سەرۆکى هەرێم بە بۆنەى رێککەوتنى يازدەى ئادار پەیامێکى بڵاوکردەوە کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بە بۆنەی ڕێککەوتننامەی 11ی ئازار بڵاوکردەوە، ڕایگەیاند، "ڕێککەوتننامەی 11ی ئازار تەنها دەستکەوتێکی نەتەوەیی نەبوو، بەڵکوو نەخشەڕێگەیەکی دروست و نموونەیی بوو بۆ چەسپاندنی ئاشتی و پێکەوەژیان لە عێراقدا".

ڕۆژی چوارشەممە (2026/3/11)  سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەى دەڵێت، "ئەم ڕێککەوتننامەیە کە بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر و شۆڕشی مەزنی ئەیلوول هاتە ئاراوە، گەورەترین دەستکەوتی سیاسی و یاسایی بوو. وەک یەکەم بەڵگەنامەی فەرمیی دانپێدانان بە مافەکانی گەلی کوردستان لە مێژووی هاوچەرخدا تۆمار کرا و بووه‌ بنه‌مای هه‌موو ده‌ستکه‌وته‌کانی دواتری هه‌رێمی کوردستان".

دەقی پەیامەکى سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

ئەمڕۆ بە شکۆدارییەوە یادی پەنجا و شەش ساڵەی ڕێککەوتننامەی مێژووییی 11ی ئازاری 1970 دەکەینەوە. ئەم ڕێککەوتننامەیە کە بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر و شۆڕشی مەزنی ئەیلوول هاتە ئاراوە، گەورەترین دەستکەوتی سیاسی و یاسایی بوو. وەک یەکەم بەڵگەنامەی فەرمیی دانپێدانان بە مافەکانی گەلی کوردستان لە مێژووی هاوچەرخدا تۆمار کرا و بووه‌ بنه‌مای هه‌موو ده‌ستکه‌وته‌کانی دواتری هه‌رێمی کوردستان. لەم یادەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدان دادەنەوێنین و سڵاو بۆ تێکۆشەران و پێشمەرگە قارەمانەکان دەنێرین.

ڕێککەوتننامەی 11ی ئازار تەنها دەستکەوتێکی نەتەوەیی نەبوو، بەڵکوو نەخشەڕێگەیەکی دروست و نموونەیی بوو بۆ چەسپاندنی ئاشتی و پێکەوەژیان لە عێراقدا. مێژوو سەلماندی کە پاشگەزبوونەوەی دەسەڵاتدارانی ئەوسای عێراق لەو ڕێککەوتنە و پەنابردن بۆ لۆژیکی هێز لەجیاتی گفتوگۆ، عێراقى ڕووبەڕووی چەندین دەیە شەڕ، ماڵوێرانی، ناسەقامگیری و بەفیڕۆدانی سامانە مرۆیی و ماددییەکان کردەوە کە تا ئەمڕۆش باجی ئەو هەڵە مێژوویییانە دەدات.

لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە، ناوچەکەمان لەناو ئاڵۆزی و مەترسییەکانی پەرەسەندنی شەڕدایە. ئەم دۆخە ئاڵۆزه‌ پێمان دەڵێت کە پێویستە هەموو لایەک بە هەستیاری و به‌رپرسیاریه‌تییەوە مامەڵە بکەن و کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێن و ڕێگە لە تەشەنەسەندنی زیاتری شەڕ و ئاڵۆزییەکان بگیرێت. لە عێراقیش پێویستە هەموومان پەند لە مێژوو وەربگرین و بزانین کە سەقامگیری بە یەکترقبووڵکردن و چەسپاندنی سیستمی فیدراڵی و دادپەروەری بەدی دێت.

لەم یادەدا، جەخت لەسەر یەکڕیزی و تەباییی نێوان لایەنە کوردستانییەکان دەکەینەوە وەک تاکە گەرەنتی بۆ پاراستنی قەوارەی فیدراڵی و ده‌ستکه‌وت و مافە دەستوورییەکانمان. با پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی کوردستان و عێراق لە مەترسییەکانی شەڕ دوور بخەینەوە و داهاتوویه‌كى گەشتر، ئاوەدانتر و پڕ لە ئاشتی بۆ نەوەکانمان بنیات بنێین.

سڵاو لە یادی 11ی ئازار. دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین