ئه‌مریكا له‌ به‌كارهێنانى درۆنى میلیشیاكانى شیعه‌ى عێراق نیگه‌رانه‌ ئێران

نوچه‌نێت

بەرپرسانی سوپای ئەمریکا لە عێراق نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە هێرشەکانی میلشیاکانی سەربە ئێران لە ڕێگای درۆنەکانەوە بە مەبەستی تێپەڕین لە سیستەمی ڕاداری دەوروبەری بنکە سەربازییەکان و باڵەخانە دیپلۆماتیکەکان، دەربڕیوە.

ڕۆژی شەممە ٢٩ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ئەلعەرەبیە فارسی" بە گێڕانەوە لە واشنتن پۆست بڵاوی کردەوە، بەرپرسانی سەربازیی و دیپلۆماتکاران دەڵێن، ئەو گرووپە چەکدارانە لە جیاتی کەڵکوەرگرتن لە مووشەکەکان، ڕوویان لە درۆنە بچووکەکان کردووە کە لە مەودایەکی زۆر نزمدا دەفڕێن و سیستەمە بەرگرییەکان توانای ناسینەوەیانیان نییە.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، بەرپرسێکی هاوپەیمانێتی دژە تیرۆر لە عێراق کە ئەمریکا ڕابەرایەتی دەکات، هەڕەشەی پەرەسەندنی درۆنەکانی بە گەورەترین نیگەرانی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق وەسف کردووە.

واشنتۆن پۆست بە گێڕانەوە لە بەرپرسانی ئاگادار لە ناو هاوپەیمانێتی دژە تیرۆر لە عێراق نووسیویەتی لە مانگی نیسانی ڕابردوودا، هێرشێک لە ڕێگای درۆنەوە بۆ سەر هێلانەی "ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی CIA" لە ناو فڕۆکەخانەی شاری هەولێر، لە هەرێمی کوردستان ئەنجام درا.

ئەو بەرپرسەی هاوپەیمانێتی وێرای ئاماژەکردن بەوەی کە فڕینی ئەو درۆنە لە مەودای ١٠ مایلیدا شوێنی هەڵگیرا، بەڵام بە هۆی گۆڕینی ئاراستەکەی ون بوو، گوتی: "لاشەی دۆزراوەی ئەو درۆنە و لێکدانەوە سەرەتاییەکان دەریان خست لە ئێران دروست کراوە". 
بەگوێرەی "واشنتن پۆست" ئەو هێرشە بە هۆی وردەکاریی و هەروەها نهێنی بوونی هێلانەی هەواڵگریی ئەمریکا، بووە هۆی نیگەرانی بەرپرسانی کۆشکی سپی و پنتاگۆن.
بە گوتەی بەرپرسانی ڕۆژئاوا، هەرچەندە ئەو هێرشە زیانی بە کەس نەگەیاند، بەڵام پرسەکە ئەوەندە گرنگ بوو کە شەوێکی دوورودرێژ بۆ باس و گفتوگۆکردن سەبارەت بە چۆنیەتی وەڵامدانەوە بەو هێرشە تێپەڕی. هەندێ لە بەرپرسانی ئەمریکی لایەنگری تاوتوێکردنی جدی بژاردەی کاردانەوەی سەربازیی بوون، لەوانە برێت مەکگۆرک، نوێنەری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، بەڵام ئیدارەی بایدن لە کۆتاییدا بڕیاری دا وەڵامی سەربازیی نەدرێتەوە.

بە گوتەی بەرپرسان و کارمەندانی جێگیرکراو لە عێراق، هێرشێکی هاوشێوە بە کەڵکوەرگرتن لە درۆن لە مانگی ئایاردا بۆ سەر بنکەی عەین ئەسەد ئەنجام درا کە بووە هۆی سەرهەڵدانی نیگەرانی هاوشێوە لە ناو فەرماندەکانی هاوپەیمانێتیدا سەبارەت بە ناوەڕۆکی گۆڕانی تاکتیکەکانی میلشیاکان. 
سەربازێکی عێراقی کە لە بنکەی عەین ئەسەد جێگیر کراوە بەو مەرجەی کە ناوی نهێنی بمێنێتەوە بە واشنتۆن پۆستی ڕایگەیاندووە کە "زیانەکان زۆر نەبوون بەڵام هاوپەیمانێتی زۆر تووڕە بوو. ئەوان بە فەرماندەکانی ئێمەیان گوت ئەوە گرژییەکان زیاتر دەکات". 
عەین ئەسەد پێشتریش، لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٠دا وەک تۆڵەیەک بۆ کوشتنی قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران لە لایەن ئەمریکاوە، بە مووشەکی بالستیکی ئێران کرابووە ئامانج.

هێرشە مووشەکییەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران، هەندێ جار بوونەتە هۆی کوژرانی سەربازانی ئەمریکیی، کارمەندانی ئاسایش و هاووڵاتیانی مەدەنی عێراق. بەگوێرەی "واشنتۆن پۆست" ئەو هێرشانە واشنتۆن و تارانی تا بەرەبەرەی دەرگیری ئاشکرا لە ناو سنوورەکانی عێراقدا ڕاکێشاوە. 
بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، یەکێک لە بەرپرسانی ڕۆژئاوا کە بە هۆی هەستیاری بابەتەکەوە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، گوتویەتی: "کوژرانی ئەمریکییەک هێڵی سووری ئەوانە. یەکەمین پرسیارێک کە بەردەوام ئەمریکییەکان دەیپرسن ئەوەیە کە بریندارەکە سەر بە کام وڵاتە؟".

ژه‌نەڕاڵ فرانک مەکنزی، فەرماندەی باڵای سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەفتەی ڕابردوو گوتی هەوڵەکان بۆ پەرەپێدان بە بەرگڕی باشتر لە بەرانبەر درۆنەکان لە ئارادان. مەکنزی لە کاتی سەردانی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بە ڕۆژنامەنووسانی گوت بەرپرسانی سوپا لە هەوڵی دۆزینەوەی باشترین ڕێگاکانن بۆ پچڕاندنی پەیوەندییەکانی نێوان درۆنەکان و ڕێنوێنەکانیان و هەروەها باشترکردنی ڕادارەکان بۆ ئەوەی بە نزیکبوونەوەی هەڕەشە، بە خێرایی بیانناسنەوە و پووچەڵیان بکەنەوە.


مانگی نیسانی ڕابردوودا، کۆشکی سپی ڕایگەیاند لیژنەیەکی هاوبەشی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل سەبارەت بە هەڕەشەی ڕوو لە زیادبووی درۆنەکان و مووشەکەکانی بەرهەمی ئێران و ڕادەستکردنی ئەو مووشەکانە بە میلیشیاکانی سەر بە تاران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێک هاتووە.

لە لایەکی ترەوە، سەرچاوە ئاگادارەکان،  باس لەوە دەکەن کە وەزارەتی بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەوڵ دەدات جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، بۆ هێرشبردن بۆ سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق ڕازی بکەن.

ئەو سەرچاوە، ڕۆژی هەینی ٢٨ی ئایاری ٢٠٢١، بە "دەیلی کۆلەر"ی گوت: "ئیدارەی بایدن بە جدی هەوڵ دەدات چەندین بژاردە وەک کاردانەوە لە بەرانبەر هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لێک بداتەوە".

 


 

 

 

 


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین