سەرۆکى ئەمەریکا: تورکیا و ئیسرائیل داواى لادانى سزاکانى سووریایان کرد عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

سەرۆکى ئەمەریکا سەبارەت بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکى سووریا رایگەیاند، پیاوێکى بەهێزە، لادانى سزاکانى سەرى لەسەر داواى تورکیا و ئیسرائیل بوو، لەسەر داواى ئێرانیش چاو بە سزاکانى ئێران دەخشێنینەوە.

ئەمرۆ هەینى (2025/11/7) ماڵپەڕى (ئاڕتى) بڵاوى کردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمەریکا رایگەیاند، لەم نزیکانە چاوم بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکى سووریا دەکەوێت، لەم بڕوایەش دام کارێکى زۆر گرنگ دەکات، سووریا لە ناوچەیەکى ناوچەیە ئاڵۆزە، ئەحمەد شەرع پیاوێکى بەهێزە، بەشێوەیەکى زۆرباش دەتوانم لەگەڵى کار بکەم، هەنگاوى زۆر گەورەى لە پێشخستنى سووریا بەدەست هێناوە.

سەرۆکى ئەمەریکا لە بەشێکى دیکەى قسەکانى جەختى لەسەر ئەوە کردەوە، لادانى سزاکانى سەر سووریا لەسەر بنەماى داواکارى تورکیا و ئیسرائیل و ژمارەیەک وڵاتانى جیاواز بوو، ئێمەش وەک پێدانى دەرفەتێک ئەو سزایانەمان لەسەر لادان.

دەربارەى ئێرانیش دۆناڵد ترەمپ ئاماژەى بەوە کرد، کە ئێرانیش داواى لادانى سزاکانى کردووە، ئێران رووبەڕووى سزاى توندى ئەمەریکا بۆتەوە، ئەوەش واى کردووە، زۆر قورس بێت بتوانێت ئەو کارانەى دەیەوێت بیکات.

ترەمپ لە بەشێکى دیکەى قسەکانى دەڵێت، من گوێ بۆ داواکەیان دەگرم، لە داهاتووش دەبینین چى روودەدات، بەڵام بەرانبەرانبەر ئەو ئەگەرەش ئامادەییم هەیە.

دەربارەى سووریاش سەرۆکى ئەمەریکا گوتى، بە کردەیى ئێمە سزاکانمان لەسەر سووریا هەڵگرت، ئەوەش دەرفەتێکى راستەقینەیە بەو وڵاتە دراوە، پێشم وایە تاوەکوو ئێستا سووریا کارى زۆرباشى کردووە.

دوێنێ پێنجشەممە ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى لەسەر پێشنیارى ئەمەریکا لە کۆى پازدە ئەندام، چواردە ئەندام پاڵپشتى لادانى سزاکانى سەر ئەحمەد شەرع، سەرۆکى سووریا و ئەنەس خەتاب، وەزیرى ناوخۆى ئەو وڵاتە کرد، تەنیا چین دژ بەو بڕیارە بە نەخێر دەنگى دا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین