داوا لە وەزارەتی پەروەردەی تورکیا دەکرێت زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمیی خوێندن تورکیە
بە مەبەستی زیادکردنی هەردوو زاری (کرمانجی و سۆرانی)ی زمانی کوردی لە خوێندنی فەرمی وڵاتی تورکیا، دەمپارتی و لایەنە کوردییەکان ڕێپێوانێک لەبەردەم وەزارەتی پەروەردەی تورکیا ڕێکدەخەن و چەند شانۆیەکیش بە کوردی پێشکەش دەکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (2026/5/14) پلاتفۆرمی دامەزراوە دیموکراتییەکان لە وڵاتی تورکیا ڕایگەیاند، بەیانیی هەینی (15)ی ئایاری (2026) کاتژمێر (5) ڕێپێوانێک بە دروشمی پێگە بۆ زمانی کوردی و خوێندن بە زمانی دایک ڕێکدەخرێت و ڕێپێوانەکە لەبەردەم کۆمەڵەی زمان و کولتوور و هونەریی (ئانکا) لە ناوچەی چانکایا دەستپێدەکات، بەشداربووان تا بەردەم باڵەخانەی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا دەچن و لەوێ کۆتایی دێت. بڕیاریشە جگە لە ڕێپێوان چەند چالاکییەکی کولتووری و هونەری بکرێن. لە شانۆی نێرگز لە ناوچەی کزڵئای، هەریەک لە (کۆما ئەنادۆڵ) و کۆرسی منداڵانی ئەنادۆڵ کۆنسێرتێک پێشکێش دەکرێت و گرووپی منداڵانی کۆمەڵەی (ئانکا) شانۆگەرییەک بە زمانی کوردی نمایش دەکەن.

بە گوێرەی زانیارییەکان هەموو ساڵێک لە ڕۆژی (15)ی ئایار، جەژنی زمانی کوردی لە باکووری کوردستان و ناوچە جیاوازەکان پیرۆز دەکرێت، لە سەرەتادا ئەم ڕێککەوتە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1932)، کاتێک جەلادەت عالی بەدرخان یەکەم ژمارەی گۆڤاری "هاوار"ی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا بە پیتی لاتینی بڵاوکردەوە، بۆیە لە ساڵی (2006)ەوە لەسەر داوای پسپۆڕانی زمان، ئەم ڕۆژە بە فەرمی وەک جەژنی زمانی کوردی دیاریکراوە، چونکە لە وەزارەتی پەروەردەی ئەم وڵاتە زمانی تورکی تاکە زمانی فەرمییە، تەنیا لە ساڵی (2012)ەوە زمانی کوردی (بە هەردوو زاراوەی کرمانجی و زازاکی) وەک وانەی بژاردە بۆ پۆلەکانی (5، 6، 7 و 8) زیاد کراوە. 

هاوکات لە ساڵی خوێندنی (2025-2026) لە تورکیا و باکووری کوردستان، نزیکەی (59) هەزار و (362) قوتابی وانەی کوردییان هەڵبژاردبوو. هەرچەندە چالاکڤانانی زمانی کوردی داوا لە خێزانەکان دەکەن سوود لەو وانە بژاردەیە وەربگرن، بەڵام دەمپارتی و لایەنە کوردییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە تەنیا "وانەی بژاردە" بەس نییە و پێویستە زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمیی خوێندن لە قوتابخانەکاندا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین