڕووى سەربازیەوەش هاوکاریان دەکات. فەرەنسا دەیەوێت لە دوو دەوڵەت یەکیان لە لوبنان ئەویتر عێراق ڕۆڵى زیاتر بێت و پەیوەندییەکانی توندوتۆڵ بێ، بەتایبەت کە هاوکارى عێراق دەکات بۆ ئەوەیە عێراق سیاسەتێکى سەربەخۆى بەرامبەر ناوچەکە ببینێ، بەتایبەت بەرامبەر بە ئێران و نەکەوێتە ژێر دەستوەردان، هەروەها هەوڵدەدات دەستوەرانەکانى تورکیا کەمتر ببێتەوە، کە بەداخەوە فەرەنسا و ئەوروپا ناڕەزایەتییەکى ئەوتۆیان لە دەستوەردانەکانى تورکیا دەرنەبڕیوە، وە جارێکى دیکەش دەرکەوت ئێران و تورکیا دەیانەوێ لە ڕووى ئابوورییەوە فشار لەسەر وڵاتانى ئەوروپا دروست بکەن، دیسانەوە جیاوازى هەیە لە نێوان سیاسەتى دەوڵەتى فەرەنسا لەگەڵ دەوڵەتانى تر لەناو ئەوروپا.

ــ بۆ ئەم پلانە هەرێمى کوردستان لە کوێی ئەم پلانەدایە؟

عەزیز ماملێ: دەوڵەتى فەرەنسا دەیەوێ لەڕووى فەرهەنگییەوە و دیپلۆماسییەوە پشتگیرییان بکات بەتایبەت لە پەیوەندى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق باشترى بکات، وە ئەو ئابلوقەى کە دروستبووە ئێستا، کە سەرەتا ئابلوقەى ئاسمانى بوو دواتر ئابلوقەى دەستوورى و ئابوورى و پەیوەندى و فیدراڵیشى هاتەسەر، کە لە هەموو رووێکەوە کوردستان پێویستى بە هاوکارى فەرەنسایە، بۆیە دەیەوێ هەنگاوێکى جددى بهاوێ، چونکە حکوومەتى عێراق دەیەوێ هەموو دەستکەوتەکان لە چوارچێوەى حکوومەتى کوردستان بفەوتێنێ و بخاتەژێر پێ. وە سەفەرەکەى ئەمڕۆى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بەتایبەتى لەو چوارچێوە دایە دەیەوێ فەرەنسا فشار لەسەر حکوومەتى عێراق دروست بکات و دەستوورى عێراق بپارێزێ، هەروەها ئەو مافانەى بۆ هەرێمى کوردستان لە دەستووردا هەیە، ڕێزى لێبگیرێ و بپارێزرێ و جێبەجێ بکرێ لەلایەن دەسەڵاتدارانى عێراقەوە.

ــ ئێستا باس لەوە دەکرێ ئەمەریکا لەسەردەمى جۆبایدن جارەکى دیکە پاشەکشە بکات، لە هەمانکاتدا فەرەنسا دەیەوێ ئامادەبوونى خۆى لە عێراق زیاتر بکات بەتایبەت لە بوارى ئابوورى و سیاسییدا، ئایا لەبەر ئەوەیە کە فەرەنسا زیاتر لەلایەن ئێران و عێراقەوە پێشوازى لێدەکرێ؟

عەزیز ماملێ: لەلایەن عێراقەوە پێشوازى لە فەرەنسا دەکرێ، بەڵام بەداخەوە ئەمەریکا چەند ساڵێکە دەستى بە چۆڵکردنى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست کردووە، وەک بینیمان لە سووریا تا ڕادەیەکى زۆر پشتى لە ڕۆژئاواى کوردستان کرد، لە سەردەمى ترامپ دا سەربازەکانى خۆى کشاندەوە و دەستى تورکیا ئاوەڵا کرد بۆ ئەوەى هێرش بکات سەر عەفرین، بەڵام فەرەنسا سەربەخۆ ماوەیە، وە دەیخوازى لە کۆبانێ ڕۆڵى هەبێ، ئێستا بۆ عێراقیش دەیەوێ ئەگەر ئەمەریکا بەرەبەرە عێراق چۆڵ بکات، کە وا دەردەکەوێت چۆلى بکات چە لە ڕووى فشارەکانى حەشدى شەعبى چە لەڕووى سیاسەتى گشتى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، فەرەنسا نایەوێ وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست چۆڵ بکات، هەم لە سووریا و لوبنان هەم لە عێراق و دەیەوێ پەیوەندییەکانى توندوتۆڵ بکات، وە لە نێوەندەشدا کورد دەتوانێ سوودى لێ ببینێ.

ــ ئەگەر هاتوو ئەو بۆشاییەى کە ئەمەریکا دروستى دەکات، فەرەنسا لەڕووى سەربازییەوە بۆشایى ئەمەریکا پڕ بکاتەوە، ئایا وەک ئەمەریکا دەتوانێ سەربازەکانى بڵاوبکاتەوە لە عێراق؟

عەزیز ماملێ: فەرەنسا هەم بە ناوى خۆى هەم بە نوێنەرایەتى یەکێتیى ئەوروپا دەیەوێ ڕۆڵى خۆى ببینێ، چونکە هیچ وڵاتێکى ئەوروپا وەک فەرەنسا ئامادە نین و بوونیان نییە لە عێراق و کوردستان، تەنانەت لە ڕۆژئاواى کوردستان و سووریشا، بێگومان بوونى فەرەنسا درێژەپێدانى سیاسەتى ئەمەریکایە لە ڕووى ئابوورى و سەربازییەوە و ڕۆڵى خۆى دەبینێ، ئەگەر ڕۆژێک ئەمەریکا سیاسەتى خۆى بەرەبەرە بەرەو نەمان ببات، فەرەنسا دەیەوێ شوێنى ئەوان پڕ بکاتەوە، بە تایبەت بۆ داهاتووى  سووریا و ئامادەکردنى دەستوورێکى نوێ لەو وڵاتە، فەرەنسا لەوەدا ڕۆڵى خۆى دەبینێ. لە عێراقیش هەر بەم شێوەیە لە چوارچێوەى دەستوورى عێراق دەیەوێ مافەکانى کورد دەستەبەر بکات، هەروەها داوا دەکات لە عێراق دەستوەردانى تورکیا و ئێران لە عێراق کەم بێتەوە، ئەمەیش لە بەرژەوەندییەکانى خەڵکى عێراق و کوردستان و ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دایە. 

کورد دەبێ لە ناوخۆى دا ماڵى خۆییدا ڕیزەکانى ڕێکبخات، فەرەنسا کە دۆستى بزاڤى کوردە دەتوانێ هەنگاوێکى جددى تر بۆ بهاوێژێ بۆ سەر حکوومەتى عێراق لەسەر ئەو مافە دەستوورییانەى کە لێی زەوتکراون.

ــ بەهێزبوونى فەرەنسا لە عێراق و کوردستان بەگشتى چە سوودێکى بۆ کورد هەیە؟

عەزیز ماملێ: زۆر سوودى هەیە، چونکە فەرەنسا پردێکە لە نێوان حکوومەتى هەرێمى کوردستان و یەکێتیى ئەوروپا، فەرەنسا لە ڕووى دیپلۆماسى و ئابووری و سەربازییەوە بەهێزە، ئەندامى ناتۆ و یەکێتیى ئەوروپایە، یەکێکە لە وڵاتە زلهێزەکانى یەکێتیى ئەوروپا، هەروەها ئەوەى فەرەنسا دەیکات وەک یەکێتیى ئەوروپایە، بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ فەرەنسا سیاسەت و بڕیارەکانى کۆمیسۆنى ئەوروپا و پەرلەمانى یەکێتیى ئەوروپا جێبەجێ دەکات، ئەمەیش بۆ کورد سوودى هەیە، ئەمڕۆ سەردانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەتوانین لەو چوارچێوەیەدا، تاوەکو فەرەنسا فشار لەسەر حکوومەتى عێراق دروست بکات، پێشێلکارى بەرامبەر دەستوورى عێراق نەکات و دەست هەڵگرێ، وە مافەکانى حکوومەتى هەرێم بنرخێنێ و ڕێزى لێبگرێ، ئەوەش زۆر بە سوودە بۆ کورد و هەرێمى کوردستان.

ــ ئێوەش دەزانن و کوردن، کورد ئێستا هەست دەکەن مەترسى لەسەر ئەوان هەیە، ئەگەر باسى باشوورى کوردستان بکەین ئێستا کورد لە هەرێمى کوردستان لە مەترسییدایە و وەک دەڵێن هێدى هێدى بەغدا دەسەڵاتەکانى ناهێڵى، فەرەنسا بۆ ئەوە چۆن دەتوانى هاوکارى کوردەکان بکات، بۆ ئەوەى دڵنیا بن لەوەى ئەوان پشتیوانیان هەیە بەتایبەت لەلایەن فەرەنساوە؟ 

عەزیز ماملێ: دەوڵەتى فەرەنساش ئەو پرسیارەى هەیە کە چۆن دەتوانێ هاوکارى کورد بکات و کورد چۆن دەتوانێت چە هەڵوێستێک وەربگرێ، کە هەرێمى کوردستان لە پەیوەندى لەگەڵ حکوومەتى عێراق دا تووشى بووە و چارەسەر بێ. بە بڕواى من دەبێ کورد سەرەتا ناوماڵى خۆى ڕێکبخات و ڕیزەکانى کورد پتەوتر بکات، ئینجا وەختێ گرژییەکان لە نێوان هێزە کوردییەکان نەما، دەوڵەتى فەرەنسا کە دۆستى بزاڤى کورد و هەرێمى کوردستانە، دەتوانێ هەنگاوێکى جددى تر بهاوێژێ و دەتوانێ فشارێکى باشتر لەسەر حکوومەتى عێراق دروست بکات لەسەر ئەو مافە دەستوورییانەى کە کورد لێی زەوتکراوە.

ــ فەرەنسا بە هەبوونى ماکرۆن، هەرێمى کوردستانیش بەتایبەت باسى نێچیرڤان بارزانى دەکەم، دەتوانن چۆن پێکەوە کاربکەن؟

عەزیز ماملێ: بۆچوونى من ئەوەیە کە دەبێ حکوومەتى هەرێمى کوردستان، پەیوەندییەکى باشتر لەگەڵ فەرەنسا دروست بکات، بە شێوەیەکى ڕێکتر داوا دیپلۆماسییەکانى بخاتەڕوو. وەک دەزانین پێش دوو ساڵ سەرۆک نێچیرفان بارزانى سەردانى فەرەنساى کرد، ئەو پێشوازییەى ئەمڕۆ لێکرا مانایەکى دیپلۆماتیکى هەیە، ئەویش ئەوەیە کە دەوڵەتى فەرەنسا پشتگیرى کورد دەکات، دەیەوێ لەڕووى دیپلۆماسییەوە شتى کورد بگرێ بەرامبەر ئەو بێڕێزییەى لە ساسەتى دەوڵەتى عێراق هاتۆتە ئاراوە، بە بڕواى من کورد دەبێ لە ئێستاوەڕا یەکێتى ماڵى خۆى ڕیکبخاتەوە و شاندێک دروست بکات بۆ هەموو ئەوروپا و ئەمەریکا بنێرێ، بەڵام ئەم شاندە پێکنەهاتبێ لە یەک پارتى سیاسى یان یەک شارى کوردستان، بەڵکو لە هەموو لایەن و ڕێکخراوە سیاسییەکانى کوردستان پێکهاتبێ، ئەم شاندە هەموو بەرپرس و پەرلەمانتارى ئەوروپى ببینێ بۆ ئەوەى فشار لەسەر عێراق دروست بکات، ئەگەر تەکات عێراق ڕێگە بە خۆى دەدات فشارى زیاتر لەسەر دەستوور دروست بکات، کە ئەمەیش جێگەى نیگەرانى و دڵەڕاوکێیە، ئەگەر ئەو سیاسەتەى حکوومەتى عێراق درێژەى هەبێ، بۆیە کورد دەبێ پێش لەوە بگرێ.

بۆ ئەوەش تەنها ڕێگەى دیپلۆماسى هەیە، بۆ ڕێگەى دیپلۆماسى دەبێ نوێنەرایەتییەکى یەکگرتوو هەبێ لە هەموو حیزبەکان و پارچەکانى کوردستان بەبێ جیاوازى، بە شێوەیەکى دیموکراسى، شێلگیرانە سەردانى ئەوروپا بکەن، عێراق ئێستا دەوڵەتێکە بارودۆخى باش نییە، کورد دەتوانێ فشار دروست بکات، واتە ئێستا هەرێمى کوردستان دەرفەتى سوود وەرگرتنى لە کارتى فشار زۆرە، بەڵام ئەوە بەستراوەتەوە بەوەى ئایا کورد دەتوانێ ئەو ئەرکەى خۆى بەجێ بگەینێ. 

ــ ئێوە وەک ئاکادیمییەک کە تێکەڵى کۆمەڵگەى فەرەنسى بوونە، تێروانینى خەڵکى فەرەنسا بۆ هەرێمى کوردستان و پشتیوانى ئەوان بۆ کوردستان؟

عەزیز ماملێ: بە درێژایى مێژوو وەک ئێستا بارودۆخێکى ئەوها لەبار نەبووە بۆ کوردستان، فەرەنسییەکان زۆربەیان ئاگادارییان هەیە دەربارەى بزاڤى کورد، ئەمڕۆش کە سەرۆک مارۆن پێشوازى لە نێچیرڤان بارزانى کرد دڵنیام ڕەنگدانەوەى باشى لەناو کۆمەڵگە و ڕایگشتى فەرەنسا دەبێ، حیزبەکانیش تەنانەت بە چەپ و ڕاستڕەوەکان پشتگیرى پرسى کورد دەکەن، بەداخەوە کورد سوود لەوە وەرناگرێ، کورد تا ئێستا لۆبیەکى باشى نییە لە ئەوروپا، نە کۆنگرەیەى نەتەوەیى هەیە، ئەم بۆشاییە بە زیانى کورد تەواو دەبێ، کاتى ئەوە هاتووە کە کورد جارێکى ئیش بکات بۆ دروستکردنەوەى پەیوەندییەکى نوێ لەگەڵ ئەوروپا، وە هەرێمى کوردستان تا ئێستا هیچى نەکردووە بۆ ئەوەى لۆبییەک لە دەوڵەتانى ئەوروپایى دروست بکات. 

سەرچاوە: رووداو

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە