کریملین: لە کۆبوونەوەی ئەردۆغان و پوتین باسی گەرانەوەی سیستەمی ئاسمانی ئێس 400 نەکراوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

دواى ئەوەى ئاژانسێکی ئەمەریکا بڵاوی کردەوە، لە کۆبوونەوەی سەرۆکی تورکیا و ڕووسیا باس لە گەرانەوەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی (ئێس 400) کراوە، لەوبارەیەوە گوتەبێژی کرێملین دەڵێت، "بەهیچ شێوەیەک لە کۆبوونەوەی ئەردۆغان و پوتین باس لە گەرانەوەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی (ئێس 400)ـی ڕووسیا نەکراوە."

پێنجشەممە (2025/12/18) ماڵپەڕی (بیرگون) بڵاوی کردەوە، بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی بلۆمبێرک لە ئەمریکا بڵاوی کردۆتەوە، ئەنقەرە بۆ گەرانەوەی بەرنامەکانی فرۆکەی جەنگی (ئیف- 35)ـی ئەمەریکا و لابردنی سزاکان و فراوانکردنی پیشەسازی بەرگریی تورکیا دەیەوێت دەستبەرداری سیستەمی بەرگریی ئاسمانی (ئێس 400)ـی ڕووسیا بێت.

ئەو ئاژانسە ئاماژەی بەوەش داوە، گوایە لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردوو لە نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا لە تورکمانستان باسیان لە گەرانەوەی ئەو سیستەمە کردووە. 

دیمیتری پیسکۆڤ گوتەبێژی کرێملین ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، "بەهیچ شێوەیەک لە کۆبوونەوەی ئەردۆغان و پوتین باس لە گەرانەوەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی (ئێس 400)ـی ڕووسیا نەکراوە. هەروەها تاوەکو ئێستا بەرپرسانی تورکیا بەشێوەیەکی فەرمی هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەوبارەیەوە نەداوە.

ئەو دەنگۆیانەش لەکاتێکدایە، تورکیا هەموو هەوڵێکی چڕکردۆتەوە بۆ دەستپێکردنی دانوستاندنەکان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا بۆ هەڵگرتنی سزاکان کە مەرجی سەرەکی واشنتۆن دەستبەرداری ئەو سیستەمانەی ڕووسیایە بۆ تورکیا تاوەکو بگەرێنەوە بۆ بەرنامەکانی فڕۆکەی جەنگی (ئێف 35)، لەکاتێکدا تاوەکو ئێستا تورکیا بۆ یەک جاریش ئەم سیستەمانەی کە لە ڕووسیای کریوە بەکاری نەهێناوە. هەروەها ئەنقەرە بیر لەوەش دەکاتەوە  ئەو سیستەمە ڕاستەخۆ لەژێر کۆنترۆڵی ئەمەریکا دابنێت. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین