ئەردۆغان: زۆر بە هەستیاری پڕۆسەی ئاشتی بەڕێوە دەبەین تورکیە

نوچەنێت

سەرۆک کۆماری تورکیا لەبارەی هێرشی سوپای سووریا بۆ سەر حەلەب رایگەیاند، "پێویستە هێزەکانی سووریا دیموکرات رێککەوتنی (10)ـی ئادار جێجەجێ بکەن، ئێمە پرۆسەی ئاشتی زۆر بەهەستیارییەوە بەرێوەی دەبەین."

ئەمڕۆ سێشەممە (2026/1/13) ماڵپەڕی (بیرگون) بڵاوی کردەوە، ڕەجەب تەیب ئەرۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دوێنێ لەدوای کۆبوونەوەی لە کۆمیتەی بەرێوەبەریی ناوەندی ئەکپارتی باسی لە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای سووریا و ئاسایشی ناوخۆی حەلەب و هێزەکانی هەسەدە کرد و گوتی، "هەرگیز رێگە نادەین برایەتیی نێوان کورد و عەرەب و تورک تێکبدەن، پرۆسەی ئاشتی زۆر بەهەستیارییەوە بەڕێوەدەبەین و چاودێری هەموو هەولێکی تێکدەرانە دەکەین لەدژی پرۆسەکە."

ئەردۆغان لە درێژەی قسەکانیدا پشتیوانی تورکیای بۆ سوپای سووریا دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوەش کرد، "تورکیا بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی هەموو رێوشوێنێکی ئەمنیی پێویستی گرتۆتەبەر، پێویستە حەلەب لە هەسەدە پاک بکرێتەوە، چونکە دەبێتە دەستکەوتێکی گرنگ لە پێناو ئارامیی و ئاسایش و یەکپارچەیی خاکی سووریا."

سەرۆکی تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت هێزەکانی سووریای دیموکرات پابەندی رێكکەوتن بن لەگەڵ حکومەتی دیمەشق و دەشڵێت، "سوریا دەرفەتێکی مێژووی لە رێککەوتنی (10)ـی ئادار بە هەسەدە داوە و پێویستە جێبەجێی بکات، تورکیا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بەو رێککەوتنە."

لەدوای ئەوەی بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ شەڕ و پێکدادانێکی سەخت لەنێوان هێزەکانی سووری دیموکرات و ئاسایشی ناوخۆی حەلەب و سوپای سووریا لە گەرەکە کوردنشینەکانی حەلەب ڕوویدا، تورکیا لە سەرەتای هێرشەکە پشتیوانی خۆی بۆ هێزەکانی سووریا راگەیاند، وەزارەتی بەرگریی تورکیاش ئامادەیی نیشاندا بۆ بەشداریکردن لەو هێرشە.  

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین