كازمى و رۆحانى تاوتوێى تیرۆر و سووتاندنى كونسولخانه‌كه‌ى ئێران ده‌كه‌ن ئێران

نوچه‌نێت

حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢ی ئایاری ٢٠٢١، لە میانەی گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق وێرای پیرۆزبایی جه‌ژنی ڕەمەزان لە حکومەت و گەلی عێراق، گوتی: "ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش هێشتا مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچە و پێویستە تاران و بەغدا بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو گرووپە تیرۆریستییە هاوکاری بکەن".

بەگوێرەی هەواڵێکی "تۆڕی هەواڵنێری خەبەر"، سەرۆک کۆماری ئێران وێرای دەربڕینی نیگەرانی لە پەلاماردانی کۆنسولخانەی ئێران لە عێراق لەلایەن چەند کەسێکەوە، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە حکومەتی عێراق بە خێرایی کاردانەوەی بێت و هەڵوێست بنوێنێت.

ڕۆحانی وێرای ئاماژەکردن بەوەی کە ئەمریکا لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریزم سیاسەتی دووفاقی هەیە، گوتی، "ئەمریکییەکان بەردەوام ڕۆڵی تێکدەرانەیان لە ناوچە هەبووە و هەبوونیان لە عێراقدا یارمەتی سەقامگیری و ئاسایشی ئەو وڵاتە نادات".

ڕۆحانی وێرای پشتیوانیکردن لە ئامادەبوونی عێراق وەک وڵاتێکی سەرەکی یەکێتی عەرەب لە پەیوەندییەکانی ناوچەدا، پێشوازی لە ڕۆڵی ئەرێنی بەغدا لە نێوەندگیری بە مەبەستی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتانی ناوچە کرد.

ڕۆحانی وێرای پێشوازی لە هەڵویستی عێراق سەبارەت بە فەلەستین و ئیدانەکردنی تاوانەکانی ئیسرائیل لە غەزە، جەختی کردەوە: چاوەڕوانین عێراق بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێگەیە لە یەکێتی عەرەب هەیەتی، بۆ چالاکترکردنی ئەو یەکێتییە سەبارەت بە پرسی فەلەستین هەوڵ بدات.

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لەو گفتوگۆ تەلەفۆنییەدا، وێرای پێرۆزبایی جه‌ژنی ڕەمەزان لە حکومەت و گەلی ئێران، ئیدانەی تاوانەکانی ئیسرائیل و کوشتنی خەڵکی فەلەستینی کرد و جەختی لەسەر ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو تاوانانە کردەوە و گوتی: لە گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکانی وڵاتانی ئیسلامیی و یەکێتی عەرەب بێ گومان هەڵوێستێکی بەبڕشت و توند دەگرینە بەر.

هەروەها مستەفا کازمی جەختی لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی جدی لەگەڵ کردەوە تیرۆریستییەکانی داعش لە ناوچەکە کردەوە و سپاسی ئێرانی کرد بۆ هاوکاریکردنی عێراق لەو بوارەدا.

سەرۆک وەزیرانی عێراق وێرای جەختکردنەوە لەسەر پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و تاران، ئاماژەی بە پەسەندکردنی گەڵاڵەی درووستکردنی هێڵی ئاسنینی بەسرە- شەلەمچە لە کابینەکەیدا کردەوە و ڕایگەیاند: ئەو پرۆژە گرنگە ئێستا کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن.

کازمی وێرانی دەربڕینی نیگەرانی و داوای لێبووردن بە هۆی ئەوەی چەند کەسێک لەم دواییانەدا پەلاماری کۆنسولخانەی ئێرانیان لە وڵاتەکەیدا دا، جەختی کردەوە سەرقاڵی لیكۆڵینەوە سەبارەت بەو بابەتەن و بێ گومان ئەنجامدەرانی ئەو پەلامارە بە توندی سزا دەدرێن.

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین