عەدنان موفتى: ئۆپۆزیسیۆنى ئەوکات، هۆکارى پەسندنەکردنى دەستوورى هەرێمى کوردستان بوون میدیا

نوچەنێت:

لە ماوەى ڕۆژانەى (3تا5-5-2021) شاندى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان بەسەرۆکایەتیى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان سەردانى سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستانیان کرد، بۆ گفتوگۆکردن لە بارەى پرسەکانى پڕۆژەیاساى دەستوورى هەرێمى کوردستان و هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق و یەکڕێزى سیاسیى نێوماڵى کورد.

عەدنان موفتى ئەندامى ئەنجوومەنى باڵاى یەکێتیى نیشتیمانى کوردستان، لە دیمانەیەکى رووداو لە (4-5-2021)دا، لەسەر سەردانییەکانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەڵێت، دەبێ پەیوەندییەکانى پارتى و یەکێتى و گۆڕان و هێزە ئیسلامییەکان و هەموو ئەوانە پێویست دەکات بەرەو باشى بڕوات، بەرەو تێگەیشتنى باشتر و یەکگرتووبووین بۆ ئەوەى بتوانین ئێمەش وەکو هەموو دونیا، سەربەخۆیى بین، ئەوەش پێویستى بەوە هەیە لە ئێستاوە دەستوورێکمان هەبێ و پابەندى ئەو دەستوور بین، وە کەس نەتوانێ پێشلى بکات.

 

دەقى دیمانەى عەدنان موفتى ئەندامى ئەنجوومەنى باڵاى یەکێتیى نیشتیمانى کوردستان:

ــ سەرۆکى هەرێمى کوردستان جەولەیەکى سەردانى بۆ لاى لایەنە سیاسییەکان دەسپێکردووە، کە گفتوگۆکان زیاتر لەبارەى دەستوورى هەرێمى کوردستانە، بە بۆچوونى تۆ دەبێ چى بکرێت بۆ ئەوەى هەرێمى کوردستان چیتر بەبێ دەستوور نەبێ؟

عەدنان موفتى: خۆى لە ڕاستیدا دەستوور دەمێکە پڕۆژەکەى ئامادەیە، لە هەموو دونیادا کە دەستوور دەنووسرێ، بەپێى ئەو ئوسوڵەى کە هەیە، ژمارە لە پسپۆڕان و ئەندامانى پەرلەمان دەستنیشان دەکرێن بەپێى ئەزموونى خۆیان و ئەو یاسانەى کە هەیانە، هەروەها ئەزموونى وڵاتانى هاوشێوە دەستوورێک دەنووسرێت. هەرێمى کوردستانیش لە (2005)وە، لیژنەیەکى لە پەرلەمانتاران و شارەزایان بۆ نووسینەوەى دەستوور، نزیکەى چوار ساڵ خەریکى بوون، بۆچوونى لایەنە سیاسییەکان و خەڵکیان وەرگرت، دەتوانم بڵیم لە ماوەى ئەم چوار ساڵە کارى زۆریان کرد تا پڕۆژەکەیان ئامادەکرد، بەڵام بە داخەوە لە هەڵبژاردنى (2009) بۆ پەرلەمانى کوردستان، کە پێویست بوو ئەوکات دەنگبدرێت بۆ پڕۆژەکە، چەند کۆسپێک هاتەپێشەوە، وەک ململانێى سیاسى ئەوکاتى بۆ هەڵبژاردنەکە، پڕۆژەیاساى دەستوور بەکارهێندرا بۆ ورژاندنى ناڕەزایەتییەکانى خەڵک بۆ دەستنیشانکدرنى کەموکوڕییەکان، لەلایەن هەندێ لایەنى ئەوکات.

بەڵام ئەگەر ئێستا سەیرى بکەین بەمشێوەییە نەبووە، دەبینین ناڕەزاییەکان واقیعبینانە نەبووە، بەڵکو ململانێى سیاسییەکان زاڵبوو بەسەر ئەو تێبینیانەى کە هەیانبووە. هەروەها بەغداش ناڕازى بوو، بەتایبەت کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى بەغدا، کە دەیانگوت کاتەکە کەمە، بە هەر حاڵ کە ئەو دەرفەتە لە دەستچوو، کە پڕۆژەکە دواخر بۆ خوولى سێیەم و چوارەمى پەرلەمان. 

ــ ئێوە یەکێک بوون لەو کەسانەى کە ڕۆڵتان هەبوو لە دانانى چوارچێوەى دەستوورى کوردستان، ئەو پڕۆژەیە بۆچى وەستا، کێشە و گرفتەکان چى بوون کە وایکرد دەستوورى کوردستان تەواو نەبێ؟

عەدنان موفى: وەک ئاماژەم پێکرد، ڕاوەستانەکە لەبەر ناکۆکى لایەنە سیاسییەکان بوو، بەتایبەتى ئۆپۆزیسیۆنى ئەوکاتى لە ناو پەرلەمانى کوردستان و خەڵکدا، کە هەندێ لایەن ئاماژەیان بەوەدەکرد کە وەک پێویست تێبینییەکانیان وەرنەگیراوە، لە مەسەلەى دەسەڵاتەکانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و ناوچەدابڕێندراوەکان، هەروەها بەغداش بەڕاستى ڕێگر بوو، ئەگەرچى ڕێگرییەکە بەغدا تەنها بە قسە بوو، چونکە نەگەیشتبووە ئەوەى کە هەڵوێستیان هەبێ، تەنها کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان بوو دەیانگوت کاتمان کەمە لەبەر ئەوەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقمان لەپێشە، بۆیە ناتوانین ڕاپرسى پڕۆژەیاساى دەستوور بکەین.

ــ ئێستا زەمینەیەک لەبەر دەستە کەوا کۆدەنگی و سازان لە نێوان لایەنەکان دروست ببێت لەسەر دەستوورى هەرێمى کورستان؟

عەدنان موفى: خۆى هەموو کاتێک گونجاوە، بگرە درەنگیشە، کە لە (2009) نەکرا، دەبوایە دواى ساڵێکى تر ئەنجام بدرایە، ئێستاش کە کاتەکە بەسەرداچووە هەر دەبێ ببینە خاوەنى دەستوور، بەڵام پێویست دەکات لایەنە سیاسییەکان ڕێککەون لەسەرى، لەبەر ئەوەى هەرێمى کوردستان بەداخەوە وەکو دونیا بەڕێمان نەکردووە، لە دونیادا ئەم پڕۆژەیە لەلایەن لیژنەیەکەوە دەنووسرێ و تەواو دەکرێ، لە پاشان دەخرێتە دەنگدانەوە، ئەگەر لە دەنگدان دەنگى هێنا بەپێى یاساکە، ئەوە دەبێتە خاوەن دەستوور، بەڵام ئێمە ئەو سیستەمەى کە دامناوە بە دواى ئەوە دەگەڕێن کە کۆ دەنگى هەبێ، بە بۆچوونى من کۆدەنگى زۆر زەحمەتە، لەبەر ئەوەى خیلاف لەسەر دەستوور نەک لە وڵاتى ئێمەدا، لە هەموو دونیادا ناکۆکى لەسەر دەستوور هەیە، ئەگەر کەموکوڕییەک هەبێ دواى ئەوەى دەنگى پێویست دەهێنێ، بەتاکید دەستوورەکە هەموار دەکرێتەوە، هیچ وڵاتێک نییە کە دەستوورى نووسیبێتەوە دواتر لە دواى چەند ساڵێک بۆى دەردەکەوێ دەستوورەکەى لە کوێ کەموکوڕى هەیە ئەوکات هەموارى دەکاتەوە.

پێموایە ئێستا بارودۆخەکە لەبارە، لەبەر ئەوەى کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا بەرەو چارەسەرکردن دەڕوات، لە ناوخۆشماندا دیالۆگى باش هەیە، کە لەگەڵ حیزبەکان دەستیپێکردووە، کە بۆ ماوەى چەند هەفتەیەک دەبێ، ئومێد دەکەم ئەو دیالۆگ و دانیشتن و ڕێککەوتننانەى  کە پێشتر کراوە بۆ ئەوەى حکوومەت پێک بێت، ئێستا ئەو هەنگاوانە بەرەوپێش بچێت، وە بتوانن ئەو لیژنەیەى دانراوە بۆ پێداچوونەوە بە پڕۆژەیاساى دەستوور کارابکرێتەوە.  

ــ یانى بە بۆچوونى ئێوە، ئەم خولەى پەرلەکانى کوردستان دەتوانێ دەستوورى هەرێمى کوردستان پەسند بکات؟

عەدنان موفى: خۆى پەسندکردنەکەى ئاسانە، چونکە پڕۆژەیاساکە ئامادەیە و تێبینییەکانیش وەرگیراوە و لیژنەى تایبەتى بۆ دانراوە، بەڵام ئێستا دەبێ ئەو لیژنەیە جارێکى تر سەرۆکایەتیى پەرلەمان کاراى بکاتەوە، وە چى پێویستە بۆ دەوڵەمەندکردنى ئەو لیژنەیە، بۆ ئەوەى ئەو لیژنەیە پێداچوونەوەیەکى بە پەلە بکات، وە ئەو خاڵانەى کە ناکۆک بوون لەسەرى دیارە،  هەندێکیان چارەسەرکراوە. خاڵى هەرە گرنگ کە ناکۆکى لەسەر بوو ئەوە بوو کە سەرۆکى هەرێم لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرێ یان لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێ، ئەوە خۆى لە خۆیدا چارەسەرکرا، وە یاساکە هەموارکرایەوە و سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە پەرلەمان هەڵدەبژێردرێ، ماناى وایە ئەوانەى کە ڕەخنەیان دەگرت و گلەییان لەوە هەبوو، ئەوە خۆى چارەسەرکرا.

دەستوور چییە؟ دەستوور بریتییە لەو یاسانەى کە هەیە، ئێستا کە ئەو یاسانەى کە هەیە هەمووى دەخرێنە ناو دەستوورەوە بەشێوەیەکى زیاتر روون دەکرێتەوە، مافەکانى تاکەکەسى و مافى ئازادیى، وە هەموو دەسەڵاتەکان دەستنیشانکراوە لە دەستوور، تەنها ئیرادەیەکى باشى دەوێ بۆ ئەوەى پڕۆژەکە بخرێتە دەنگدان.  

ــ زەقترین ناکۆکى لەپێش پەسندکردنى ئەو پڕۆژەیە، کە هەتاوەکو ئێستا چارەسەرنەکراوە چییە دەربارەى دەستوور، کە ڕەنگە سەرۆکى هەرێمى کوردستانیش لە گفتوگۆکانى لەگەڵ لایەنەکان باسى لێوەبکرێ؟

عەدنان موفى: بە بۆچوونى من، ناکۆکى لەسەر ماددە و خاڵەکانى دەستوور کەمە زۆر نییە، زیاتر ناکۆکى سیاسى هەیە، کە بریتییە لە رووداوەکانى ئەو سێ چوار ساڵەى ڕابردوو، وە ئەو ناکۆکیانەى کە لەلایەن حیزبەکانەوە زۆر دیار بوو، وە لە هەڵویستى دوورکەوتنەوە لە یەکترى، لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا بۆچوونى جیاواز هەبوو، هەروەها لە مەسەلەى پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا و ئێران. هەموو ئەوانە پێویست دەکات باس بکرێ، بۆ ئەوەى نەبنە کۆسپ لەبەردەم دەنگدان بە دەستوور. بێگومان وەک باسمکرد لە ڕووى یاساییەوە، سەیرکە ئەوە دە ساڵى بەسەردا چووە، هەندێکیان هەموارکردۆتەوە، بەڵام بە پێى ئەو ئەزموونەى کە لەو دوازدە ساڵەدا هەیە چە پێوست دەکات ئیزافە بکرێ بۆ پڕۆژەکە، ئەو خاڵانەى کە پێویست دەکات هەموار بکرێتەوە، سیغەى باشترى بۆ بدۆزرێتەوە.

چونکە ئەو دوازدە ساڵەى ڕابردوو ئەزموونێکە، وە دەبێ ئەزموونێکى تازە ڕەچاو بکرێ لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا، ناوچە دابڕێندراوەکان چۆن بگەڕێنەوە سەر هەرێمى کوردستان، چۆن وا بکەن دەسەڵاتى یاسا سەروەر بێ، هەروەها چۆن دەسەڵاتەکان جیابکرێنەوە، وە چۆن هێزى پێشمەرگە یەکخرێت و یەکگرتوو بێ، وە هەروەها لە هێزەکانى ئاسایش، کە بەداخەوە ئێمە لە دواجاردا چەند هەنگاوێک بەرەو داوەوە ڕۆیشتووین، چونکە بارودۆخى کوردستان لەو بوارەدا لە ڕابردوو زۆر باشتر بوو لە ئێستادا، کە پەیوەندییەکانى پارتى و یەکێتى و گۆڕان و هێزە ئیسلامییەکان و هەموو ئەوانە پێویست دەکات بەرەو باشى بڕوات، بەرەو تێگەیشتنى باشتر و یەکگرتووبووین بۆ ئەوەى بتوانین ئێمەش وەکو هەموو دونیا، ئومێدمان ئەوەیە کە دواڕۆژمان سەربەخۆیى بێت، ئەوەش پێویستى بەوە هەیە لە ئێستاوە دەستوورێکمان هەبێ و پابەندى ئەو دەستوور بین، وە کەس نەتوانێ پێشلى بکات.

سەرچاوە: رووداو

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە