کوڕی پارێزگاری دێرسیم لە دۆسیەی کوشتنی کچە کوردێک تێوەدەگلێت ئافرەتان

نوچە نێت:

دوای تێپەڕینی (6) ساڵ لە کوشتنی کچە کوردێکی خەڵکی دێرسیم، دادگای تورکیا تا ئێستا (15) کەسی بە تۆمەتی تێوەگلان لەم دۆسییەیە دەستگیر کردووە، کە تونجای سۆنێل پارێزگاری ئەوکاتەی شاری دێرسیمیش یەکێکە لەوانەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە.

ڕۆژی شەممە (23/5/2026) ئوموت ئاڵتاش تۆمەتبارێکی دیکەی دۆسییەکەی گوڵستان دۆکو، کچە کوردە بێسەروشوێنەکەی دێرسمی باکووری کوردستان لەلایەن داواکاری گشتییەوە خرایە لیستی سووری داواکراوان و لە ئەمریکا دەستگیرکرا و بڕیارە بگەڕێندرێتەوە تورکیا. بەپێی بەدواداچوونەکان تۆمەتبارەکە دانی بەوەدا ناوە کە تورکای سۆنێل، کوڕی تونجای سۆنێل، پارێزگاری پێشووی دێرسم تاوانەکەی کردووە، بۆیە لەم ماوەیەی کە لە ئەمەریکا بووە چەند جارێک لەگەڵ سۆنێل بە تەلەفۆن پەیوەندییان هەبووە. 

گوڵستان دۆکوی ئەو کچە کوردە خوێندکارەیە کە تەمەنی (21) ساڵە و خوێندکاری قۆناغی دووەمی زانکۆی مونزوری دێرسیمی باکووری کوردستانە و ڕۆژی (5/1/2020) لە بەشی ناوخۆیی زانکۆکەی چووە دەرەوە و ئیدی نەگەڕایەوە. خێزانەکەی کە نیشتەجێی ئامەدن، چوونە دێرسم و لایەنە ئەمنییەکانیان ئاگادارکردنەوە، لێرەوە بە گوێرەی بەدواداچوونەکان دەرکەوتووە کە مۆبایلەکەی گوڵستان دواجار لەسەر پردی (ساری ساڵتوک) لەسەر بەنداوی ئوزونچایر سیگناڵی داوە و دوای پەیوەندییەکی چوار خولەکی، لە کاتژمێر (4:26)ی ئێوارەی ئەو رۆژەوە مۆبایلەکەی کوژاوەتەوە.

بەم پێیە عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا لە نیسانی (2025) فەرمانی بە لێکۆڵینەوە لەگەڵ تونجای سۆنێل کرد کە پارێزگاری پێشووی دێرسم بوو، تۆمەتباری کرد بەوەی کە لەو کاتەدا پارێزگاری دێرسم بووە و هەوڵی شاردنەوەی ڕاستییەکانی ڕووداوەکەیان داوە و ڕێگرییان لەوە کردووە کە کارەکان بە دادپەروەری بچنە پێش.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین