محەممەدى حاجى محمود: سەرۆکى هەرێم دەیەوێ هەر حیزبەو بە تەنها وەڵامى پێشنیارەکانى بداتەوە میدیا

نوچەنێت:

لە ماوەى ڕۆژانەى (3تا5-2021) شاندى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان بەسەرۆکایەتیى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان سەردانى سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستانیان کرد، بۆ گفتوگۆکردن دەربارەى هەر یەک لە پرسەکانى هەڵبژاردنى عێراق و ڕەشنووسى پڕۆژەیاساى دەستوورى هەرێمى کوردستان و یەکڕێزى هێز و لایەنە سیاسییەکانى کوردستان.

یەکێک لەو لایەنانەى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ دەستەى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان سەردانى کردنن، حیزبى سۆسياليستى ديموكراتى كوردستان بوو. لەسەر ئەو سەردانییە و کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکى هەرێمى کوردستان، محەممەدى حاجى محمود لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رووداو لە (4-5-2021)دا، دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەى سەرۆکایەیتى هەرێمى کوردستان لە (8-4-2021)دا، کۆمەڵێک پێشنیار خرابووەڕوو لەسەر مەسەلەى دانانى ئالیەتێک بۆ کۆبوونەوەى هەموو حیزبە سیاسییەکان و پرسى دەستوور، وە یەکێک لە مەبەستەکانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ لایەى لایەنەکان ئەوەیە، دەیەوێ بە تەنها لەگەڵ حیزبەکان گفتوگۆ بکات، ئەو پێشنیارانەى کە لەوێ بە کۆمەڵ کرابوو، ڕەنگە هەر حیزبەو بە تەنها وەڵامەکەى وەرگرێتەوە، بۆ ئەوەى بتوانن دوایى شتێکى لێ دروست بکەن.   

ــ چۆن لە هاتنى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ لاى لایەنە سیاسییەکان بەتایبەتى ئێوە وەکو حیزبى سۆشیالیستى دەڕوانن، ساتەوەختى سەردانییەکە گونجاوە؟

محەممەدى حاجى محمود: بەتاکید پێشتریش سەرۆکى هەرێمى کوردستان کۆبوونەوەى کردووە لەگەڵ لایەنەکان، کە هەموو حیزبەکانى بانگهێشتکرد، کۆمەڵێک پێشنیار خستەڕوو لەسەر مەسەلەى دانانى ئالیەتێک بۆ کۆبوونەوەى هەموو حیزبە سیاسییەکان، هەروەها باسى دەستوور، وە یەکێک لە مەبەستەکانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ لایەى لایەنەکان ئەوەیە، دەیەوێ بە تەنها لەگەڵ حیزبەکان گفتوگۆ بکات، ئەو پێشنیارانەى کە لەوێ بە کۆمەڵ کردیان، ڕەنگە هەر حیزبەو بە تەنها وەڵامەکەى وەرگرێتەوە، بۆ ئەوەى بتوانن دوایى شتێکى لێ دروست بکەن.   

ــ سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانى عێراق، ئەو ماوەییە سیاسییەکان زۆرجار دەڵێن، هەرێمى کوردستان لەبەردەم ئاڵنگارییەکى گەورەدایە، لە ئەگەرى کەمبوونەوەى کورسییەکان و کەمبوونەوەى دەنگى هەرێمى کوردستان، وە ڕێکنەکەوتن دواتر بۆ پێکهێنانى پەرلەمان و حکوومەت و سەرۆکایەتیى کۆمار، کە بڕیار وایە پشکى هەرێمى کوردستان بێت، ئێوە چۆن دەڕواننە بابەتى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى عێراق، بە جددى ئێوەش پێتانوایە ئەم هەڵبژاردنە گرنگە بە تایبەتى بۆ قەوارەى هەرێمى کوردستان کوردستان؟

محەممەدى حاجى محمود: هەڵبژاردن کارێکى باشە، هەموو هەڵبژاردنێک ڕەنگە گۆڕانکارییەکى بە دواوە بێت، بەڵام جاران دەمانگوت عەرەب ڕێککەوتن بۆ ئەوەى کە ڕێکنەکەون، بەڵام وا دیارە کورد ڕێککەوتووە بۆ ئەوەى ڕێکنەکەون، کورد دەبوایەک یەک لیستى هەبوایە لە عێراق بە تایبەت ئێستا، کە یاساى هەڵبژاردنەکان لە بەرژەوەندى کورددا نییە، لە (18) بازنەوە کراوە بە (83) بازنە، ئەمەیش وا دەکات دەنگى کورد بەفوتێ لە مووسڵ، کەرکەووک، سەڵاحەددین، دیالە، بەغدا، کوت، دەنگى کورد لەو ناوچانە دەفەوتێ.

ئەگەر سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە ناو پەرلەمان هەڵبژێدرێ نەک لە ناو میللەت، واتە حیزب هەڵیدەبژێرى لە جیاتى میللەت.

بۆیە من پێموایە دەبوایە هێزە سیاسییەکان کوردییەکان هەموویان پێکەوە لە لیستێکدا کۆببوونایانەوە، بۆ ئەوەى بیانتوانیانە ئەو دەنگە پەرتەوازانە هەمووى کۆبکەونەوە و بە ژمارەیەکى باشەوە بچنە ناو پەرمان. ئێمە یەکەمجار لە کۆى (275) ئەندام پەرلەمانى عێراق، کورد (77) ئەندامى پەرلەمانى هەبوو، ئێستا زیاتر (50) و شتێک ئەندام پەرلەمانمان هەیە، ڕەنگە ئەمجارە کەمتر بێتەوە بۆ (53) ئەندام پەرلەمان، چونکە پێموایە (46) کورسیەکەى هەر سێ پارێزگاکەى کورد وەکو کۆتا وایە، دواى ئەو (46) کورسییە ئەو ناوچانەى وەکو مووسڵ و ناوچە جێناکۆکەکان ماوەتەوە، ئەویش ڕەنگە سنوورى هەر (10) کورسییەک کەمتر بێنن.

ــ ئێوە وەکو سۆسیالیست بەسەر بەخۆ بەشداریتان کردووە و کاندیتان هەیە، ئایا قسەتان نەکردووە لەگەڵ سیاسییە گەورەکان بەتایبەتى پارتى و یەکێتى، بۆ ئەوەى لیستیى کوردستانى سەرتاسەرى هەبێ، وەکو ئەوەى ئێستا تۆ دەیڵێیى کە پێویست بوو هەموو حیزبەکان هەر هەشت نۆ لایەن پێکەوە بوونایە؟ 

محەممەدى حاجى محمود: هەندێ لەلایەنەکان قسەیان لەگەڵمان، بەڵام ئێمە پێمانگوتن ئەگەر هەموو هێزەکان پێکەوە نەبن، ئێمە نابینە میحوەر لە هیچ لایەک، ئەگەر هەموو هێزەکان بەتایبەتى یەکێتى و پارتى لەو لیستەدا هەموو پێکەوە بن لەگەڵ حیزبەکان ئێمەش تێدا دەبین، بەڵام دواى نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێک ئێمە سەربەخۆ لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداریمان کردووە لە دهۆک لە هەر سێ بازنەکە، لە هەولێر لە هەر سێ بازنەکەى، لە سلێمانى لە هەر سێ پێنچ بازنەکەى، وە لە مووسڵ یەک بازنە، لە کەرکووک لە دوو بازنە، لە دیالەش لە یەک بازنە بەشداریمان کردووە، ئێمە بە (21) کاندید لە هەموو بازنەکان بەشداریمان کردووە. 

ــ پەیوەست بە دەستوورى هەرێمى کوردستان کە تا ئێستا زیاتر لە حەفتا ماددەش ڕۆیشتووە، وابزانم ماددەى کەم ماوە، سەرنجى ئێوە چییە بۆ دەستوورى هەرێمى کوردستان کە بڕیاروایە لەسەردانى ئەمڕۆى سەرۆکى هەرێمى کوردستان داوا بکات لە لایەنە سیاسییەکان لیژنەیەکى باڵا دروست بکەن بۆ ئەوەى کە سەرنج و تێبینییەکانى خۆیان بخەنەڕوو، وە دواتر لە پەرلەمان شکڵى یاسایى بەبەردا بکرێت؟

محەممەدى حاجى محمود: لە کاتى خۆیدا من بۆچوونم وابوو، کە ڕەنگە شتەکانیشم هەمووى مابێت، دەبوایە دەستوورى هەرێمى کوردستان پێش دەستوورى عێراق بکرایە، چونکە ئەوکاتە بۆ کورد گرنگتر بوو، ڕەنگە لە دەستوورى عێراقیش جێگەى هەندێکى بکرایاتەوە، بەڵام کورد نەیتوانى بیکات، نازانم هۆکاییەکانى چى بوو، وە لە دوا دواییانەش کەکردیان دەنگ لەسەر زۆربەى ماددەکان درا، تەنها مابوو بخرێتە بەر دەستى خەڵکى کوردستان، بەڵام ململانێى سیاسییەکان و موزادەییەى هەندێ لایەن وایکرد دەستوورەکە جێبەجێ بکەن، گەڕاندیانەوە پەرلەمان، پەرلەمانى ئەو کاتیش ئەو پەرلەمانە بوو کە شەڕە بتڵى ئاوى تێدا دەکرا، ئەنجامەکەى ئەوە بوو تاوەکو ئێستا.

ــ باشە ئەوکات کێشە لەسەر دەسەڵاتەکانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بوو، یان لەسەر شێوازى سیستەمى حکوومڕانیى هەرێمى کوردستان بوو، بەتایبەتى زۆرى یەکێتى و گۆڕان پیداگیریان دەکرد، پێتوایە دیسان ئەو ڕێگرییە دروست بێتەوە، ئایا دیسان سەرۆکى هەرێمى لە پەرلەکان هەڵبژێردرێتەوە یان  لە ناو خەڵک، ئایا سیستەمەکە دیموکراتى بێ یان سیستەمێکى پەرلەمانى یاخود سەرۆکایەتیى بێ؟

محەممەدى حاجى محمود: ڕەنگەش ئەوەش هەبێ، بەڵام بە بۆچوونى من کاتێ خۆشى پێم باش بوو سیستەمەکە سیستەمێکى پەرلەمانى بێ، بەڵام ئەگەر سەرۆکى هەرێم لە ناو میللەت هەڵنەبژێردرێت و سەرۆکى هەرێم ئەو (111) کەسەى ناو پەرلەمان هەڵیبژێرێت هیچ دەسەڵاتێکى نابێ و هیچى پێ ناکرێ، هەر ڕۆژ بیانەوێ لایدەبەن.

ــ بەڵام ئێستا بەپێى دواین ڕێکەوتنى بەتایبەتى گۆڕان و پارتى و یەکێتى، سەرۆکى هەرێم لە ناو پەرلەمان هەڵدەبژێردرێ بەپێى ڕێککەوتنى لایەنە سیاسییەکان خۆیان، وە سەرۆکى ئێستاى هەرێمى کوردستان هەمان دەسەڵاتەکانى سەرۆکى هەرێمى پێشووى هەیە، هیچ لە دەسەڵاتەکان نەگۆڕانەوە؟

محەممەدى حاجى محمود: تۆ دووس ێ ملیۆن هاووڵاتى دەنگت پێ بدات گرنگە بۆ سەرۆکى هەرێمى کوردستان یان (110) کەس دەنگت پێ بدات، ڕەنگە (110) کەسەکە هى بەشێکى خەڵکى کوردستان بێ، واتە ئەو کاتە حیزبەکان دەنگى دەدەنێ، میللەتەکە دەنگى پێ نادەن، تۆ زوڵم لە میللەتەکە دەکەى، میللەتێک بیەوێ بۆ خۆى سەرۆکێک هەڵبژێرێ دەبێ میللەت دەنگى پێ بدات، وە دیموکراتریشە، بەڵام کە تۆ بردتە ناو پەرلەمان تەنها یان یەکێتى یان پارتى دەردەچێ، بەڵام کەبردتە ناو خەڵک، جارى پێشوو هەژدە کەس خۆى کاندیدکردبوو بۆ پۆستى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، ئازادیى و دیمورکراتییەکە زیاترە، وە زووڵم لە خەڵک ناکەى، خەڵک دەنگى خۆى دەدات بە ئارەزووى خۆى، بەڵام کە تۆ بردتە ناو پەرلەمان ڕەنگە تۆ مۆنۆپۆلت کردووە بۆ دوو حیزب. 

سەرچاوە: رووداو

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە