فراكسیۆنى پارتى: پاڵپشتى بیروڕاى ئازاد ده‌كه‌ین به‌ڵام بۆ موزایه‌ده‌ ده‌ستخۆشى له‌كه‌س ناكه‌ین کوردستانی

نوچه‌نێت

له‌ وه‌ڵامى ئه‌و ناڕه‌زاییه‌ى كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك لایه‌نى سیاسى له‌سه‌ر دۆسیه‌ى حوكمدراوه‌كانى دهۆك دروست بووه‌، فراكسیۆنى پارتى له‌ راگه‌یێندراوێكدا ده‌ڵێ، "پاڵپشتى بیروڕاى ئازاد ده‌كه‌ین به‌ڵام بۆ موزایه‌ده‌ ده‌ستخۆشى له‌كه‌س ناكه‌ین".

رۆژى هه‌ینى حه‌وتى ئایار له‌سه‌ر بڕیارى دادگاى پێداچوونه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌باره‌ى پێنج رۆژنامه‌نووس و چالاكوانه‌كه‌ى بادینان، كه‌ سزاى شه‌ش ساڵ زیندانیان به‌سه‌ر ده‌سه‌پێنێ، ناڕه‌زاییه‌ك دروست بووه‌  و له‌و كاته‌یشدا فراكسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان راگه‌یێندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:


بەداخەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لەدوای بڕیاری دادگا بۆ چەند دەستگیرکراوێک کە لەژێر ڕۆشنایی بەڵگەو دۆکیۆمێنت و دانپێدانانی خۆیاندا و بە ھەموو پرۆسەیەکی یاسایی و کراوەدا بە پێی حوکمی یاسا بەرکارەکان سزادراون، ھەندێ لایەن و فراكسیۆنی پەرلەمان دوور لە بنەماکانی جیایی نێوان دەسەڵاتی دادوەری و پەرلەمان کەوتوونەتە وێزەی دادگا و سەروەری یاسا لەهەرێمی کوردستان و دەیانەوێت دەست لەکاروباری دادگاکان وەربدەن.

ئێمە بەر لە هەرکەسێک خۆمان بە پێشڕەوی ڕێزگرتن لەیاساو ون نەبوونی حەق دەزانین،پاڵپشتی ئازادی و بیروڕای ئازاد دەکەین،بەڵام  بۆ مەرامی سیاسی و ململانێی حیزبی و موزایەدە و بانگەشەی ھەلبژاردن دەست خۆشی لەهیچ کەسێک ناکەین بێت و ئازادی و دیموکراسی و بەرگی ڕۆژنامەگەری بکاتە سێبەرێک لەپەنایدا سیخوڕی و کاری تێکدەرانەو پلانی تێکدانی هەرێمی کوردستان دابڕێژێت.

دادگا دەبێت بەرچاوی ڕوون بێت و کەیسەکانی دیزە بەدەرخۆنە نەکرێن،وەک ئەوەی بینیمان بەر لە ماوەیەک دوو ڕۆژنامەڤانی دیاری ئەم هەرێمە لەشاری سلێمانی بێ دادگایی و بێ ئەوەی تاوانیان دەستنیشانبکرێت لەگەڵ کۆرپەکەیان لەبەرچاوی هەموو دنیا شەهیدکران،لەبەرچاوی هەموو دنیا موستەفای سەلیمی بێ شەرمانە تەسلیم کراو باوەشی کراوە و میوانداری بۆ کوردانی هەموو پارچەکان لەلایەن هەرێم لەکاتی تەنگانەدا شێوێنرا.

ئێمە دەمانەوێت دادگا ئازایەنە هەموو بڕیارێکی عادیلانە بدات و لەژێر کاریگەری هەست و سۆزو دەستوەرداندا نەبێت،لیژنەکانی پەرلەمان دەبێت بزانن زەوی دزین و قاچاخی و ماددەی هۆشبەرو خواردنی بەسەرچوو دوگی قاچاخ لەبری دروستکردنی میدیا و پەیج و جنێودان بە قازانجەکانیان و پڕکردنی گیرفانی قاچاخچییەکان، دەبێت دادگایی بکرێن چوونکە بکەرانیان هیچ جیاوازییان نییە لەگەڵ ئەوانەی دەیانەوێت هەرێم لەناو ببەن،بۆیە حەق وایە بەدواداچوونی وردبکەن لەمبارەیەوە ئەگەر خەمێک بۆ سەروەری داگاو یاسا هەیە.

دۆخی ھەرێمی کوردستان و تەحەددیاتی بەردەم گەلەکەمان دەخوازێت ھەموو لایەک ئاشتی کۆمەلایەتی بپارێزین و ھەوڵەکانی یەکریزی و کۆکردنەوەی لایەنەکان و ھەماھەنگی بۆ پێکەوە رووبەرووبوونەوەی ئەو تەحەدییانە، پوجەڵ نەکرێنەوە و بەرپرسیارانە مامەلە لەگەل پرسەکاندا بکرێت و بۆ مەرامی حیزبی و موزایەدەو نیفاقی سیاسی مامەڵە بە پرسەکانی بەردەم دادگاکان نەکرێت.

فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین