زیاتر لە (15) هەزار حاڵەتی جیابوونەوە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا ئافرەتان

نوچە نێت:

ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێم ئاماری (17) ساڵی پڕۆسەی هاوسەرگیری و جیابوونەوەی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و کە لەم ماوەیەدا بە کۆی گشتی (812) هەزار و (238) گرێبەستی هاوسەرگیری ئەنجامدراون، لە بەرامبەردا (157) هەزار و (736) جیابوونەوە ڕوویانداوە.

ڕۆژی پێنجشەممە (22/10/2026) ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ماوەی (17) ساڵی رابردوودا (2009 تاوەکو 2025)، زیاتر لە (812) هەزار گرێبەستی هاوسەرگیری و نزیکەی (158) هەزار جیابوونەوە لە دادگەکان تۆمار کراون و ساڵی (2025) بە تۆمارکردنی (61) هەزار و (328) گرێبەستی هاوژینی و (15) هەزار و (826) جیابوونەوە، ڕیکۆردی بەرزترین ئاستی لە هەردوو بوارەکەدا لە مێژووی هەرێمی کوردستاندا شکاندووە.

بەپێی ئامارەکە لەم ماوەیەدا کۆی گشتیی (812) هەزار و (238) گرێبەستی هاوسەرگیری ئەنجامدراون، لە بەرامبەردا (157) هەزار و (736) جیابوونەوە ڕوویانداوە؛ ئەمەش بەو مانایەیە، کە بە تێکڕا لە بەرامبەر هەر پێنج هاوژینییەکدا، یەک جیابوونەوە تۆمار کراوە.

هاوکات وەک لەم ئامارەدا دەردەکەوێت پێکهێنانی ژیانی هاوژینی راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە دۆخی ئابووری و تەناهیی هەرێمی کوردستانەوە، بۆ نموونە کەمترین ئاست لە ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیە ساڵی (2016) تۆمار کراوە، کە تەنیا (32) هەزار و (625) گرێبەستی هاوسەرگیری بووە، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ سەختیی شەڕی داعش و لووتکەی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستاندا. هەروەها بەرزترین ئاستیش ساڵی (2025) بووە بە (61) هەزار و (328) گرێبەستی هاوسەرگیری. 

ئەو گرێبەستە هاوسەرگیرییانەی بۆ ساڵی (2025) کراون و بەگوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیەن، هەولێر (19) هەزار و (620) مامەڵە، سلێمانی (25) هەزار و (678) مامەڵە، ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان سێ هەزار و (66) مامەڵە، دهۆک (12) هەزار و (955) مامەڵە ئەنجام دراون. 

ئاماری جیابوونەوەش بۆ ساڵی (2025) بە گوێرەی پارێزگایەکان بەم شێوەیەن، پارێزگای هەولێر (7113) جیابوونەوە، پارێزگای سلێمانی (5369) جیابوونەوە، ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان (990) جیابوونەوە، پارێزگای دهۆک (2354) جیابوونەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین