به‌ پاڵپشتى كازمى  عێراق له‌ وێنه‌ى سه‌ركرده‌كانى ئێران پاك ده‌كرێته‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

له‌ راپۆرتێكى رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید هاتووه‌، دوو رۆژه‌ له‌ به‌غدا و شاره‌كانى ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراق هه‌ڵمه‌تێكى لێكردنه‌وه‌ و دڕاندنى وێنه‌ى سه‌ركرده‌كانى ئێران ده‌ستیپێكردووه‌ و رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێ، "به‌ پاڵپشتى حكومه‌تى كازمى ئه‌و كارانه‌ ده‌كرێن".

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ هه‌شتى ئایار ، رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید له‌ راپۆرتێك باسى له‌وه‌ كردووه‌، هه‌ڵمه‌تێكى گه‌وره‌ى لێكردنه‌وه‌ و دڕاندنى وێنه‌ى سه‌ركرده‌كانى ئێران له‌ به‌غدا و شاره‌كانى ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراق ده‌ستپێكردووه‌.

رۆژنامه‌كه‌ له‌گه‌ڵ زانیارى و ئه‌و لێدوانه‌ى له‌ راپۆرته‌كه‌ بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، چه‌ندان وێنه‌یشى وه‌ك به‌ڵگه‌ داناوه‌.

چه‌ند چالاكوانێك بۆ رۆژنامه‌كه‌ قسه‌یان كردووه‌ و یه‌كێك له‌وان عه‌لى مه‌یاحییه‌ كه‌ چالاكوانێكى سیاسی عێراقییه‌ له‌ لێدوانێكى بۆ رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێ، "زۆربه‌ى شێواندن و سووتاندنى وێنه‌كان له‌ باشوور و ناوه‌ڕاستى عێراق و به‌غدا به‌ شه‌و له‌لایه‌ن هاووڵاتیان ئه‌نجام دراوه‌، كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ 25 ساڵ زیاتر نییه‌".

مه‌یاحى دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانى راپه‌ڕینى تشرینى 2019 ئه‌وه‌یه‌ عێراق بۆ عێراقییه‌كان بگه‌ڕێته‌وه‌.

محه‌مه‌د جه‌نابى چالاكوانێكى تره‌ كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات، ئه‌و سه‌ركرده‌ ئێرانییانه‌ له‌ عێراق جه‌ماوه‌رییان نییه‌، به‌ڵام میلیشیاكان بۆ نیگه‌رانكردنى خه‌ڵكه‌كه‌ ئه‌و كاره‌یان كردووه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه‌ كراوه‌، هه‌ڵمه‌تى لێكردنه‌وه‌ى وێنه‌كان به‌ فه‌رمانى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیران و فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كان كراوه‌ و له‌ زۆر شوێنێش هێزه‌ ئه‌منییه‌ عێراقییه‌كان هاوكارى خه‌ڵكه‌كه‌یان كردووه‌ بۆ لێكردنه‌وه‌ى وێنه‌كان.

له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا به‌ بۆنه‌ى ئه‌و رۆژه‌ى كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانى ئێرانه‌وه‌ به‌ "رۆژى جیهانى قودس" ناو ده‌برێت، له‌ به‌غدا و شاره‌كانى ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراق به‌ سه‌دان وێنه‌ى سه‌ركرده‌كانى ئێران به‌ شه‌قامه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵواسرا بوون.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین